وڵات لە نێوان خەبات و خیانەت

شێرکۆ حەبیب

دەڵێن کاتێک شورەی چینی مەزنیان بونیاد نا بۆ ئەوە بووە کەوا دوژمن نەتوانێ ئەو وڵاتە داگیر بکات، بۆیە ئەو شورەیەیان لە چوار دەوری بۆ دروستکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر داگیر کرا بە هۆی خیانەتی ناوخۆ، لێرە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ ئەگەر وڵات بە شورەیەکی پۆڵاینی وەک چین دەوران بدەی هەرگیز ڕێگا لە دوژمن ناگریت ئەگەر لە نێوخۆدا خاین هەبێت، گرنگە بەر لە دروستکردنی شورەیەک لەو چەشنە، ناوخۆی هەر وڵاتێک لە خاین و خۆفرۆشان پاک بکرێتەوە ئەو سا بە بێ شورەش وڵات پارێزراو دەبێت.
ئێمەی میللەتی کورد ساڵەهای ساڵە نەیار و دوژمنان هێرش دەکەنە سەر وڵاتەکەمان و داگیری دەکەن و دڕنداترین شێوازی تاوان بەرامبەر هاووڵاتیان و خاکمان ئەنجام دەدەن، هەڵبەتە هۆکارەکەشی ئەوانەن کە بوونەتە کەوا سووری بەر لەشکر، ئەمڕۆ هەرێمێکی ئارام و ئاوەدان بەرقەرارە هەر چەندە هەموو خاکی کوردستان لە خۆ ناگرێت، بەڵام تا ڕادەیەک سەربەخۆیی پێوە دیارە، ئەوەی جێگای داخە لێرە و لەوێ هەندێ بەنێوی ئۆپۆزسیۆن خەریکە لە گەڵ نەیاران ئەم ئەزموونە لە بار ببەن و ئەوەی لە توانیان بووە کردوویانە، بەڵام ئیرادەی دڵسۆزان و تێکۆشەران لە پلان و خەونی دوژمنان بەهێزترە، بەداخەوە ئەو جۆرە کەس و لایانە پەند و وانە لە ڕابردوو وەرناگرن کە یەک دەنگی کورد زامنی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانە.
دەگێڕنەوە دەڵێن؛ پادشای وڵاتێک ویستی وڵاتێکی نزیکی خۆی داگیر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش لەشکرێکی مەزنی ئامادە کرد و بەرە و ئەو وڵاتە ڕەوانەی کرد، هەر ساتەوەختی لەشکرەکە گەیشتە قەراغی شارێک لەو وڵاتە سوپاکەیان نیشتەجێ کرد و سەرۆک لەشکر و هەندێ پاسەوانی بەرەو ئاوایی بەڕێ کەوتن، کە نزیک ئاوایی بوونەوە چاویان بە کەسێکی تەمەندار و مێرد منداڵێک کەوت، کاتێک ڕووبەرڕووی یەکدی بوونەوە سەرۆک لەشکرەکە لێیانی پرسی بنکەی سەرباز و لەشکرتان لە کوێیە و چەند سەرباز و جۆری چەکەکانیان چییە، کابرای بەتەمەن دەڵێن سەیری سەرۆک لەشکر و مێرد منداڵەکەی کرد، گوتی بەمەرج پێت دەڵێم ئەویش سەری ئەو مێردمنداڵە بپەڕێنی واتە بیکوژی، سەرۆک لەشکر بێ یەک دوو مێرد منداڵەکەی سەر بڕی ڕووی لە کابرا کرد لەساتێک لاشەی مێردمنداڵەکەی لە ئامێز کردبوو و لەگەڵ خوێن تێکەڵ بوو، بە سەر لەشکرەکەی گوت ئەوەی سەرت بڕی کوڕم بوو و تاقانە بوو، بەڵام کە داوام لێکردی بیکوژی بۆ ئەوە بوو نەوەک من بکوژن لە پێش ئەو و ئەویش منداڵە نهینیەکان بدرکێنێ، بەڵام ئیستا دەتوانی منیش بکوژی و یەک زانیاریت پێ نادەم و کوڕەکەم کردە قوربانی خاک و وڵات و ئامادەین هەموومان هەمان چارەنووسمان هەبێ، دەڵێن سەرۆک لەشکر سەری سوڕما و یەکسەر گەڕایەوە لای پادشا و ئەوەی ڕوویدا بۆی گێڕایەوە، پادشا ئەمری کرد هێزەکەی بگەڕێتەوە و گوتی “ئەگەر توانیتان ئەو وڵاتە داگیر بکەن، مەحاڵە بتوانن لەوێ بمێننەوە بۆیە بگەڕێنەوە و بیر لە داگیرکردنی مەکەنەوە”.
ئەگەر لە نێو ئێمەش خاکفرۆشی و خیانەت نەبووایە ئیستا دەوڵەت بووین و دوژمن ئەو توانای نەبوو خاکمان داگیر بکات، چونکە کەسانی وەک ئەو مرۆڤە مەزنەمان هەیە لە پێناو خاک و وڵات تاقانەکەی کردە قوربانی و خەبات دەکەن لە پێناو میللەت و خاک و وڵات.

ھەواڵی زیاتر