دوا چاره‌كی ته‌مه‌ن

وەرگێڕانی له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی

زانای كۆمه‌ڵناسی به‌ناوبانگی سویدی پێر یۆهانسن، مامۆستای كۆمه‌ڵناسیی زانكۆی ستۆكهۆڵم، ئه‌م وتاره‌ نایابه‌ی بۆ به‌ته‌مه‌نه كان نووسیووه‌، تێیدا باسی ته‌جره‌به‌ی كه‌سێنی خۆی ده‌كات پاش ئه‌وه‌ی خانه‌نشین بووه.

‌تا دوێنێ منداڵێكی چكۆلانه‌ بووم، ئێستا پرسیار ده‌كه‌م باشه‌ ئه‌و ساڵانه‌ی ته‌مه‌ن بۆ كوێ چوون؟
ده‌زانم ژیانێكم به‌سه‌ر بردووه‌، هه‌ندێك له‌ هیوا و خه‌ونه‌كانیشمم له‌بیره‌. به‌ڵام له‌ناكاو ده‌ركم كرد وا له‌ دوا چاره‌كی ته‌مه‌ندا ده‌ژیم، سه‌رم سوڕما.
ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ بۆ كوێ ڕۆیشتن!؟
گه‌نجێتیم، كه‌ی و بۆ كوێ چوو!؟
كاتێك له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می كاروانی ته‌مه‌ندا بووم، دوا چاره‌كی ته‌مه‌ن هێنده‌ لێم دوور بوو، هه‌رگیز بیرم له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ ئاخۆ دوا چاره‌كی ته‌مه‌ن چۆن ده‌بێت.
به‌ڵام. ئه‌وا دوا چاره‌كی ته‌مه‌ن ده‌رگای شكاند و هاته‌ ژووره‌وه‌ و گه‌نجێتیمی برد.
براده‌ره‌كانم خانه‌نشین و پیر بوون، داره‌داره‌ ده‌ڕۆن، گوێیان گران بووه‌، به‌ زه‌حمه‌ت له‌ شته‌كان تێده‌گه‌ن. حاڵی هه‌ندێكیان له‌ من باشتر و هه‌ندێكی تریان خراپتره‌. وه‌لێ سه‌روسیمایان ده‌بینم چه‌ند گۆڕاوه‌. قه‌ت له‌و كه‌سانه‌ ناچن كه‌ شێوه‌یانم له‌بیره‌.
ئێمه‌ ئێستا ئه‌و كه‌سانه‌ین(به‌ته‌مه‌نه‌كان) كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌مانبینین و هه‌رگیز به‌ خه‌یاڵماندا نه‌ده‌هات ڕۆژێك وه‌ك ئه‌وانمان لێدێت.
ئه‌مڕۆ، به‌ عه‌زره‌ته‌وه‌ین دوشێك بكه‌ین. چیتر سه‌رخه‌وشكاندن به‌ ده‌ست خۆمان نیه‌. به‌زۆره‌!!، ئاخر ئه‌گه‌ر به‌ ویستی خۆم سه‌رخه‌وێك نه‌شكێنم، كاتێك ده‌زانم به‌ دانیشتنه‌وه‌ خه‌و بردوومیه‌ته‌وه‌.
ئا به‌م شێوه‌یه‌، ده‌چمه‌ نێو وه‌رزی نوێی ژیانمه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی خۆم بۆ ژان و ئازاره‌كانی ئاماده‌ كردبێت، توانای ئه‌نجامدانی ئه‌و شتانه‌م نه‌ماوه‌ كه‌ به‌ عه‌زره‌ته‌وه‌ بووم ئه‌نجامیان بده‌م و هه‌رگیز ئه‌نجامم نه‌دان.
ئای چه‌ند له‌ هه‌ندێك شت په‌شیمانم، چه‌ند په‌شیمانم كه‌ هه‌ندێك شتم نه‌كردوون و ده‌بووایه‌ بیانكه‌م، ئه‌و شتانه‌شم باش له‌بیره‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نی بابردوومدا، به‌ ئه‌نجامدانیان خۆشحاڵ بووم.
بۆیه‌.. ئه‌گه‌ر تۆ هێشتا نه‌گه‌یشتوویته‌ دوا چاره‌كی ته‌مه‌نت، با بیرت بخه‌مه‌وه‌، زۆر خێراتر له‌وه‌ی پێشبینی ده‌كه‌یت، یه‌خه‌ت ده‌گرێت، له‌به‌رئه‌وه‌، حه‌زت له‌ چیه‌ خێرا ئه‌نجامی بده‌. ئه‌مڕۆ بیكه‌، ئێستێ بیكه‌، ڕۆژه‌كانت به‌ خۆشی به‌سه‌ربه‌ره‌، چێژ له‌ ڕۆژه‌كانت وه‌رگره‌، ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ پێی دڵخۆشیت، به‌خته‌وه‌ر به‌.
بیرت بێت “ته‌ندروستی”، سامانی ڕاسته‌قینه‌یه‌، نه‌ك زێڕ و ئه‌ڵماس و كۆشك و ته‌لاری به‌رز.
پێویسته‌ بزانیت و باشتر وایه‌ بیر له‌م شتانه‌ بكه‌یته‌وه‌:
چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ماڵ باشه‌، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ باشتره‌.
ده‌زانم ناوه‌كانت بیر ده‌چێته‌وه‌، گوێ مه‌ده‌رێ. چوونكه‌ هه‌ندێك كه‌س تۆیان هه‌ر بیرچووه‌ته‌وه‌.
ئه‌و شتانه‌ی لێیان ڕاهاتبوویت. له‌مه‌ودوا بایه‌خیان پێناده‌یت.
له‌سه‌ر ئه‌م قه‌نه‌فه‌ و ئه‌و كورسی به‌ دیار ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه‌ خه‌وت لێده‌كه‌وێت، خه‌وكه‌ت له‌ خه‌وی سه‌ر جێگه‌كه‌ت خۆشتره‌.
زۆر ئه‌م وشه‌ كورتانه‌ به‌كاردێنیت، وه‌ك: (به‌ڵێ، نه‌خێر، چی؟، كه‌ی؟).
حه‌سره‌ت بۆ جلوبه‌رگه‌ زۆره‌كانی نێو كه‌نتۆره‌كه‌ت هه‌ڵده‌كێشی كه‌ نیوه‌یانت هه‌ر له‌به‌ر نه‌كردووه‌.
هه‌موو شته‌ كۆنه‌كانی ژیانت به‌لاوه‌ به‌ به‌هاتر ده‌بێت، وه‌ك: گۆرانی و فیلمه‌ كۆنه‌كان، خواردنی ساڵوعه‌یامان، براده‌ره‌كانی منداڵیت.ە
له‌ كۆتاییدا: به‌ ته‌واوی دڵنیاین كه‌ ناتوانین كات بۆ ژیانمان زیاد بكه‌ین، وه‌لێ ده‌توانین ژیان بۆ كاته‌كانمان زیاد بكه‌ین.

-وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: سالم غیرسدی
-سه‌رچاوه‌: تۆبۆپۆست