بایەعییەكەی حیزبەكان و سەربەخۆییەكەی مەسعود بارزانی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

پێویستە لەئێستاوە دیراسەیەكی ڕەخنەگرانە و وردی ئەقڵی سیاسی كورد بكەین. پێویستە زانكۆكان و ئەكادیمیاكان و، نوسەران و بیرمەندانی ئەم نەتەوەیە، سڵ نەكەنەوە لەوەی قسە لەسەر ئەقڵی سیاسی كورد بكەن.. پرسیاری جەوهەری بەرهەمبهێنن و، بەدوای ئەو وەڵامانەدا بگەڕێن كە ساڵانێكە كوردیان یەخسیری دوژمنان كردووە.
ئێمە بۆچی فیكری سیاسیمان نیە؟ بۆچی ئەقڵی سیاسیمان زۆر بچوكە و، باشترین سیاسی ئێمە ناتوانێت لەسنوری شارەكەی خۆی زیاتر ببینێت؟ بۆچی ئەقڵی سیاسی و دنیابینی حیزبی كوردی نەیتوانیوە خەڵك ڕابهێنێت لەسەر پرسیارە هەر جەوهەری وئایندەییەكان؟ ئێمە چی بكەین بۆ ئەوەی گەشە بەئەقڵی سیاسی كوردی بدەین و لەپرسیارە گرنگەكانی سیاسەتی سەردەم تێبگات و هەوڵ بدات وەڵامیان بداتەوە؟ بۆچی مرۆڤی كورد لەسەر بستێك زەوی خۆی، ئامادەیە برای هەقی خۆی بكوژێت؟ بەڵام بۆچی بۆ داگیركرانی نیشتمانەكەی مویەك لە جەستەی نابزوێت؟ بۆچی پێی وایە سیاسەت و حوكمڕانی كاتێك دروست و ڕەشیدن كە سودیان بۆخۆی هەبێت؟ كاتێك حكومەت باشە كە خۆی و كەسەكانی خۆی دابمەزرێن و مووچەیان بدرێتی و دەوام نەكەن و، سەرباری ئەوەش هەر مووچەیان مسۆگەر بێت؟ بۆچی تەنها و تەنها بیر لەخۆی دەكاتەوە؟ بۆچی هەرگیز بیر لە خەمە گشتییەكانی نەتەوە ناكەینەوە؟ بۆچی پێمان وایە دنیا وێران ببێت، كێشە نیە ئەگەر خۆم نەگرێتەوە؟ كەی خەمی گشتی و ئایندەی نەتەوە دەبێتە خەمی تاكی كورد؟.
ئەقڵی سیاسی كورد كەی لە پەتای لۆكاڵی بوون دەرباز دەبێت؟ كەی دێتە سەر ڕێڕەوی بایەخدان بە ماناگرنگەكانی سیاسەت و دەوڵەتداری؟.
لەسەردەمی ڕیفراندۆمدا، زۆرترین ڕەخنەكانی تاك و حیزبی كوردی لەپرۆسەی ڕیفراندۆم ئەوەبوو گوایە سنورەكانمان لێدادەخەن و، بایەعییەكە دەبڕن و دەمرین لەبرسا؟ بۆچی ئەو مانا زاتییە هەمیشە ئامادەیی هەبوو؟ بۆچی تەنانەت لەڕەخنەگرتن لە ڕیفراندۆم، باسی خەمێكی گەورەی جەوهەری نەكرا؟ بۆچی توخنی حوكمی ڕەشید نەكەوتن؟ بۆچی هانی هاووڵاتیی دڵسافیان دەدا بەزمانی سادەی خۆی ڕەخنە بگرێت و ترسی خۆی دەرببڕیت و بڵێت یابەعییەكە دەبڕن! ئیتر سەربەخۆییم بۆچییە؟ ئەگەر سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، فڵان كەس دەچێتە فڵان پۆست، ئیتر من سەربەخۆییم ناوێت؟ ئەگەر مەسعود بارزانی سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، من سەربەخۆییم ناوێت!..
ڕەخنەكە قبوڵ دەبوو ئەگەر پاساوەكەی مەسەلەیەكی گشتی و جەوهەری بێت، نەك بكرێتە پرسێكی شەخسی و بەزمانێكی لۆكاڵی و سادە و بەبەهانەی منداڵانە ڕەخنە لەپرۆسەكە بگیرێت. یاخود ڕەخنەگرتن لەگەندەڵییەكانی دامەزراوەكانی حكومەت قبوڵە، بەڵام نەك ڕەخنە بگریت لە داخی ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەو حكومەتەیە.
ئەقڵی سیاسی كورد بەم قەبارە بچوكەوە دەیەوێت بگاتە كوێ و چۆن توخنی پرۆسە مرۆییە گەورەكان و ڕێكخستنی كۆمەڵگە و گەشەی بەردەوام و حوكمی ڕەشید بكەوێت؟ باشە ئەقڵێك كە هەر ئەم دیوی پردە دوو مەترییەكەی شارۆچكەكەی خۆی دەبینێت، چۆن دەتوانێت شەڕی ئایندەیەكی گەورە بۆ كورد بكات؟ چۆن دڵنیابین دەتوانێت جڵەوی شەڕە گەورەكەی سەربەخۆیی لەمەسعود بارزانی وەردەگرێت؟ چۆن دەتوانێت بەو باكگراوندە بچكەڵەوە بێتە مەیدانی شەڕە مرۆییە گەورەكانی سەدە، شەڕی سەربەخۆبوونی ئەم نەتەوەیە!.