حەجکردنی بە قاچاغ و فێڵیان نائاسایی و نافەرمی

نەسرەدین سەیدا

ئەگەر موسڵمانیت بیخوێنەوە، زانیاری شەرعی و ڕا و تێگەیشتن و باوەڕت لەو بارەیە لە کۆمێنت بنووسە، بەڵکوو موسڵمانان سوودی لێ ببینن. جزاك الله خیرا، بۆ ئەوەکەسەی بەشداری دەکات.
ئەم ساڵ نزیکەی (دە بۆ پازدە کەس) لە ناسیاو و دەر و دراوسێکانم بە(ڤیزای گەشتیاری یەک ساڵی) وەکوو خەڵکانی تر خۆیان گەیاندۆتە وڵاتی سعودیە و بەنیازبوون (حەجی ڕوکن و فەرز و واجبی شەرعی) ئەنجام بدەن. ماڵیان ئاوا کە پێشتر بەمنیشیان گوتبوو، داوایان کرد کە ئەو سەفەرەیان لەگەڵدا بکەم.
بەڵام من پرسیاری لایەنی شەرعی ودروست و نادروستی ئەو ڕێگایەی (ڤیزەی بەناوی گەشتیاری وەربگرم) و حەجی پێ بکەم، کە ئەمساڵ ئەوە زۆر کراوە. لە مامۆستایەکی بەڕێزی شارەزای ئاینیم کرد، کە تەمەنێکە تێکەلیم لەگەڵی هەیە، هیچ ئاڕاستە و ئایدۆلۆژیای سیاسی و مەزهەبی نیە و موسڵمانە و بەپێی قورئان و حەدیس دەژیت و کار دەکات و وتار و فەتوا دەدات. لەوەڵامدا پێی گووتم: وامەکە و بەو ڕێگەیە مەچوو، ئەگەر توانای داراییت هەیە، ئەوا هەوڵی ڕێگەی دروست بدە و خودا ئاگای لە نیەت و مەبەستی تۆ هەیە. بەڵام بۆ قبوڵ بوون و قبووڵ نەبوونی حەجەکە، ئەویان لەلای خودایە و کەسمان نازانین خودا حەجی کێ قبوڵ دەکات و هی کێ قبوڵ ناکات.
بەڵام بۆ ئەو سەفەرە فەڕز و پیرۆزە، تێکەڵی بیر و هەڵوێستی دەمارگیرانەی ئەحزابە ئیسلامیە سیاسیەکانی جیهان و جەماعەت و ڕەوتە فیکری و مەزهەبیەکان مەبە، وتار و فەتوا (تووند و رقنەکان)ـی ئەوان کاریشت تێنەکات و ببێتە پاڵنەر و هاندەرت بۆ ئەو کارە.
چوونکە پێویست ئەو ڕاستییە بزانیت، لە دونیای ئەو سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین، ئیدارەدانی دەوڵەت هەیە، ژمارەی دانیشتووانی جیهان واتە مرۆڤ زۆر زۆر بووە، ئەوەش ڕێکخستنی دەوێت، واتە بۆ ئەوەی ژیان بە هەڕەمەکی نەبێت و کێشە و پشێوی کەمبێتەوە بۆ هەر پارچە جوگرافیایەکی نیشتمانێک.. نەخشە و سنوور و یاسا و ڕێسا هەیە. بۆ چوونە ناو دەوڵەتی سعودیاش سەرپێچی کردن و سەرکێشی کردنت و فێڵ و هەر نیازێکی پێچەوانەی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانیان، بەئاسانی لێتی قبوڵ ناکەن و سزات دەدەن، سزاکەشیان هەر چۆنێک بێت دەبێتە هۆی ئازاردانت، جا جەستەیی بێت یان دەروونیت یان ماددی یاخود یاسایی. بەوەش مەتریسی دەکەوێتە سەرت و لەو بارەش خۆ پاراستن ئەرکی شەرعیە، نەوەک خۆ خستنە هیلاکەت و ئازار و زەحمەتی، چووەنکە ڕێگای دروست و سەلامەت و فەرمی هەیە کە دەتوانیت ئەو سەفەر و فەریزەیەی پێ ئەنجام بدەیت. کەواتە بۆ خوت دەخەیتە دۆخێکی وا؟! بەڵام دەبێت باوەڕت بە قسمەتی خودا هەبێت تا دەبێتە قسمەت و چاوەڕێی خودا بکە تا بۆت ئاسان بکات و بەقسمەتی بکات، ان شاءالله.
مامۆستا ڕوونتری کردەوە و فەرمووی: (بەیتی شەریف) کە (کەعبەی‌ پیرۆز)ی تێدایە و (چوونە حەڕەم و تەوافی بەیت) ڕوکنی سەرەکی فەریزەی حەجن. بەیتیش لێژنەیەکی تایبەت لە زانا و شارەزایان لە ئاینی ئیسلام بەڕێوەبەرایەتی دەکەن کە سەر بە ئەوقافی وڵاتی سعودیانە. واتە ئەو ئیدارەیەی بەیت دەزانن ساڵانە چەند هەزار حەیجاج دەتوانن بەبێ کێشە و گرفت لە حەوشەی بەیتی کۆببنەوە وتەواف بکەن، بۆ دائیرە و سنووری کێوی عەرەفە و ڕەجمی شەیتانیش هەروا. چوونکە شوێنەکان بەپێی شەرع سنووردارن و نابێت لەدەرەوەی حەرەم تەواف بکرێت، لە ( ڕۆژی عەڕەفە) نابێت لەدەرەوەی دائیرەی کێوی عەڕەف ڕابووەستیت….هەتا دوایی، دەنا حەجەکەت دروست نیە و نابیتە حاجی. بۆیە ژمارەی ڕێگەپێدانی موسڵمانان ساڵانە بەپێی جێگا بوونەوەیان لە جێگاکانی واجب و سووننەتی حەج دیاری دەکرێت. بەپێی ژمارەی موسڵمانانی وڵاتانیش بۆ هەر وڵاتێک ژمارەیەک حەجاج دیاری دەکرێت. ئێ جادە و ڕێگاوبان و هاتوچۆ، پانتایی و مەجالی قەڵەباڵغیەکی دیاریکراوی هەیە. ناکرێت هەموو مرۆڤی دوونیا بەیەکەوە و لەیەک کاتدا لەوێ کۆببنەوە.
بۆیە خوت بەدوور بگرە لەو قسە و بیرکردنەوەی کەسانێک دەڵێن: هەموو خەڵک وا دەکەن. چوونکە ناکرێت ئەگەر خەڵک هەر چیان کرد، تۆ پەسەندی بکەیت وابکەیتەوە، ئاخر ئەگەر خەڵک چونە باڕ و ڕیبا و زینایان کرد… ناکرێت بەپاساوی هەموو خەڵک وا دەکات، منیش وادەکەم و فەتوا بۆ خۆت بدەیت.
یان کەسانێک پاساو دێننەوە و دەڵێن: خۆ کەعبە موڵکی کەس نیە. بەڵێ منیش دەزانم کەعبە موڵکی هیچ مرۆڤێک نیە و بۆ هەموو موسڵمانێکیش قیبلەیە. بەڵام وەک لەسەرتا گوتم ئێمە لەو سەردەمە دەژین کە دەوڵەت و نیشتمان و جوگرافیای دیاری کراو و تایبەت هەیە. مەککە و بەیت و کەعبە و کێوی عەڕەفە و هەموو ئەو شوێنانەی واجب و سونەتی فەریزەی حەجیان لێ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو سەردەمە لە چوارچێوەی سنوور و ئیدارەی دەوڵەتی سعودیانە. بۆیە ناکرێت بەبێ ڕێککەوتن و ڕەزامەندی سعودیا بچیت، چوونکە بەئاسانی بۆت ناچێتە سەر و خۆت دەخەیتە کێشە و گرفت و زەحمەتی، ئەوە واقیعەکەیە. دەوڵەتی سعودیا هەموو بەرپرسیاریەت و خزمەت کردن و خزمەت گوزاریەکانی بەیت و کەعبە و عەڕەفە و مینا و موزدەلیفە و پێشوازی فرۆکەخانەکان و بەڕێوەبردنی حەجاجان لە ئەستۆ دەگرێت، وەک تیمی تەندروستی و ئیسعاف و پاککردنەوەی بەیت و شوێنەکان و پاسەوانی و پاراستنیان و ئاسایش و ئارامی و سەلامەتی و چادر هەڵدان و… هەموو ئەو ڕێکارانەی کە پێویست بۆ حەجاجان و ئەوێ.
ئێ ناکرێت کە بەرپرسیاریەتی لەئەستۆی ئەوان بێت و تۆش بڵێیت من پابەندی یاسا و ڕێککارەکانی ئەوان نابم و فێڵی خۆم بەکاردێنم و دەڵێم: ڤیزەم بدەنێ دێمە وڵاتی سعودیا بۆ گەشت و گوزار و کات بەسەربردن، دوایش گەشتەکەم دەخەمە مەوسمی حەجێ و لەوێش بە فێڵ و پارێز خۆم دەخزێنمە ناو حەجاجان. ئێ ئەوە ڕاستگۆیی نیە و خیانەت کردنە لەو ڤیزەیەی کە بە متمانە و ئەمانەتەوە پێت دراوە. ئێ موسڵمانیش دەبێت ڕاستگۆبێت و نابێت فێڵ بکات و خیانەت لە ئەمانەت بکات. کەواتە ئەو کارە مەکە.

ھەواڵی زیاتر