هەڵسوکەوتی ژیرانە لەگەڵ کەرکووک

ئەسرین عاسی شوانی

کەرکووک ئەو شارە کوردستانیەیە،کە هەموو بەڵگە مێژووییە کۆنەکانی دۆست و نەیار ئاماژە بە کوردستانیەتی کەرکووک دەکەن، هەرچەندە کەرکووک بەهۆی گرنگی جیۆپۆلێتیکیەوە، هەر لەدێر زەمانەوە وەکو شارێکی فرە پێکهاتەیی و فرە مەزهەبی، بووە بە لانکەی خەڵکی شارەکە و هەمو پێکهاتەو ئاینزاکان وەکو خێزانێک لەشارەکە دەژین و خۆشیان دەوێ و بەرگری لێ دەکەن. بەڵام مێژوو سەلماندویەتی کە کەرکووک کوردستانیەو دەکەوێتە سنوری باشوری کوردستانەوە، هەڵبژاردنەکانیش گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن کە کورد لە کەرکووک لە هەڵبژاردنەکان دا زۆرترین دەنگی هێناوە، سەرەڕای تەعریبکردن و گۆڕینی باری دیموگرافی و ئەنتۆگرافی، بۆیە ئێستا دوور لە ویستی پێکهاتەکان بە مەبەستی سیاسی و ئەوانەی لە پشت پێکهاتەی شارەکەوەن، کێشە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگار دروست دەکەن، کە ئیستحقاقی هەڵبژاردن کورد براوەی یەکەمە و پێویستە پارێزگار کوردێکی ڕەسەن و دڵسۆزی خەڵکی شاری کەرکووک بێت و بتوانێ زۆرترین خزمەت بە خەڵکی کەرکووک بکات بە کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە، نەک کەسێکی حیزبی بێت و ئەجیندای حیزبەکەی لە پێشینەی کارەکانی بێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە کە کەرکووک پێویستی بە پێکەوەژیان و خزمەتکردنە نەک حیزبایەتی و جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە گرنگە پارێزگارێکی کورد کە جێی متمانەی هەموو لایەک لە پێکهاتەکان بێت و بێ لایەن بێ، ببێتە پارێزگاری کەرکووک بە مەرجێک کەسایەتیەک بێت خزمەتی دانیشتوانەکەی بکات.
لەڕاستیدا کەرکووک وەک چۆن دەچوێندرێ بە عێراقێکی بچوک و لە جیهانیش دا بە بەرمیلە باروت ناو زەد کراوە، پێویستە ژیرانە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت، کورد بەهەموو لایەنەکانیەوە، کوردایەتی لە کەرکووک بکات نەک حیزبایەتی و ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵکی شارەکەیە ئەوە بژاردەی ستراتیژی بێت، بۆیە بۆ دەستنیشانکردن و دانانی پارێزگاری کەرکووکیش دەبێ باشترین بژاردەی دانانی پارێزگارێکی کوردی بێ لایەنی جێ متمانەی هەموو لایەن و پێکهاتەکان بێت، بەو شێوەیە کورد گرەوی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەباتەوە.