هەندێك لە ئادابی قوربانی

عومەر چنگیانی

شازدەی ئەم مانگی حوزەیرانە دەکاتە دەی زولحیجەی ١٤٤٥کۆچیی و بەو پێیە بێت، گوڵخەرمانی ئەمڕۆمان دەكەوێتە پێش جەژنی قوربان بە چەند ڕۆژێکی کەم و بەس، بۆیە بە ئەركی دەزانم باسی ئادابی قوربانی بکەم، هەر لەسەرتایشەوە بە دووەم ئایەتی سورەتی”كەوسەر”دەست پێدەكەم كە ڕووی گوتاری دەكاتە خودی محەممەد پێغەمبەر – دروود و سلاوی خوای لەسەربێت – و پێی دەفەرمێت:
(نوێژ بکە بۆ پەروەردگارت و قوربانی بکە بۆی) و لە سی و شەش ھەمین ئایەتی سورەتی”حەج”یشدا دەفەرمێت:
(سەربڕینی ئاژەڵەکانی قوربانیمان کردووە بۆ ئێوە بە نیشانەی بە گەورەگرتنی کارە بەھادارەکانی خوا، کە ئەوقوربانیکردنەیش، سوود و قازانجی خۆتانی تێدایە). لێرەوە دەزانین، پێویستە بڕوادارلەوە ئاگاداربێت، کە قوربانیکردن سوونەتێکی زۆر گەورەی پێغەمبەرە– دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – و کەراھەتی ھەیە بۆ کەسێک بتوانێ بیکا و کەمتەرخەمی بکات، چونکە وەک ئیمامی بوخاری و موسلیم(ڕەحمەتی خوایان لێبێت) بۆمانی دەگێڕنەوە لە ئەنەسی کوری مالیکەوە(خوای لێ ڕأزی بێت)، کە پێغەمبەر – دروود و سلاوی خوای لەسەربێت – بۆخۆی: (بەدەستی پیرۆزی خۆی، دووبەرانی شاخداری تێر گۆشتی تێکسمڕاوی سەربڕی و لەکاتی سەربڕینەکەیدا بسم اللە و اللە اکبری کرد).
قوربانی بەچی دەکرێت؟
قوربانیکردن دەبێ بە ھەریەک لە چوارئاژەڵە سەرەکییەکە بێت، کە بریتین لە: حوشتر و مانگا و گا و چێل و بزن ومەڕ، ئەومەرجانەی، کە پێویستە لەوئاژەڵانەدا بێنە جێ، بریتییە لە ساغ و سڵامەتی، کە چوار مەرجی سەرەکین و لەفەرموودەیەکی پێغەمبەردا هاتوون– دروود و سلاوی خوای لەسەربێت – کە ئیمامی تورموزی بۆمانی گێڕاوەتەوە، کە فەرموویەتی: (چوارجۆرهەن، کە دروست نییە بکرێن بەقوربانی، ئەو ئاژەڵەی یەکچاوە و یەکچاوییەکەی زۆردیارە، ئەونەخۆشەی، کە نەخۆشییەکەی پێوەدیارە، ئەوخوارەی، کە دەلەنگێ و پێیەوە دیارە، ئەولاوازەی، کە زۆرکاری کردووەتە سەر گۆشتەکەی).
کاتی قوربانیکردن لە کەیەوە دەست پێدەکات؟
سەرەتای دەستپێکردنی کاتی قوربانیکردن، وەک ئیمامی بوخاری و موسلیم (ڕەحمەتی خوایان لێبێت)بۆمانی دەگێڕنەوە، لە دوای نوێژی جەژنی قوربانەوەیە، چونکە پێغەمبەر– دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – دەفەرمێت: (یەکەم کارێک کە لەمڕۆماندا دەستی پێدەکەین، نوێژی جەژن دەکەین و پاشان دەگەڕێینەوە، قوربانییەکانمان سەردەبڕین و گەرکەسێک ئەوھا بکات، ئەوە وەک سوننەتی ئێمەی کردووە، ئەگەر کەسێکیش بەرلەنوێژی جەژن سەری بڕی بێت، ئەوە گۆشتێکە پێشکەشی کردووە بەماڵی خۆی و پەیوەندی بە قوربانییەوەنییە). دەبێ لەوەیش ئاگاداربین، کە سوننەتە ئەوکەسەی قوربانییەکە دەکات، ئەگەر بتوانێت بۆخۆی سەری ببڕێت و بسم اللە واللە اکبر بکات و بەدەم بڵێت: خوایە ئەمە لەباتی خۆم، یان لەباتی ئەوکەسەی، کە بۆی سەردەبڕێت، ئەگەر بۆخەڵکی دەکرد، چونکە وەک ئەبوداوود بۆمان دەگێڕێتەوە، پێغەمبەر– دروود و سلاوی خوای لەسەربێت – لەکاتی سەربڕینی قوربانیەکەیدا دەیفەرموو: (بەناوی خوا وە و خوا لەھەمووان گەورەترە، ئەی خوای من، ئەمە لەباتی خۆم و لە بریتی ھەرکەسێک لەشوێن کەوتووەکانم، کە نەیانتوانی قوربانی بکەن). ئەگەر ئەوکەسەی قوربانییەکەدەکات بۆخۆی نەیتوانی سەری ببڕێت، با لەکاتی سەربڕینەکەدا، ئامادەبێت.
دابەشکردنی گۆشتی قوربانی
سوننەت وەھایە، ئەوکەسەی، کە قوربانی دەکات، بۆخۆی لەقوربانییەکەی بخوات و بەدیاری بۆ خزم ودراوسێکانیشی بنێرێت و لێیشی بکات بەخێر و بینێرێت بۆھەژاران، چونکە خوای گەورە دەفەرمێت:
(ئێوە لە قوربانییەکانتان بخۆن و بەشی ھەژاران و بێدەرەتانەکانیشی لێبدەن) ٢٨الحج).
لە ئایەتێکی دیکەدا دەفەرمێت: (ئێوە لە قوربانیەکانتان بخۆن و بەشی ئەوھەژارانەیشی لێبدەن، کە داوای دەکەن و بەشی ئەوانەیش، کە خۆیانتان نیشان دەدەن و روویان نییە داوابکەن)٣٦الحج. .ھەندێک لەیاران دەچوون قوربانییەکانیان دەکردە سێ بەشەوە و بەشێکیان بۆخۆیان دادەنا و بەشێکیشیان دەدا بەدیاری بۆزەنگینەکان و بەشی سێیەمیشیان دەدا بە ھەژاران، بەھیچ شێوەیەک، نابێ لە بریتی ماندووبوون و ھەقدەس، بەشی قەسابەکەی لێبدرێت. لێرەدا بەپێویستی دەزانم بەندی ھەشتەمی یاسای(دەستەبەربوونی ئازادیی ئایینی، بۆ خەڵکانی دیکە) لەنێو کۆمەڵگای مسوڵماناندا وەبیر بێنمەوە، کە دەڵێت: ئایینی ئیسلام رێگەی ئەوەی پێداوین، کە سەردانی ماڵی(ئەھلی کیتاب)بکەین و بچینە لای نەخۆشیان و دیاریان بۆببەین و کڕین و فرۆشتن و ھەر جۆرە مامەڵەیەکی دیکەی ھاوشێوەیشیان لەگەڵ بکەین و ھەر بڕوادارێک ئاگای لەوەھەیە کە ئەوکاتەی پێغەمبەر– دروود و سلاوی خوای لەسەربێت – کۆچی دواییکرد، دیرعەکەی، بەبارمتە لای کابرایەکی جوولەکە بوو، کە لەبریتی قەرزێک دانرابوو، کە ھی کابرای جوولەکە بوو، تەنانەت ھەندێک لەیارانی پێغەمبەر– دروود و سلاوی خوای لەسەربێت – ئەگەر مەڕێکیان سەرببڕیایە لەماڵەوە، بەمنداڵەکانی دەگوت: بچن لەپێشدا بەشی فڵان دراوسێی جوولەکەی لێبدەن و لەوەوە دەست پێبکەن) بڕوانە: فقە السنە، سید سابق، بەرگی ٢ لاپەڕە٦٠٣ – ٦٠٦).
ئەوەی قوربانی دەکات خۆی لەچی بپارێزێت؟
پێویستە لەسەر ئەوکەسەی، کە مسوڵمانە و بەنیازی قوربانی کردنە، ھەرلەسەرەتای مانگی زیلحیجەوە، تا قوربانییەکەی دەکات، خۆی لەوە بپارێزێت، کە موو، یان، نینۆک، لەخۆی بکاتەوە، بەڵام ئەگەر بۆخۆیان کەوتن و وەرین، یان شکان، گوناهی ناگات، چونکە ئیمامی موسلیم وئیمامی ئەحمەد(ڕەحمەتی خوای لێبیت)لەئوموسەلەمەوە(خوای لێ ڕازی بێت)بۆمانی دەگێڕنەوە، کە پێغەمبەر – دروود و سلاوی خوای لەسەربێت – وای فەرمووە، بەڵام خانەوادەی ئەوکەسەی، کە قوربانییەکە دەکات، یان ئەوکەسانەی قوربانییان بۆدەکرێت، بۆیان ھەیە، نینۆک و موو، لەخۆیان بکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر