نهێنیەكانمان لەكوێ هەڵگرین؟ لەكوێی بشارینەوە؟

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

نهێنیەك هی نێو دڵت بوو، بۆ نێو مێشكتی مەگوازەوە، ئەوەیشی لەمێشكتدایە، مەیخەرە سەر دەمت.
هیچ شتێ لەوە ناخۆشتر نییە نهێنیەكت هەبێ و نەزانی لەكوێی بشارییەوە، نهێنییەكت هەبێ و نەزانی لەكوێی هەڵگری..
لەدركاندنی نهێنی و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی نهێنی دا، هیچ نهێنییەك لەو سێ مەبەستە بەدەر نییە. یەكەم شت: مەبەست لێی هەڵڕشتنی بوغزو ڕەق و كینەیە تا بەو هۆیەوە لەكەسایەتی كەسێ بدات و لەكەداری بكات، ئەگەرچی زۆر جار ئەو قسانەی دەیكات لەڕاستیەوە دوورن و درۆیەكی شاخدارن، كەچی وەكوو پەیامێك بەگوێمانی دادەدات.
دووەم شت: مەبەست لێی دڵسۆزی و پەرۆشی و خەمخۆریە، راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ پەیامێكمان پێ دەدات تا لەڕێی دركاندنی ئەو نهێنییەوە لەشتێكی چاوەڕوان نەكراوی مەترسیدارو كارەساتێكی گەورە ئاگادارمان بكاتەوە پێش ئەوەی كار لەكار بترازێ و لێوی پەشیمانی بگەزین.
سێیەم شت: مەبەست لێی بەتاڵكردنەوەی ناخی خۆیەتی، دەیەوێ لەڕێی ئێمەوە خەم و دڵخۆشی خۆی وەكوو جگەرە بەبا بكات كە بەو كارە هەست بەئارامی دەكات و دەروونی ئاسوودە دەبێ..
گومان لەوەدا نیە بۆ ئەوەی زیاتر لە نهێنیەكان تێبگەین، سێ رێگەمان لەبەر دەستە تا بەراست و دروستی پەنای بۆ ببەین، ئەوانیش :
رێگەی یەكەم: ئەوەیە هەوڵدەین ئەو نهێنییە بۆ هەتا هەتایە لەدڵ و دەروونمانی بنێژین و وەكوو رابردوویەكی نەگەڕاوە ببڕای ببڕ نەچینەوە سەری، لێرەدا دەكرێ چاكەكاربین، چاكەیەك بكەین كە دەستی راست بەدەستی چەپ نەزانێ.
رێگەی دووەم: ئەوەیە هەوڵدەین ئەو نهێنیە لەبیردان و مێشكی خۆماندا خەزن بكەین، بەپێی پێویستی و لەكاتی خۆیدا بچینەوە سەری، بەواتایەكی دیكە بەیەكجاری لەبیر خۆمانی نەبەینەوە.
رێگەی سێیەم: ئەوەیە هەوڵدەین ئەو نهێنییە نەلەدڵمانی بنێژین و نە لەمێشكمانی بهێڵینەوە، بەڵكوو بەردەوام لەسەر دەم و زمانمانبێ.
هەڵبەتە هەر یەك لەم نهێنیانە كۆدو كلیلی خۆی هەیە، هیچ كامێكیان بۆ ئەویتر نابێ، بەڵام ئەوە ئێمەین ئەو كۆدو كلیلانە بەهەڵە بكار دێنین، دەرگاكانی پێ دەشكێنین و كێشەكانی پێ گەورە دەكەین، بۆیە نهێنی هەیە دەبێ لە دڵمانبێ كەچی دەیخەینە نێو مێشكمان و نهێنی هەیە دەبێ لەمێشكمانبێ كەچی دەیخەینە سەر دەم و زمانمان..لە دركاندنی نهێنیدا ئەگەر لەدەم و دووی كەسێك دڵنیا نەبووی، هیچ نهێنیەكی بۆ باس مەكە ئەگەر متمانەت پێی نییە، پێی مەڵێ: با ئەو شتە لەبەینمان دەرنەچێ، با ئەو شتە نهێنی بێ. برادەرێ دەناسم چاكەكارە، چاكە لەگەڵ هەر كەسێ بكات پێی دەڵێ: با ئەو شتە لەبەینمان دەرنەچێ، كەچی دڵی بەوە داناكەوێ ئەو نهێنیە بنێژێ یا هەڵگرێ، كەچی بگاتە هەر كەسێ پێی دەڵێ: توخوا با ئەوە لەبەینمان دەرنەچێ من ئەوەندە پارەم داوەتێ، ئەو ئیشەم بۆی كردووە و بەو شتە یارمەتیم داوە. لەكۆتاییدا دەڵێین: نهێنی بەند مەكە، كە بەندت كرد بزانە لەكوێی هەڵدەگری، لەكوێی بەكار دێنی و چۆنیش بەكاری دێنی؟
سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر/ شارۆچكەی تەقتەق