دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

ئۆلی داگیرکار

خەزعەل ئەلماجیدی پێی وایە: (لوڕ بە ئەسڵ قەرەجن، لە هیندستان هەڵاتوون و لە لوڕستان نیشتەجێ بوون.) لە ڕوانگەی ئەوەوە: (لوڕ سەر بەو میللەتەیە، کە لە کوردستان قەرەج یان دۆمی پێ دەڵێن و لە عێراقیش بە کاولی ناوی ڕۆییشتووە.) خەزعەل ئەلماجیدی دەڵێت: (هیند وەتەنی ڕەسەنی قەرەجه، قەرەج دانیشتووانی دۆڵی سند دەبن، کە دەکەونە بەر پەلاماری ئارییەکان، هێندێکیان بەرەو وەڵاتی فارسەکان هەڵدێن و لەوێ دەبنە خێڵی گەورەی لوڕ و هەنووکەیش لە لوڕستانی ئێران دەژین.)
چونکە لای ئیسلام، (موسوڵمانان لە هەموو ئوممەتێکی دیکە چاکترن،) ڕەنگە هەر لەو سۆنگەیەوە بێت، موسوڵمان سووک سەرنجی قەرەجی غەیرەدین بدات، بەڵام کریستیان بۆیە کەیفی بە قەرەج نایەت، چونکە گوایە ئەوە قەرەج بوو، ئەو بزمارانەی دروست کرد، کە سەروەختی لە خاچدانی عیسا بەکار هێنران. من ئێزدی لە کوردی موسوڵمان بە خۆڕاگرتر دەزانم، ئاخر زۆرینەی کورد، لە ترسی گیانی خۆیان، چوونە سەر دینی داگیرکار، وەلێ ئێزدی بەرگەی چەندان جینۆسایدی گرت و لەسەر ئایینی خۆی مایەوە.
لە ڕوانگەی منەوە ئینسان، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام خێڵ یان نەتەوەیە، سەر بە کام ئایین یان ئایینزایە، لە کام دەڤەر یان وەڵاتەوە هاتووە، هەر هەمان بەهای هەیە. ئینسان بێ گوێدانە ڕەگەز و ڕەنگی پێستی، هێژایە و قەت پێم وا نییە کورد، لە دۆم و قەرەج بەڕێزترە، یان دیندار لە بێدین باڵاترە. وەک چۆن منداڵێکی بچووک بە دەم هەمووانەوە پێدەکەنیت و بیر لەوە ناکاتەوە، لە کوێوە هاتوون و بە چ زمانێک دەپەیڤن، لە گۆشەنیگای ئەو منداڵەوە سەیری هەموو ئینسانێک دەکەم. هەرچەندە جوو پێیان وایە، پلەیان لای خودا، لە پلەی گەلانی دیکە باڵاترە، بەڵام نازییەکان کە خۆیان بە سوپەرئینسان دەزانی، بێ گوێدانە ئەو تێزە، قڕیان تێ خستن. ڕەگەزپەرستی هیچ نییە، غەیری ئەوەی موسوڵمان خۆی پێ لە ئوممەتەکانی دیکە چاکتر و جوو خۆی پێ هەڵبژێردراوی خوا و ئەڵمان خۆی پێ باڵاترین ڕەگەز بێت.
خاڵێکی هاوبەش لە نێوان کورد و قەرەجدا ئەوەیە، وەک چۆن لای ئێمە تێکستی حەیران، پەخشانە، نەک شیعر، تێکستی گۆرانیی قەرەجیش پەخشانە نەک شیعر. جینۆسایدیش ئێمە و قەرەج کۆ دەکاتەوە، هیتلەر قەرەجی جینۆساید دەکرد و بەعس و دەوڵەتی ئیسلامیش کوردیان قەلاچۆ دەکرد. ئەوەیش پارادۆکسە، هیتلەر بۆیە قەرەجی قەلاچۆ دەکرد، چونکە ئاری نەبوون، کەچی سەددام دەیزانی کورد ئارییە، بەڵام ئەنفالیشی کرد. ئەوەیان هەمووان دەیزانن، کورد و قەرەج، (بێ نیشتمانی)یش کۆیان دەکاتەوە.
قەرەج کە لە هەر شوێنە و ناوێکیان هەیە، تەواو وەک ئێمەی کوردیش چەندان شێوەزاری جیاوازیان هەیە و لە هەر کوێ بژین زمانەکەیان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی زمانی زۆرینەی ئەو وەڵاتەوە. لە ئەورووپا زمان و ئایینی جیاواز، کولتوور دەوڵەمەند دەکەن، ئەوەی کورد خاوەنی چەندان ئایین و ئایینزا و شێوەزارە، کێشەی بۆ دروست کردووە، ئاخر بەو هۆیەوە پەرت بوون و ئاخاوتنیان هێندە لە یەکدی جیاوازە، تا ئاستی ئەوەی لە یەکتری تێناگەن.
قەرەج لە کوێوە هاتوون؟ ئەوە کێشەکە نییە، کێشەکە ئەوەیە، لوڕ بە قەرەج لە قەڵەم بدرێت، ئاخر لوڕ بەشێکن لە کورد و لوڕستان بەشێکە لە جوگرافیای کوردستان. ڕەنگە میللەتێکی دیکەی وەک کورد نەبێت، هێندە کێشە لەسەر ناسنامەی پێکهاتەکانی هەبێت. وێڕای لوڕ، گەلێک جار گومان خراوەتە سەر کوردبوونی ئێزدی و شەبەکیش. ئیبن بەتووتە، یاقووتی حەمەوی، ئیبن حەوقەل، شەرەفخانی بەدلیسی، موحەممەد ئەمین زەکی، د. قاسملوو، ئینسکلۆپیدیای ئیسلامی و لە خۆرهەڵاتناسانیش ڕیچ و ئۆسکارمان، لوڕیان بە کورد لە قەڵەم داوە. ئەوە زادەی شۆڤێنیزمی گەلی باڵادەستە و هیچی تر، کە لە ئێران ددان بە کوردبوونی لوڕدا نانرێت، وەک چۆن کەمالیستەکان تەواوی کوردیان، بە تورکی شاخاوی لە قەڵەم دەدا.

(*) خزعل الماجدی، الغجر، تجوال الکستناء والخیول ١٧ سبتمبر ٢٠١٥ الإتحاد الپقافی، أبوڤبی، الإمارات.

ھەواڵی زیاتر