ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرندا

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*

پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه به‌نده‌ به‌ ئاستی هۆشیاری و پێگه‌یشتوویی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌وه‌ش له‌ره‌هه‌ند و دیدگای جیاوازه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ پسپۆرانی بواری كۆمه‌ڵناسی پێیانوایه‌ هه‌رتاكێك گرنگی به‌بیركردنه‌وه‌ و پێشكه‌وتنی خۆی بدات، واته‌ گرنگی به‌ په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یداوه‌. كۆمه‌ڵگه‌ و تاك ته‌واوكار و گرێدراوی یه‌كترن و هیچكامیان به‌بێ ئه‌وی دیكه‌ ناتوانێت رۆڵ و كاریگه‌ری خۆی بسه‌لمێنێت.
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرندا ناسنامه‌ی ره‌گه‌زی جیاوازی نیه‌، هه‌ركام له‌ ره‌گه‌زه‌ جیاوازه‌كان ده‌توانن رۆڵی كاریگه‌ریان له‌پێشكه‌وتن و به‌رده‌وام بووندا هه‌بێت. هۆكاری دروستبوونی ئه‌و جیاوازیی نه‌كردنه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بنیاده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه‌ خۆرسكانه‌ له‌ره‌فتار و سروشتی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ردوو ره‌گه‌ز هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ بره‌ودان به‌و بنیاده‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی خۆپێگه‌یاندن و فێربوون و پێشكه‌وتندابوون. ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ جێگه‌ی سه‌رنج له‌ناو پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن، بوونی ئافره‌ته‌ وه‌ك كه‌سێكی كارا و دیار كه‌ بتوانێت خۆی له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتن بگونجێنیت و باڵانسێكی باش له‌نێوان ئه‌ركی ماڵ و كاردا دروست بكات، و ئه‌و توانای مرۆییه‌ی هه‌یه‌تی به‌یه‌كسانی له‌نێوان هه‌ردووكیاندا دابه‌شی بكات و سه‌ركه‌وتووبێت.
ڕەنگە هەندێک بڵێن بەهۆی ئەوەی ڕۆڵی ره‌گه‌زی خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ كلتور و بۆ ماوەیەکی زۆر پراکتیزە دەکرێت، و بۆته‌ توخمێکی سەرەکی لە گەشەپێدانی مرۆڤ كه‌واته‌ له‌کۆمەڵگه‌ی مۆدێرندا پێویست به‌وه‌ ناكات به‌جیا باس له‌ ڕۆڵی ڕەگەزی بكرێت، هەردوو ره‌گه‌ز به‌ ئافره‌ت و پیاو توانای ئەنجامدانی زۆرێک لە هەمان ئەرکە پێویستەکانیان هەیە، بەمەش جیاكردنه‌وه‌ی ڕەفتارە تایبەتەکانی ڕەگەزی بایه‌خیان نیه‌ به‌ڵكو باسكردنیان ده‌بێته‌ لاسه‌نگی له‌ له‌نێوانیاندا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئاماژه‌پێكردن به‌ كاریگه‌ری ره‌گه‌ز له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا ده‌بێته‌ نموونه‌ و هاندان بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی خه‌ریكه‌ به‌ره‌و شارستانیبوون هه‌نگاوده‌نێن.
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، كه‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی شارستانیبوونمان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخ و هاتنه‌پێشی هه‌ندێك قۆناغی نه‌خوازراو له‌وانه‌یه‌ وه‌ك پێویست ئه‌و هه‌نگاوه‌مان نه‌ نابێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌هه‌ندێك لایه‌نی وه‌ك هه‌بوونی یاسای پێویست وسه‌رده‌میانه‌ یاخود میكانیزمه‌كانی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا و تێكه‌ڵبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌كۆمه‌ڵگه‌كانی دیكه‌، بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر به‌ره‌وپێش بچین و له‌چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكی بیركردنه‌وه‌ و كاركردندا نه‌مێێنین، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئێمه‌ بێ كه‌موكوڕی نین به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌زۆر لایه‌نه‌وه‌ پێویستمان به‌ په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتن هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت گرنگیدان به‌ تواناكانی ئافره‌تان و به‌زه‌روو سه‌یر كردنی رۆڵی ئافره‌ت له‌ته‌واوی پێگه‌ و بواره‌جیاوازه‌كاندا، به‌جۆرێك به‌بێ بوونی ئافره‌ت ئه‌و بوارانه‌ به‌ناسه‌ركه‌وتوو و بۆشایی هزری و مرۆیی ته‌ماشا بكرێت، هه‌ر ئه‌م جۆره‌ تێڕوانینه‌ بووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ مۆدێرنه‌كانی ئێستای پێكهێناوه‌ وبوونه‌ته‌ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی ده‌بیندرێن.
سیاسەتی جێندەر كه‌له‌ زۆربه‌ی وڵاتان پیاده‌ ده‌كرێت کاریگەریی راسته‌وخۆی لەسەر هەڵوێست و ڕەفتاری پیاوان هەبووە، دواجار كاریگه‌ریی ئه‌رێنی بۆ پرسی ئافره‌تان هه‌بووه‌. ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی كات پیاوان له‌ ئافره‌تان زیاتر داكۆكی له‌مافی ئافره‌تان ده‌كه‌ن و پاڵپشتیان ده‌كه‌ن، ئه‌م ره‌فتاره‌ش به‌هۆی ئاكامه‌ ئه‌رێنینه‌كانه‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و بروایه‌ی كه‌ پاڵپشتیكردنی ئافره‌تان له‌ناو دامه‌زراوه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كان هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ فشاری كاركردن و دابینكردنی داهات بۆ خێزان، هه‌ر كاتێك له‌ناوخێنران یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ ئافره‌ت خاوه‌ن لێهاتوو و بیركردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت، فشار و قورسایی ‌سه‌ر شانی پیاوان كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و له‌وه‌ تێده‌گات كاركردن و دابینكردنی بژێوی ژیان كارێكی ئاسان و به‌رده‌ست نیه‌، به‌ڵكو پێویستی به‌ماندوبوون و شه‌ونخونی هه‌یه. ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانیدا ده‌بێته‌ میكانیزمێك كه‌ ئافره‌تانیش بتوانن ببنه‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌ته‌واوی بواره‌ جیاوازه‌كان و جێده‌ستیان دیاربێت، له‌هه‌مانكاتدا به‌شداریش ده‌بن له‌ بره‌ودان به‌ هۆكاره‌كانی خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنی ‌كۆمه‌ڵگه‌دا.

سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان