ڕەگـــــــــەز و جــــــێندەر

دیانا یاسین

ئێمەی کورد لەنێوان ڕەگەز و جێندەردا ئاوێتەبوونێکمان دروست کردووە. لە پەیوەست بە نێر و مێ یان ژن و پیاو لە زمانی ئینگلیزیدا دوو چەمک هەن، سێکس و جێندەر. ئەم دوو چەمکە لە کوردیدا تا ئێستا هاوواتای گونجاویان بەرانبەر دانەنراوە و زۆر جار چەمکی ڕەگەز بۆ هەردووکیان بەکار دێت. سێکس و جێندەر لە ئەرک و مانا جیاواز و سەربەخۆن. سێکس ئاماژەیە بۆ ڕەهەندی بایۆلۆژی ڕەگەزی مرۆڤ و جێندەریش بۆ ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی. جێندەر مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی نۆزدە و لە ئەمریکای باکوور بۆ یەکەم جار بەکارهات. دواتر ساڵی (١٩٨٨) ئەورووپا بە خۆیەوە بینی. جێندەر واتە ڕۆڵی نێرینە و مێیینە و ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان چی لەناو خێزان یاخوود لە کۆمەڵگەدا. بەپێی بەرەوپێشچوون و گۆڕانکاریی لە ژیاندا ڕۆڵی جێندەر دەگۆڕێت و هەڵبەت کوردیش وەکوو هەر میللەتێکی تری گۆی زەوی بێبەش نابێت لەم گۆڕانکارییانە. بۆ نموونە (مێژووی ئەزموونی لێخوڕینی پایسکل لە نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا) نموونەیەکی باشە بۆ تێگەیشتن. تا ساڵی (١٨٩٥) پایسکلسواری کارێکی تەواو پیاوانە بوو و بوار بە ژنان نەدەدرا پایسکلسواری بکەن. نە کۆمەڵگا چاوەڕوانی ئەم هەنگاوەی لێ دەکردن و نە ژنانیش خۆیان ئەم چاوەڕوانییەیان هەبوو؛ چونکە لەو ساڵەدا، گۆڤاری «ئەمریکای زانستی» توێژینەوەیەکی «جەست چامپۆنیەر»، کە پزیشکێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بوو، بڵاو دەکاتەوە. لە توێژینەوەکەیدا ئەو ئەنجامە دەخاتە ڕوو کە ژنان لەڕووی جەستەیییەوە گونجاو نین بۆ لێخوڕینی پایسکل و ئەو توانا و ئامادەیییەیان تێدا نییە کە لە نێردا هەیە. دوای (١٢٥) ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ئەو توێژینەوەیە ئەم ڕۆڵ و دابەشکارییە جێندەرییە گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردا دێت. بەگوێرەی سەرژمێری گشتی ساڵی(٢٠١٩) ژنان ڕێژەی (٢٨٪)ی ئەوانە پێکدێنن کە بە پایسکل دەڕۆن و (٤٤٪)ی ئەوانەش کە بۆ کات بەسەربردن و(٦٠٪) ئەوانەش کە بۆ چوونە سەرکار بەکاری دێنن. بەمجۆرە لەماوەی سەدەیەکدا، ژن لە غیابی تەواوەوە دەبێتە ڕوخسارێکی بەرچاوی پایسکلسواری لە ئەمریکا.

ھەواڵی زیاتر