“پەروەردەی دروست لە خۆشەویستی بۆ ژینگە دەست پێدەکا “

فەزیلە شۆرش

پاراستنی ژینگە لە تاکەوە دەست پێدەکا و پەیوەندی بە خاک و ئاو و ئاسمان و کۆمەڵگەوە هەیە، ئەمانەش چوار پایەی گرنگی مانەوەی مرۆڤ و ژیانە بەشێوە دروستەکەی، بێگومان رێزگرتن لە ژینگە واتە رێزگرتن لە مرۆڤایەتی و بەردەوام دانە بەژینگەیەی دروست.
پاراستنی ژینگە ئەرکی هەر تاکێکی ئەم نیشتمانەیە، پەیوەندی بە رۆشنبیری تاکەوە هەیە لە بارەی زانینی تاک بە رۆل و گرنگی ژینگەی خاوێن لەسەر تەندروستی مرۆڤ و گیانلەبەر و دارو درخت، پێویستە مندال پەروەردە بکرێت لە سەر خۆشەویستی بۆ خاوین راگرتنی بەلای کەمی ژینگەی دەورو بەری خۆی، کاتێک مندال لە ژینگەیکی خێزانی دروست پەروەردە دەکرێت، تاکێکی ژینگەپارێزی دروستی لێدەردەچێ، بە بەرپرسیارەتیەوە مامەلە لەگەل هەر شتێک وە یا کەلوپەلێک دەکا کە بەکاری دەهێنی، خاوێن رانەگرتنی ژینگە باجەکەی مرۆڤایەتی بە گشتی و تاک بەتایبەتی دەدات، بە بلاو بوونەوەی نەخۆشی لە رێگای وەرگرتنی هەوایەکی پیس و پر لە میکرۆبات.
بۆیە گرنگ و پێویستە رەفتار و کردارمان بە شێوەیەک بێت کە جێگای دەست و پەنجەمان لە خاوێن راگرتنی ژینگە دیار بێت، خۆمان و رۆلەکانیشمان دوور بین لە پیسکردن و تێکدانی ئەو سروشتە جوانەی کە نیشتیمانمان هەیەتی، خزمەتکردنی ژینگە بە ئەرکێکی ئەخلاقی بەرامبەر خاک و ئاو و ژینگەی کوردستان دادەنرێت، گرنگە ببینە یارمەتیدەری رێکخراوەکان بۆ پاراستن و خاوێن راگرتنی ژینگە.
هەر لە باسی خاوێن راگرتنی ژینگە ئەگەر سەیری هۆلەلەندا بکەین، ئەوەی لە ولاتی هۆلەندا بەرچاوم دەکەوێ گەلی هۆلەندی لە پاک و خاوێنی راگرتنی ژینگە، خۆیان بەرپرسیار و خەمخۆری ژینگەکەیان دادەنێن و هەموو کاتیش لە هەوڵن ژینگە پارێزی ببیتە رەفتارێکی نۆرمالی خۆیان و منداڵیان، هەموو رۆژێک کۆمەلێک لە تاکەکان خۆیان و مندالەکانیان لە کاتی ئێواران پێش نووستنی مندالەکانیان دێنە دەرەوە بە خۆیان وکیسەی زبلەوە، ئینجا دەست دەکەن بە خاوێنی کردنی کۆلانەکانیان و جیاکردنەوەی زبل و خاشەک، لە کۆتایش زبلەکان لە ناو بەرمیلی تایبەت بە زبل و خاشەک لە مالەکانی خۆیان دادەنێن، بۆ نمونە شوشە و نایلۆن جیا دەکەن و لە بەرمیلی تایبەت بەم زبلە دایدەنێن، بەم گوێرەیە هەر تاکێکیان بەرپرسیارەتی خۆی بەرامبەر خاوێن راگرتنی کۆلانەکانیان دەردەخەن و مندالەکانیشیان لەسەر خاوێن راگرتن و خۆشەویستی ژینگە پەروەردە دەکەن و بۆ گەنجەکانیش دەبنە نموونەیەکی باش.
کەواتە پەروەردەی دروست لە خۆشەویستی بۆ ژینگە دەست پێدەکا.

ھەواڵی زیاتر