خۆشەویستی و ئینتما بۆ کام نیشتمان؟!

شێرکۆ حەبیب

دەڵێن خۆشەویستی نیشتمان لە ئیمانەوەیە واتە ئەوەی وڵاتەکەی خۆش نەوێت ئیماندار نییە، هەرەەها نیشتمان وەک دایک وایە ڕۆڵەکانی لە ئامێز دەگرێت وەک دەڵێن شەونخونی دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانی بپارێزێ و دوعا و نزا دەکات چوار وەرزی ساڵ داوا لە خوای مەزن دەکات پارێزراویان بکات، لەگەڵ ئەوەش هەندێ لە ڕۆڵەکانی بێ ئەمەک دەردەچن کاری نابەجێ دژی دایکیان دەکەن و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ناڕەوا دژ بە نیشتمان ئەنجام دەدەن.
ئێمەی کورد ئەمڕۆ دەبێ بەرگری لە دوو نیشتمان بکەین یەکیان کوردستانی دایکە، ئەوەی تریان عێراقە کە بەزۆر بووە بە نیشتمانی ئێمە دوور لە خواست و ویستی خۆمان زۆر قوربانیشمان بۆ داوە، بە پێچەوانەی دایکی ڕەسەن کە کوردستانە و دژایەتی و خیانەتی لێکراوە لە لایەن هەندێکیان لە پێناو عێراق، ئاخو دەبێ ئەوەی ئێمە داومانە بەعێراق و عێراق بەشێکی بچووکی لەو چاکە دابێتەوە بە ئێمە، ئاخو دەبێ ئەوەی کوردستانی دایک بۆ ئێمەی کردووە و بۆتە قوربانی لە پێناو ئێمە کە دووچاری بە عارەبکردن و ئەنفال و کیمیا باران هاتووە، دەبێ هەندێک تۆزقاڵێکی ئەوەی بۆ عێراقیان کردووە بۆ کوردستانیان کردبێت؟ وا ئەمڕۆش بەغدای پایتەختی عێراق قووتی میللەتەکەم دەبڕێ و خەریکە یاساکانی رژێمی گۆڕبەگۆر پیادە دەکات بەتایبەتی لە کەرکووکی دڵی کوردستان، وا خەریکە لە هەوڵی لاوازکردن و نەهێلانی هەرێمەکەمە. ئاخۆ دەبێ ئینتما و خۆشەویستی نیشتمان لەسەر بنەماکانی زوڵم و ستەم بێت کە لە هاووڵاتی دەکرێت، ئایا دەکرێ ئینتما بۆ نیشتمانێک هەبێت کە بەهاووڵاتی خۆیت هەژمار ناکات، ئایا دەکرێت ئینتما بۆ نیشتمانێک هەبێت کە لە ماف و خێرات بێ بەشی کردبی.
دەڵێن قوتابیەک لەگەڵ مامۆستاکەی لەسەر نیشتمان دەبێتە دەمەتەقێیان، قوتابیەک ئەرکی ڕۆژانەی نەکردبوو، کاتێک مامۆستا پرسیاری لێدەکات، بەمشیوەیە دەبێتە گفتوگۆیان؛
مامۆستا: بۆ ئەرکی ڕۆژانەت نەکردووە؟
قوتابی بەهێمنانە: مامۆستا ئەوەی لەو پەرتووکەی نووسراوە باوەڕم پێی نییە.
مامۆستا: چۆن؟
قوتابی: مامۆستا باوەڕم بەوە نییە کە لەو پەرتووکە خوێندمەوەتەوە!
مامۆستا: بۆ باوەرت پێی نییە؟
قوتابی: مامۆستا پەرتووکەکە دەڵێ وڵاتی من وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام ماڵی ئێمە لە قووڕە، تەنانەت هەموو پێداویستی قوتابخانە و جلوبەرگەکەم هی ڕێکخراوێکی خێرخوازیە و پەرتووکەکە دەڵێ وڵاتەکەم وڵاتێکی خاوەن نەوت و گازە، بەڵام نە نەوت نە گازمان هەیە تەنانەت تا ئیستا دایکم چێشت بەدار لێ دەنێ، پەرتووکەکە دەڵێ وڵاتەکەم پڕی خێر و بەرەکەتە، بەڵام من هیچم لەوانە نەبینیووە، پەرتووکەکە دەڵێ وڵاتەکەم لانکەی ئازایەتی و قارەمانیەتی و شارستانی یە، لێرەدا پرسیارێک لە هزرم هەیە، بۆچی وڵاتەکەی من هەر لە بێشکە دەمێنێتەوە وڵاتانی تر گەورە دەبن و پێشدەکەون، هەروەها پەرتووکەکە دەڵێ هاووڵاتی نیشتمانەکەم یەکسانن لە ئەرک و ماف، بەڵام من وەک مرۆڤ یا هاووڵاتیەکی ئەم وڵاتە مافی خۆم وەرنەگرتووە، ئەمانە هۆکارن کە نەمتوانی ئەرکەکەم بنووسمەوە. ئەمە گفتوگۆی نێوان مامۆستا و قوتابی بوو.
ئایا ئەوەی بەرامبەر ئێمە کراوە و دەکرێت لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا لە ئاستی ئەو قوربانیانە کە لە پێناو وڵاتێک داومانە ئێمە نەخاوەنین و ئەویش بە هاووڵاتی خۆی قەبووڵمان ناکات! چونکە ئێمە کوردین و کوردستان نیشتمانمانە.

ھەواڵی زیاتر