نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 16
تاهیره‌ی ئازیزم

هه‌ر ئێستا له‌ سه‌ربازگه‌ هاتمه‌ده‌ر، هێشتا پشووم سواره‌. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ته‌نیام پێموایه‌ ده‌توانم نامه‌یه‌كت بۆ بنووسم. ئه‌و نامانه‌ی ده‌ڵێی فڕێده‌درێنه‌ ناوچاڵێك و وه‌ڵامیش، چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ش هه‌مووی خه‌ون و خه‌یاڵه‌. ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی بیست و پێنج رۆژه‌ له‌ تارانم و هێشتا به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕوانی نامه‌تم.
لانیكه‌م ناته‌وێ وه‌ڵامێكی كورت بنووسه‌. به‌وه‌ی ده‌ڵێن چی؟ ئایا هه‌قم نییه‌ گله‌یی بكه‌م؟ هه‌قم نییه‌ به‌ هه‌موو وجودمه‌وه‌ له‌وكاره‌ت نیگه‌رانبم؟ ژیانی من له‌ سه‌ربازگه‌، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ بۆم باسكردی بێجگه‌له‌وه‌ی ناچارم سه‌دان كاغه‌زی بێمانا له‌به‌ربكه‌م و تاقیكردنه‌وه‌ی بكه‌م. فرسه‌تی بیركردنه‌وه‌ (ئه‌وپه‌ڕی ژیان) زۆر كه‌م دێته‌ رێم.
هه‌ركاتێك له‌ نیگه‌رانییه‌ فیزیكیه‌كان له‌ ئه‌ماندام، بیره‌وه‌ریه‌كانت به‌ هه‌موو تاڵیه‌كانی رووناكاییه‌ك له‌ هزرمدا زیندوو ده‌كاته‌وه‌.
هه‌ستده‌كه‌م له‌ هه‌موو كاته‌كان ته‌نیاترم. ئه‌وهه‌سته‌ وه‌كو مس مێشكم داغان ده‌كا.
چیبكه‌م.
هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵده‌كێشم و چاوان لێك ده‌نێم و ئاره‌زووی خه‌وێكی قوڵ ده‌كه‌م.
له‌و رۆژه‌ی هاتووم بۆ تاران نه‌چوومه‌ته‌ده‌ر. هه‌تا رۆژانی پشووش هه‌ر له‌ سه‌ربازگه‌م.
چاوه‌ڕوانی نامه‌یه‌كی تۆم. به‌دوای بابه‌تێكدا ده‌گه‌ڕێم خۆمی پێوه‌سه‌رقاڵ بكه‌م، بیره‌وه‌ری رۆژانی رابردوو ئازارم ده‌ده‌ن.
له‌ كتێبی هه‌فته‌ ژماره‌ 24 چیرۆكێكم بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆخۆم نه‌چوومه‌ته‌ده‌رێ نه‌متوانیوه‌ بۆت بنێرم، بۆخۆت په‌یدای بكه‌ و بۆم بنووسه‌ بزانم به‌دڵت بووه‌ یان نا.
نامه‌م بۆ بنووسه‌.
ماچت ده‌كه‌م.

غ- س
28/1/1341 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.