پارتی چۆن بیر دەکاتەوە؟

سالار عوسمان

خوێندنەوەیەک بۆ ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەشی چوارەم

سایکۆلۆژیای وەرگر

ڕاگەیاندن ڕووی لە وەرگرە، وەرگر ئەو سەنترالیزمەیە، کە پەیام، میکانیزم، ئاراستە، ئامانج و بەرهەمداری کۆدەکاتەوە، خۆ ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین: (وەرگر نەبێ ڕاگەیاندن چی دەکات؟)، لەوانەیە ببێتە دەرازینگێکی باش بۆ بابەتەکە.
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەتوانین بڵێین، لەو بەشەیدا، کە ڕاگەیاندن حەوجە بە وەرگرە و بێ ئەو نەشێ هیچ بکات، ڕاستە، بەڵام پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، ئەی وەرگر، گەر ڕاگەیاندن نەبێت چی وەردەگرێت و چۆن دەبێ بە وەرگر؟ ـ بەڵام ئەمەیان جارێ مەتڵەب نییە لۆ قسەلێکردن ـ، کەواتە ئێمە ئێستا لە نێو ئەو ڕوانگەیە دەئاخڤین، کە وەرگر سەنتەرە، کۆکەرەوەیە، ئارمانج و ئەنجامیشە، ناشبێ ئەوەمان لەبیر بچێت، کە وەرگرەکانیش جیاوازن، مناڵ تا پیر، گەنج تا جوامێر، ڕاست تا چەپ، ئیسلامی تا سێکیولار و، ئیتر دەبێ بە هەموو ئەو جیاوازییانەوە، کە هەریەکەیان پێویستی و داواکاریی خۆی هەیە، باسەکە فرەوان بکەین، چونکە کە باسی وەرگر دەکەین، دەبێ خۆمان لەبەردەم تابلۆیەکی گەورەدا ببینینەوە، کە دەکرێ ناوی لێ بنێین: (تابلۆی تێگەیشتنە جیاوازەکان)، هەر یەک لەو تێگەیشتنانەش پێویستی و داواکاریی تایبەتیی خۆی هەیە، کەواتە هاوکێشەیەکمان بۆ دروست دەبێت: (وەرگر ـ تێگەیشتن ـ پێویستی و داواکاری)، بۆیە ڕاگەیاندن دەبێ ڕەچاوی هەر وەرگرێک بکا وەک خۆی، بە نموونە ناکرێ مناڵ و پیرێک، کە تێگەیشتن و پێویستی و داواکارییان جیاوازە، یانژی هیی ژن و پیاوێک، وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، چونکە ئەوانە هەر یەکەیان خودان سایکۆلۆژیایەکن، کە پێی دەگوترێت: (سایکۆلۆژیای وەرگر).
سایکۆلۆژیای وەرگر ئەو چەمک و پرسە گرنگەیە، کە هیچ ڕاگەیاندنێک بەقەد ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیشی لەسەر ناکات، چونکە پارتی ئەو ڕاستییە زانستییە سەلمێنراوە باش دەزانێت، کە هەواڵێکی گرژ سایکۆلۆژیاکان گرژ دەکات و دڕدۆنگییەکی ڕۆژنامەڤانییش بازاڕ دەشێوێنێت و هاوارێکی نانیشتمانییش گەنج بەلاڕێدا دەبات، بۆیە زۆر بەحەزەرەوە دەست بۆ وشە و ڕستە و هەواڵ و وێنە و ڕووماڵ و بەرنامە و، کۆی بابەتەکانی ژیان دەبات و، پتر لەوەش، هەمیشە کار دەکات بۆ نیگەرانییکوژی، کە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانی تر پۆپۆلیستانە و بە مەرەمی سیاسی کاری لەسەر دەکەن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، کە ڕووی داوا لە هەموو ڕاگەیاندنی کوردستان بکەین، تایبەت ئەوانەی کار لە میدیای سیاسی و ئەوانەشی کار لە سۆشیالمیدیا دەکەن، پرسی وەرگر و سایکۆلۆژیای وەرگر باشتر دیراسە بکەن و، نیگەرانیکوژیی وەک ئەرکێک ببینن، لەوما پێدڤییە و مە بفەڕ دەبینین ڕاگەیاندنی کوردستان بەرپرسیارانەتر کاری ڕژدتر و قووڵتر پێخەمەت دڵنیایی جڤاکی و ئاشتەوایی سیاسی و چاکەی گشتی بکات.

ھەواڵی زیاتر