گفتوگۆ تاکە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانە. بەڵام

شێرکۆ حەبیب

میللەتی کورد لە دێر زەمانەوە لەهەوڵی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانە لە ڕێگای لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ و دیالۆگ، هەروەک دەبینین لە مێژوودا و لە شۆڕشەکانی بارزان، شێخ ئەحمەد بارزانی هیچ کاتێک هەلی گفتوگۆی ڕەتنەکردۆتەوە، هەروەها لە شۆڕشی ئەیلوول بارزانیی نەمر هەردەم پشتگیری لە گفتوگۆ و دانوستاندن دەکرد.
ئەمڕۆش سەرۆک بارزانی لەگەڵ چارەسەرکردنی گرفت و ناکۆکیەکانە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن، هەر لەو ڕوانگەش چەندین شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات چ بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی هەرێم یا بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جگە لە شاندی لاوەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
لێرەدا ئەو ڕاستیە دەردەکەوێت کەوا هەولێر سەرجەم پابەندییەکانی بەگوێرەی دەستور جێ بەجێ کردووە، ئەوەی ماوە حکوومەتی فیدراڵ پابەندی دەستور بێت و بەڵێنەکانی جێ بەجێ بکات، گرفتەکان ئاڵۆزن وەنەبێت تەنیا بابەتی مووچەی فەرمانبەران بێت بەڵکو کۆمەڵێک گرفتی چارەسەر نەکراوی سەدەیە کە کە تا ئەمڕۆ کەڵەکەی کردووە، لەسەرووی هەموویانەوە سنوری کوردستانە و یاسای نەوت و گاز و شایستەداراییەکانی پێشمەرگە و مووچە و بودجەی کوردستان ئەمانە هەمووی گرفتە و تا ئەم ساتە وەختە بێ چارەسەرە، هەر چەندە دەستوور بە ڕوونی ئاماژەی پێدەکات، بەڵام ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت بەپێچەوانەی دەستورە هۆکارەکەشی لە بەغدا دەسەلاتداران زۆرن و هەر لایەنێک دەیەوێت خۆی بسەپێنێت و خۆی نیشان بدات کەوا ئەو خاوەن هێز و دەسەڵاتە، لەم کەینوبەینە مافەکانی کورد فەرامۆش کراوە، و مەحاڵە بە ئاسانی چارەسەر بکرێت تاوەکو هزر و بیری هەندێ لایەنی مەزهەبی و شۆڤێنی گۆڕانکاری بەسەر دا نەیەت و باوەڕیان بە دەستور و یاسا و پێکەوە ژیان و تێگەیشتنێکی دروست نەبێ و دوور لە هەژموونی دەرەکی، مەحاڵە گرفتەکان چارەسەر بکرێن، لە بەغدا لە ساتی گفتۆگۆکان هیچ خاڵێک ناهێڵنەوە و بەبۆچوونی خۆیان چارەسەر کراوە، بەڵام دوای گەڕانەوەی شاندی هەرێم وەک دەڵێن هەزار و یەک بیانوو دەدۆزنەوە.
ئەگەر بەغدا لەو باوەڕەدا بێت بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران میللەتی کورد خۆی بۆ بچەمێنێ ئەوە خەیاڵی خاوە، ڕاستە ئەو مووچە بژێوی هەزاران خێزانە بەڵام کورد خۆی بۆ ڕژێمی سەدام نەچەماند لەگەڵ ئەو زوڵم و زۆرداریە کە هەندێکیان وا خەریکە دوو بارە بێتەوە.
دەسەڵاتدارانی بەغدا دەبێ لەوە بگەن کەوا کوردستان. ئامرازی تەبایی و پێکەوە ژیانە، بۆیە گرنگە بریارەکانیان لە بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بێت و خاوەن یەک بڕیار بن ئەو گرفتانەی ساڵەهای ساڵە چارەسەر بکرێت ئێمە ئیستا لە عێراقێکی نوێی خاوەن دەستووردا دەژێین کە ئەو دەستورە زامنی مافەکانی هەموو لایەکی کردووە و زامنی یەک پارچەیی خاکی عێراقە هەر چەندە کوردستان بەزۆر لکێنرا بەو عێراقەی ئیستا و ناکرێت گرفت و ناکۆکییەکان تێگلاوبن بە بژێوی هاووڵاتیان..
بێگومان سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێتە هۆکاری زیاتر لێک تێگەیشتن و نەهێشتنی بەربەستەکان تا ڕادەیەک ئەگەر بەغدا بەهەمان گیانی تەبایی و پێکەوە ژیان بنواڕێتە بابەتەکان، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا بەغدا هەمان تێڕوانینی هەیە؟ ئایا دەیەوێت پابەندی دەستوور بێت؟ ئەم پرسیارانە باوەر ناکەم وەڵامەکانی ڕوون بن..