پارتی چۆن بیر دەکاتەوە؟

سالار عوسمان

خوێندنەوەیەک بۆ ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەڵقەی سێیەم

خۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکان
هەر لە نێو تەوەری ڕاگەیاندنی ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە دوو بابەتی تر کراوە، کە زۆر گرنگن، ئەویش سایکۆلۆژیای وەرگر و، خۆگونجاندنە لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکان.
دەمەوێ دەستپێک باسی خۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکان بکەم، ئینجا لەوێوە باسی پرسی سایکۆلۆژیای وەرگر بکەم، چونکە وەرگر لەم زەمەنە، کە بە زەمەنی تەکنەلۆژیا، سۆشیاڵمیدیا و زیرەکی دەستکرد ناسراوە، لە بارێکی زۆر ناجۆر و جیاواز و ماندوو و شەکەتدایە و، هەندێ جار وا زەن دەکات کەوتۆتە ژێر هەژموونی تەکنەلۆژیا و، جۆرێک لە هەستی بێدەسەڵاتی باڵی بەسەردا کێشاوە، کە شیمانەی ئەوە هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا مرۆڤایەتی بیر لە جۆرێک لە چارەسەر بکاتەوە، چارەسەرێک، کە مرۆڤ دەرباز بکات لەو هەژموونەی، کە ئێستا تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنە خێرا و جۆراوجۆرەکان دروستیان کردووە.
قسەیەکی نوێ ناکەین گەر بڵێین، کۆمەڵگەی کوردی بە سەرجەم جیاوازییەکانییەوە سەرەتا گرفتی تێگەیشتنیان هەبوو لەگەڵ ئەو تەوژم و شۆڕشە تەکنەلۆژیاییەی دونیای لەخۆیدا بچووک کردەوە، بەڵام چەند هۆکارێک توانیان ئەم گرفتە و لەمپەرەکانی بە جۆرێک چارەسەر بکەن، کە کورد گرێی سایکۆلۆژیی لەبەرامبەر تەکنەلۆژیا بۆ دروست نەبێت. هۆکارەکانیش:(بیرکراوەیی سیاسییەکان، زمانزانەکان و، ئەو کوردانەی تاراوگە بوون)، کە توانیان زوو، تا ڕاددەیەکی باش ئەم سیحر و تەلیسمە بەتاڵ بکەنەوە، دواتریش خوێندنی پتری زمانی ئینگلیزی و کایە مەعریفییە جیاوازەکان لە کوردستان پێگاڤێکی تر ئەم چارەسەرەی خێراتر کرد، بەڵام بەشێوەیەکی ڕێژەیی.
پارتی و ڕاگەیاندنەکەی زوو لەو ڕاستییانە تێگەیشتن، ئەو ڕاستییەی دەبێ پێڕابگەن و لەگەڵ دونیا ڕێ بکەن، بۆ ئەم مەبەستە زوو خۆیان لەگەڵ تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنە خێراکان گونجاند، هەر لە شاخەوە تا شار، هەر زوو ئامێری باشیان پەیدا کردووە، خول و مەشڤ و ڕاهێنانیان، ئەگەر سادە و بچووکیش بووبێ دەست پێکردووە، هەوڵیان داوە زوو دەستیان بگاتە نوێترین تەکنەلۆژیا، بیرمە یەکەم ئامێری سەتەلایت، کە ئەوکات پێشیان دەگوت تیلستار، پارتی کڕی و زوو هێنایەوە کوردستان و، یەکەم پەخشی ڕاستەوخۆی دەست پێکرد، کە یاری تۆپی پێ بوو، ئەوەی من باسی دەکەم ڕۆژانی پێش یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (19ی 5ی 1992) بوو، هەر بیرمە زوو دەستمان بە بەرنامەی ڕاستەوخۆش کرد، ئەم هەنگاوانە بۆ ئەم کات هەنگاوی گەورە و جۆریی بوون و ، دەکرێ بێژین جۆرێک بوون لە وەرچەرخان، دیسان هەر لەنێو کەشی ئەو خۆگونجاندنە، یەکەم کەناڵی ئاسمانی لە خاکی کوردستان دامەزراند (17ی 1ی 1999) بە نێوی
‏(Kurdistan Tv)، دواتر دەزگای گوڵان ـ ی دامەزراند، کە هێندە کراوە و جیاواز بوو، نەک نێوخۆی کوردستان، دەوڵەتانی دراوسێ، کە مێژووی قووڵیان لە بواری ڕاگەیاندندا هەیە ئیرەییان بە پارتی دەبرد!.. پارتی نەوەستا و هەنگاوێکی تری نا، کە هەنگاوێکی تاقانەیە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، ئەویش ڕۆژنامەی ئێوارانی (ئێوارە گوڵان)ی خستە سەر خەرمانی شانازییەکانی و بۆ هەمووانی سەلماند، ئامانجی گەورە هەنگاوی گەورەی گەرەکە و هەنگاوی گەورەش مەیسەر نابێ گەر خۆ نەگونجێنی دەگەڵ تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن و عەقڵی سەردەم و پێویستییە ژیاری و ژیانی و شارشتانییەکان.
پارتی و ڕاگەیاندنەکەی ئێستایش هەر بەو خەونە گەورانەوە کار دەکات و، پێنگاڤ پێنگاڤ خۆگونجێنانەتر خەونەکانی تری دەکات بە ڕاستی.

ھەواڵی زیاتر