نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 15
تاهیره‌

قوربانتبم
ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ دوانامه‌بێ كه‌ به‌رله‌ جه‌ژن بۆت ده‌نووسم. شه‌وی هه‌ینی له‌ سه‌ربازگه‌ ئیشكگربووم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆیی حه‌زمده‌كرد قسه‌ت له‌گه‌ڵدابكه‌م نه‌متوانی بچمه‌ كابینه‌ی ته‌له‌فۆن خانه‌‌. هێنده‌ وه‌ڕه‌زو بێتاقه‌ت بووم نه‌بێته‌وه‌، جنێوم به‌ زه‌وی و رۆژگار ده‌گوت. به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌ی كه‌ ته‌واوی هه‌فته‌ چاوه‌ڕوانی نامه‌یه‌كت بووم. هیچ هه‌واڵێك نه‌بوو. ته‌واوی ئه‌وساته‌ دریژانه‌ی كه‌ خاڵی بوون له‌ وجودی تۆ، ناتوانم به‌ ته‌مه‌نی خۆمیان بژمێرم. به‌ڵام تۆ چه‌نده‌ خراپی. چه‌نده‌ سه‌یری. ئه‌گه‌ر تۆم نه‌ناسیبا، ئه‌گه‌ر سۆزو خۆشه‌ویستی تۆم نه‌بینیبا، پێموابوو دڵڕه‌قترین كه‌سی. به‌ڵام دڵنیام، ده‌زانم چاوه‌ڕوانم ده‌كه‌ی. ده‌زانم هێشتا بیرم ده‌كه‌ی. به‌ڵام كاتێك نامه‌ت نایه‌، هه‌قم نییه‌ گله‌یی بكه‌م؟
تا كاتێك ئه‌و نامه‌یه‌ت به‌ ده‌ست ده‌گاو تا ئه‌وساته‌ وێنه‌كه‌ت نه‌ناردووه‌ ئیدی مه‌ینێره‌. جه‌ژن بۆخۆم لێت وه‌رده‌گرم.
رۆژی 29ی ره‌شه‌مه‌ یان جێژن له‌ ته‌ورێزم. چاوه‌ڕوانم به‌. بۆخۆت به‌ ته‌له‌فۆن وه‌ڵام بده‌وه‌.
له‌ ئێستاوه‌ خه‌می ئه‌وه‌مه‌ كه‌ چۆن ده‌توانم لێت جیاببمه‌وه‌و دووباره‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ربازگه‌. ئه‌وبیره‌ ته‌واوی وجودی له‌رزاندووم. به‌ڵام له‌بیرتبێ‌ به‌ ئومێدی ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ بۆ هه‌میشه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین. به‌هیوای ئه‌و رۆژه‌خۆشانه‌ی له‌پێشمانن.

ئه‌م هه‌فته‌یه‌ زۆر چاوه‌ڕوانبووم نامه‌یه‌كت نه‌هات. زۆرنیگه‌ران بووم. بۆخۆشت ده‌زانی ئه‌وه‌ تووڕه‌م ده‌كات. ئاخر چاوه‌ڕوانیم له ‌تۆ نییه‌ ئاوابی، ده‌توانم چیبكه‌م. بێجگه‌له‌وه‌ی هه‌رخۆم بخۆمه‌وه‌.
حاڵی من هه‌روه‌كو خۆیه‌تی نه‌گۆڕاوه‌. به‌زۆری له‌ ده‌شتێم. هه‌تا شه‌وانیش تا سه‌عات دوازده‌ یان یه‌كی شه‌و خه‌ریكی راهێنانی سه‌ربازین، یانی ده‌چینه‌ به‌ر هه‌تاو داده‌نیشین، یان سه‌نگه‌ر لێده‌دین، به‌كورتی هه‌مان كاری ئاسایی و بێهوده‌ی سه‌ربازی.

قاچه‌كانت ماچ ده‌كه‌م.
غ- س
28/1/1341 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.