شەوی بێ سپێدە

و: خالید فاتیحی

تەپڵ لە بن هەنگڵ، لە نێو ئاپۆره‌ی خەڵكی ئاوایی، وەك ناڵەی نەی خولی دەخوارد، خوار دەبووەوە و ڕاست دەبووەوە لێیدەدا و دەیگوت:
«دایە گیان جێت ناهێڵم…»
لەحەسارێ‌ دەرزیت هەڵاویشتبا نەدەكەوتە سه‌رزەوی، منداڵەكان لە ناو لاقی گەوراندا سەریان دێنا دەر و سەیری گۆرانیبێژەكانیان دەكرد. هەموو چاوەڕوانی ئەسپی بووكێ بوون. سوچ وقوژبنی حەسارێ ئاگردان بوو، ئاگر بڵێسەی لێهەڵدەستاو لەملاولای مەنجەڵەكان به‌رزببووه‌وه‌. بۆنی شیرینی و عەتر و دووكەڵ تێكەڵ ببوو. گەنجەكان لە سەر دیوارەكان دانیشتبوون و لاقیان شۆڕ كردبووەوە و بە ئاوازی تەپڵەكە تەكانیان دەدا. ئەو، تەپڵ كووتە چاوەكانی لە سەر یەك دانابوون و دوای سێ ساڵ ئێستا وا بەگەرمی تەپڵەكەی دەكوتا كە دەنگی لێدانی دەگەیشتە ئەوسەری ئاوایی.
«ئاخر بابم دەڵێ: تۆ گۆرانی بێژی – بۆ خۆشت دەزانی گۆرانیبێژی عەیبە.»
سێ ساڵ لەمەوبەر بە بووكی گوتبوو، تا دڵی رازی كردبوو ئامانی لێ هەڵگیرابوو.
«ئەگەر بڵێی لێمەدە لێنادەم، بە چاوان.»
وازی لە گۆرانی گوتن هێنابوو ئەو رۆژە رۆژێك بوو كە بۆ بەیانی خێڵ كۆچیان دەكرد. كاروان رۆیشتبوو ئەو و دایكیشی مابوونەوە.
«دایە ئیتر بەشێك نین لەخێڵكی قەرەجیان، دەمەوێ‌ هه‌رلێرە وەمێنین.»
سه‌رۆك هۆز پێكەنیبوو:
«كەس بە پیاوت نازانێ‌، هه‌ر له‌بەر ئەوەیە ئێمە لە هیچ شوێنێك نامێنینەوە.»
ئەویش دۆشدامابوو.
ژنەكان هەر هەموو هەلهەلەیان لێدەدا. چاوی هه‌ڵێنان، تارایەكی سپیان بە سەر سه‌ری بووك دادابوو، زاوا رێشمەی ئەسپەكەی ڕادەكێشا، خەڵكەكە رێگایان بۆ واڵا كرد.
«بیر لەوە مەكەوە، باوكم دەڵێ تەنیا كوڕی مامت.»
تەپڵەكەی لە ژێر باڵیدا رێكگوشی و چاوەكانی لێكنان. كیژان لە دەشت گوڵیان دەچنی، گوڵاڵە سوورە و گوڵە بەیبوونە و .. ئەو – بووك بە كراسی ئاودامانی سپی پوولەكە چنراوەوە بەرچنەكەی پێش هەمووان پڕ كردبوو چەندە شیرن بوو تانه‌وپلاری كیژەكان.
«هەندێك كەسێكیان هەیە گوڵیان بۆ بچنێ‌، لە بەر ئەوەیە بەرچنەكەیان زوو پڕ دەبێ.»
بەرچنە بەدەست لە ژێرەوە پێدەكەنی و گۆنای قوڵ دەبێ. لەو هەوا بەهارییەدا، نەك وەك ئێستا كە لە سەر پشتی زینی ئەسپ سوار بووە، لە ژێر تارای سپیدا ڕوخساری دیارنەبوو، ئایا لە ژێر تارادا ئەوی دەبینی كە وەكو مارێكی بریندار پێچی دەخوارد. بەو ڕوخسارە گەنم ڕەنگ و تاوە سووتاویەوە كە لە ئارەقدا دەبریقایەوە و بەو دەنگە گڕەوە دەیگوت:
«دایە جێت ناهێڵم.»
دووبارە ببوەوە گۆرانیبێژ. تۆم كەنەبێ گۆرانیبێژبوون یان نەبوونی من چ جیاوازیەكی هەیە. لێم گەڕێ لانیكەم بۆ دڵی خۆم گۆرانی بڵێم.
دووبارە ژنەكان هەلهەلەیان لێدا، ئەسپی بووك نزیك ژووری پەردە ببوەوە. دایكی زاوا شیرینی و پارەی بە سەر بووك دا هەڵداویشت.
«دایكم هەندێك پارەی كۆ كردۆتەوە، بەڵام من حەز دەكەم تەنیا بە سەر سەری تۆدا هەڵبدرێن.»
«باوكم دەڵێ ئەگەر لێرە وەمێنی هیچ سوودێكی نییه‌، خەڵكی عەیبەم دەڵێن.»
«لێرەوە دەتبەمە جێگایەك كە كەس نەمانناسێ.»
حازریان پێدەكەنین. هەزاران دەمی كراوە كە لێی نزیك دەبوونەوە، دوور دەكەوتنەوە و هەزاران چاو، چاوی ئەو مارانەی كە سوور هەڵگەڕابوون، خوێنیان تێزابوو، ئەو ئەوانەی نەدەناسی.
زاوا دەستی بووكی بەرەو ژووری پەردە رادەكێشا.
«لە ناو خێمەدا كە نابێ، تۆش خۆ خانووت نییە.. قەرەجی.»
«دەست لە قەرەجایەتی هەڵدەگرم. خانوو دروست دەكەم هەر لێرە و لە مەڵبەندی تۆدا دەمێنمەوە.»
«باوكم دەڵێ قەرەجایەتی لە ناو خوێنیاندایە.»
دامێنی كراسی بووك لە سەر زەوی دەكشا. ئەو بە دوای بووك دا دەڕۆیشت، لێیدەدا و گۆرانی دەگوت:
«دایە گیان جێت ناهێڵم.»
زاوا بووكی بردبوە ژووری پەردەوە. دووكەڵ سەرانسەری حەوشەی داگرتبوو، كەوتە كۆخین لەگه‌ڵ گوتنیشدا جارجار دەكۆخی و دەیگوت:
«دایە گیان…»
بازنەی خەڵكەكە دووبارە داخرابوو. بازنەیەك كە تەنگتر و تەنگتر دەبۆوە. هەندێ جار دەستێك لە ناو خەڵكەكە بەرز دەبوەوە، تا ئه‌و دراوه‌ی لە ناو پەنجەكانیدایه‌، لە روخساری ئارەقاوی ئەوی بخشێنێ، ئەویش دراوەكانی ڕەت دەكردەوە پارەكان پەرش و بڵاو دەبوونەوە و بە پێی پێخواس لە سەر پارە گرمۆڵەكان سەمای دەكرد، دانەدەهاتەوە وەك سێ ساڵ لەمەوبەری كە دراوەكانی لە هەوا دەقۆستنەوە، ماچی دەكردن و بە ددانەكانی دەیگرتن، پێدەكەنی و دەچوو لە پێش كابرای شاباش لێدەر سەمای دەكرد و هەڵدەپەڕی.
بەڵام وەك ئێستاش نا كە سەرتاپای دەلەرزی و ئازار بە جەستەیەوە دیاربوو.
«چییە؟ قەرەجەڕەش– چ بووە بۆ وا ناز دەكەی حەتمەن دەتەوێ‌ شاباشی زێڕت بدەنێ‌؟»
نایەژەنە پیرەكە ئاوازی نایەكەی گۆڕیبوو ئارامتر لێیدەدا، لێیدەدا و بە ئاوازی نایە گۆرانی دەگوت:
«ئەمشەو شەوی ئێمەیه‌، شەوی ئێمە سپێدەی نییە
یار لە دڵی من، دڵی من خەبەری نییە»
دەنگی دڵگیر بوو، كاریگەر بوو. خەڵكەكە بێدەنگ ببوون، كەس چەپڵەی لێنەدەدا. هەموو دەستیان خستبوە بن هەنگڵیان و لە ناو دەنگی گڕی ئەو دا توابوونەوە.
«ماشەڵڵا– چەپڵە، چەپڵە، ئه‌وه‌ زه‌ماوه‌نده‌ ها.. بۆ هەمووتان تازیەتان گرتووە»
دەنگی باوكی زاوابوو. دەنگی بێخەیاڵی ئەو كە بە ورگی زلیەوە چەقەنەی لێدەدا، خۆی بادەدا تا خەڵكەكە وەجۆش خاتەوە. میوانەكان له‌سه‌رخۆ لە سەر فەڕشەكان دانیشتن. نایە ژەنەكە لێی نەدەدا. تەپڵەكەی لە سەر زەوی دانا و لە سووچێك دانیشت. سەیرێكی دەرگای ژووری پەردەی بووك و زاوای كرد.
(با) یاری بە پەردەی ژووری بووك و زاوا دەكرد.
«ئاخر تۆخانووت نییە.. خۆ لەناو خێمەش دا ناكرێت.»
كچەكان دەست و پەنجەیان لە خەنە گرتبوو پێدەكەنین. منداڵان شیرنیان دەخوارد. بۆنی پڵاوبرنج حەوشەی پڕ كردبوو. دەنگی قاپ و دەوری دەهات. حەزی لە نان خواردن نەبوو. باوكی بووك هاتە لای.
«بڕۆ ئەگەر باوكم بێتە ئێرە و بتبینێ دەتكوژێ. تۆ بزنت نییە تا بڵێی لە بزنم دەگەڕێم بۆیە هاتوومە ئاغەڵ. بڕۆ…»
دەستی گرت و بەرزی كردەوە.
«چییە چ روویداوە بۆ وا دۆش داماوی، قەرەج؟ گۆرانیبێژ نابێ بە خەمگینی دابنیشێ، تۆ گۆرانیبێژی دەبێ هەمیشە هەڵپەڕی.»
دەستی لە دەستی خۆی بەردا و بە دڵی پڕ و چاوی پڕ لە فرمێسكەوە بەرەو دەرگای حەوشە بەڕێكەوت.
«ئەگەر نەكرێ چ دەكەی؟»
«لێرە دەڕۆم و ئیدی هه‌رگیز نایەمەوە.»
«حەتمەن لە جێگایەكی دیكە عاشقی یەكێكی دیكە دەبی.»
«نا، نابم.»
«ئاخر تۆ قەرەجی، رۆژێك لە جێگایەك.»
«بەڵام دڵم قەرەج نییە، هەمیشە لێرەیە.»
ئاگری ئاگردانەكان ببوونە خۆڵەمێش. میوانەكان نانیان دەخوارد. هێشتا نەگەیشتبووە بەردەرگای حەوشە كە باوكی زاوا پێشی پێگرت:
«بۆكوێ؟ دەچیە كوێ قەرەج؟ وەمێنە نانەكەت بخۆ.. هۆی كوڕە بڕۆ قاپێك برنج بۆ گۆرانیبێژەكەمان بێنە.»
بە تەنیشتیدا تێپەڕی، بە شانی تێك تەپیو و سەرێكی قورسی پڕ لە ئازارەوە. باوكی زاوا لە كاتێكدا كە دەستی خستبووە ناو گیرفانیەوە گوتی:
«كەواتە ڕاوەستە لانیكەم وەرە پارەكەت وەربگرە، زۆر ماندووی چاكەت لە گەڵ كردین. دوای سێ ساڵ تەنیا لە بەر خاتری كوڕەكەم هاتی…»
دەستی پڕ لە پارەی ئەوی ڕەت كردەوە و بەرەو كۆڵانە تاریكەكە وەڕێ كەوت. شەوێكی سەنگین و تاریك بوو. دیوارەكان قورساییان خستبووه‌ سه‌ر سینگ و هەناسەی. لە خوار ئاوایی، لە دوورەوە ڕووناكایی فانۆسه‌كه‌ی دایكی دەدیت كە ئاوی دەدایە ئەو كەوانەی لە ناو قەفەس دا بوون و بە ئەستووندەكی چادرەكە هەڵواسرابوون.
«كوڕی خۆم ئەوانە كچی خۆیان نادەن بە تۆ، نەنگییە بۆ ئه‌وان ببنە ژنی ئێمە، یان ئێمە ببینە ژنی ئەوان.»
«دەمەوێ كەوەكان ببەمە ماڵی ئەوان.»
«لێت وەرناگرن.»
«دەمەوێ كەوەكانتان بۆ بێنم.»
«نا، نا، باوكم زۆری پێناخۆش ده‌بێ.»
لە لای باخەكەوە شنە بایەكی دەهات. دەنگێكی ترسناك لە قامیشەڵان و باخچەكانەوە لە گەڵ باوە دەهاتن. لە بێدەنگیدا بە هاوكاری دایكی كەلووپەلەكەیان كۆكردەوە. بۆ بەیانی زوو كۆچ كردن بوو، ئەوان رێگای كاروانیان ون كردبوو .
****
ن: سه‌ید عەلی ساڵحی
سەرچاوە:
مجلە (دنیای سخن) شمارە 93 سال 1380

ھەواڵی زیاتر