دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

تیری ژاراوی

زەبروزەنگ هەمیشە زەبروزەنگ بەرهەم دەهێنێت. که‌ خەڵکی شیلی سه‌رله‌شکری داگیرکه‌ر به‌ دیل ده‌گرن، ده‌یبه‌ستنه‌وه‌، به‌ زیندوویی پارچه‌ گۆشتی لێ ده‌که‌نه‌وه‌، ده‌یبرژێنن و به‌به‌ر چاوییه‌وه‌ ده‌یخۆن. سه‌رله‌شکری داگیرکه‌ر که‌ له پێناوی زێڕدا وڵاته‌که‌ی داگیر کردبوون، زێڕ ده‌توێننه‌وه‌ و ده‌یکه‌ن به‌ گه‌روویدا. که‌ ده‌یکوژن، له‌ ئێسکی شمشاڵ و له‌ کاسه‌ی سه‌ری کاسی شه‌راب چێ ده‌که‌ن. ماپوچێ: (خەڵکی باشووری شیلی) که‌ خراپه‌یان له‌گه‌ڵ کرا، هه‌رگیز له‌بیریان ناچێته‌وه‌، ئەوە پاساوی خۆیانە، بۆ هانابردن بۆ زەبروزەنگ. ئیسپانیایییەکان کە بەرەو لاتین ئەمریکا بەڕێ کەوتن، کۆیلە ڕەشپیستیشیان لەگەڵ خۆیان بردبوو. کۆیله‌ ڕه‌شپێسته‌کان زۆر له‌وه‌ ده‌ترسان، به‌ زیندوویی ده‌ست (هیندییه‌ سووره‌کان) بکه‌ون، ئاخر که‌وڵیان ده‌کردن، تا بزانن هه‌ر به‌ خۆڕسک و سروشتی پێستیان ڕه‌شه، یان پێستیان ڕه‌نگ کردووه‌؟

لای ماپوچێ کە خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی شیلی بوون، (زاوا) به‌ کۆمه‌کی هاوڕێیه‌کانی، شه‌و ده‌یدا به‌سه‌ر ماڵی (بووک)دا، ده‌یڕفاند و دواتر به‌ چه‌ند ئاژه‌ڵێکی ماڵی له‌گه‌ڵ ماڵی (خه‌زوور)یدا ڕێک ده‌که‌وت. پیاو مافی فره‌ژنیی هه‌بوو، به‌مه‌رجێک به‌یه‌کسانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کردبان. ماپۆچێ سەروەختی پەلامار، پێی شەرمێکی گەورەبوو، دەست لە ژن بوەشێنێت، با بەشداریی شەڕیشی کردبێت. ماپوچێ به‌ زمانی ماپودونگوو ده‌په‌یڤین، خێڵه‌کان ساڵی جارێک له‌ جه‌ژنی (نگولاتوون)دا کۆ ده‌بوونه‌وه‌ و له‌ سه‌روه‌ری خه‌ڵک، (یەزدان) کە ناوی (نگێنیچێن) بوو، ده‌پاڕانه‌وه‌، تا له‌ فه‌ڕ و پیت بێبه‌شیان نه‌کات. نوێژی ماپوچێ ساڵی جارێک بوو، نه‌ک وه‌ک کریستیان که‌ هه‌موو یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک خودا بەسەر دەکەنەوە، یان وه‌ک موسوڵمان ڕۆژی پێنج که‌ڕه‌ت لێی ده‌پاڕێنه‌وه‌. ماپوچێیەکان دەیانگوت: داگیرکاران هه‌ر به‌ تاڵانکردنی سامانی وڵاته‌که‌مان لێمان خۆش نابن، ده‌یانەوێت دوو پارچه‌ ته‌خته‌یش که‌ خاچێکیان لێ دروست کردبوو، بپه‌رستین.

به‌ گوێره‌ی ئه‌فسانه‌ی گریک، هارپیا، گیاندارێکه‌، سه‌ری ژنه‌ و له‌شی مەلێکی گۆشتخۆرە لە چەشنی باز، یه‌که‌م جار که‌ خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی لاتین ئه‌مریکا، ئه‌سپسواری ئیسپانیایی ده‌بینن، وای بۆ ده‌چن، زینده‌وه‌رێکی ئه‌فسانه‌یییه‌، نیوه‌ی ئینسانه‌ و نیوه‌که‌ی تری ئاژه‌ڵ، ئاخر پێشتر ئەسپیان نەدیتبوو. جەنگاوەری ماپوچێ به‌رگه‌ی دژوارترین ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌گرت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا، هه‌ستی به‌ ئازار نه‌دەکرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازابوو. ژنێکی ماپوچێ که‌ ده‌بینێت، مێرده‌ له‌ شه‌ڕدا به‌ دیل گیراوه‌که‌ی، به‌ ده‌ستی به‌ستراوه‌وه‌، به‌ره‌و سه‌کۆی له‌ سێداره‌دان ده‌برێت، منداڵه‌ ساواکه‌ی فڕێ ده‌داته‌ به‌رده‌می و پێی ده‌ڵێت: نامه‌وێ به‌ شیری خۆم، وه‌چه‌ی پیاوێکی ترسنۆک گۆش بکه‌م. دایک لێ ده‌گه‌ڕا پێش ئه‌وه‌ی هۆگری ببێت، منداڵه‌که‌ی له‌ برساندا بمرێت، نەک دواتر داگیرکاران بیبەن و‌ بیکه‌نه‌ کۆیله‌ی خۆیان.

له‌ جه‌نگدا پەتا و برسییه‌تی بڵاو ده‌بنه‌وه‌. برسیه‌تی وا دەکات‌، ئینسان وه‌ک چۆن به‌ تاسووقه‌وه‌ گۆشتی مه‌ڕ ده‌خوات، ئاوایش گۆشتی ئینسان بخوات. (برسییه‌تی وزه‌ له‌به‌ین ده‌بات و کارێک ده‌کات خاووخلیچک و خه‌مناک بین، به‌ڵام زه‌ینمان ڕوون ده‌کات و ئاره‌زوومان بۆ سێکس داده‌گیرسێنێت، ئه‌وه‌ بۆیه‌ پیاو کاتێک که‌‌ هه‌ر له‌ په‌یکه‌ری ئێسکیش ده‌چێت، ده‌ست له‌ ڕاوه‌ژن هه‌ڵناگرێت.) ئیسابێلا ئالەندێ لە ڕۆمانی (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)دا، چەند باسی شەڕ و داگیرکاری دەکات، هێندەیش بایەخ بە خۆشەویستی دەدات: (که‌ ئه‌وی خۆشمان ویستووه‌، ناپاکیمان لێ ده‌کات، ئیدی چه‌ندمان خۆش ویستووه‌، هێنده‌مان ڕق لێی ده‌بێت، ئیدی له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ک جاران بیپارێزین، هه‌وڵ ده‌ده‌ین برینداری بکه‌ین، ئیدی خه‌وشی گه‌وره‌ی، بچووک نابینین، بچووکترین خه‌وشی له‌به‌ر چاومان گه‌وره‌ ده‌بێت، ئیدی با پێمان وایش بووبێت، به‌خشنده‌ و دلۆڤان بووه‌‌، دوای نائومێدبوونمان لێی، به‌ به‌رچاوته‌نگ و دڵڕه‌قی ده‌زانین. دڵ وه‌کوو ده‌فرێک وایه‌، که‌ ته‌ژیبوو له‌ شتی پیس، ئیدی جێی شتی پاکی تێدا نابێته‌وه‌.)

گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری، ئاریشه‌ی خۆی هه‌یه‌، ئاخر یادگه‌، هێلانه‌ی لووتبڵندی و شانازی به‌ خۆووه‌ کردنه‌ و زۆر جار ئه‌و داوه‌ی واقیع له‌ خه‌یاڵ جودا ده‌کاته‌وه‌، بزر ده‌بێت. گێڕەرەوە کە سەرقاڵی گێڕانەوەی ژیاننامەی خۆیەتی، دەڵێت: (ده‌مزانی تووشی نسکۆ هاتووم، به‌ڵام شکۆمه‌ندیم لێ نه‌ده‌گه‌ڕا ددانی پێدا بنێم، نه‌مده‌ویست که‌س به‌ زه‌لیلی بمبینێت.) هەر لەم سۆنگەیەوە، بەدەگمەن کەسێکمان دەست دەکەوێت، هێندە بوێر بێت، چی ڕاستییە، با بە زیانی خۆیشی بشکێتەوە، ئەوەمان بۆ بنووسێتەوە. کە گێڕەرەوە هەموو جێیه‌ک له‌ جه‌سته‌ی، په‌ڵه‌ی جێبرینێکی پێوه‌ بوو، نابێت وا خۆی بناسێنێت کە لە ژیانیدا بریندار نەکراوە. کە گێڕەرەوە داگیرکار بوو، واتا لە دز و بکوژ بەولاوە هیچی تر نییە، نابێت خۆی وەک فەریادڕەس پیشان بدات.

بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بژین، نابێت له‌ مردن بترسین.
به‌بێ هه‌بوونی خۆشه‌ویستی، ناتوانین درێژه‌ به‌ ژیان بده‌ین.
مه‌رگ له‌ نزیک مێزه‌که‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتووه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی بریندار نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌ڕ، ده‌بێت تیر ژاراوی بێت.
ئه‌گه‌ر قه‌رزداری که‌سێکی سته‌مکار بین و توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌که‌یمان نه‌بێت، دەبینە کۆیلەی و چی بخوازێت بۆی جێبه‌جێی بکه‌ین.
جه‌نگاوه‌رێکم خه‌می دونیام به‌ کۆڵه‌وه‌یه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی ڕێ ده‌که‌م.
پیاو زێتر پێویستی به‌ سۆزی ژنه‌ وه‌ک له‌ ڕێز.
له‌و که‌سانه‌ نیم که‌ دوو جار له‌ هه‌مان به‌رد هه‌ڵده‌نووتێن.

لە ڕۆمانی (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم)ی (ئیسابێلا ئالەندێ)دا، تووشی ئەو گوتە جوانانە و چەندان گوتەی جوانی دیکە دەبین.
(*) Allende, Isabel، Inés min själs älskade – Ett levnadsminne، Översättnig av Lena Anér Melin Norstedts förlag 2007 Stockholm.

ھەواڵی زیاتر