بێ حیکمەت نییە، کە خوای گەورە ژمارە و ڕێژە و ئاستی سەربازەکانی ناڵێت..!

عومەر چنگیانی

لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە، کە شەڕگرێبانی بڕوادارانی دەگرت، لە پەروەردە قورئانییە پڕ لە یاسا تۆکمە سەربازییەکان، کە جێگای تێڕامان و وردبوونەوەیە، کاتێ مزگێنی سەرکەوتنی دەدا بە مسوڵمانان و لە هەندێ جێدا بە زمانی ژمارە باسی لە هاتنی مەلائیکەی دەکرد بۆ پشتیوانیکردن لە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – و لە یارانی – خوا لێیان ڕازی بێت – هەرگیز پلانی شەڕکردن و جۆری هێز و ئاستەکانی نە دەفەرموو! بگرە لە ئایەتەکانی ١٢٣-١٢٥ ی سورەتی (ئالی عیمران) دا، کە ئاماژە بە ژمارەیش دەکات، جۆر و شێواز و ئاستی توانا و هێزی سەربازەکان ڕوون ناکاتەوە، وەک دەبینین ڕووی گوتاری دەکاتە بڕواداران و دەفەرمووێت: (بەڕاستی خوای گەورە لە (بەدر)ـدا کاتێک ئێوەی سەرخست، کە ئێوە لە ناڕەحەتیدا بوون، کەوابوو تەقوای خوا بکەن، سابەڵکو لەوانە بێنە هەژمارکردن، کە سوپاسگوزاری نیعمەتەکانی خوان )١٢٣ ال عمران).
پاشان ڕووی گوتاری دەکاتە خودی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – و دەفەرمووێت: (ئەوکاتە وەبیر خۆت بێنەرەوە، کە بە بڕوادارانت دەگوت ئەرێ هێندەو بەس نییە، کە خوای گەورە پێتان ڕابگات و بۆتان ببێتە فریادڕەس بەناردنی سێ هەزار فریشتە، کە لەدووی یەک بێنە خوارەوە؟ *
بەڵێ. ئەگەر دانی ئارام بەخۆتاندا بگرن و تەقوای خوا بکەن و ببینن، کە کتوپڕی لەگەڵ پێویستییەکەتاندا دەبینن، ئەوان دێن و پەروەرێنتان فریاتان دەکەوێت بە هەناردەکردنی پێنج هەزار فریشتە، کە گشتیان ڕامکراو و گۆشکراو و ئامادەی شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەن (١٢٤-١٢٥ال عمران).
لە ئایەتی ٩ـی سورەتی (الانفال)ـیشدا جارێكی تر ڕووی گوتاری دەکاتەوە یاران و دەفەرمووێت : (ئەوکاتە بێننەوە بیر خۆتان کە هانا و هاوارتان بۆلای پەروەرێنتان بەرز دەکردەوە و ئەویش بە تەنگ داوا و هاوارەکەتانەوە هات و سۆزیی دانێ و فەرمووی من فریاتان دەکەوم بە هەزار فریشتە، کە لەدووی یەک دێنە خوارەوە). تەنانەت لە ئایەتی ٣١ـی سورەتی (مودەسیر)ـدا دەفەرمووێت: (هیچ کەس ڕێژە و ئاست و جۆر و یاسا و ڕێسای سەربازانی پەروەرێنی تۆ نازانێ، خوا بۆ خۆی نەبێت).
خوێنەری بەڕێز:
لە داستانە جەنگییە زۆر و لەبن نەهاتووەکان دێتە بەرچاو و گوێمان ئەوەیە، کە زۆرجار لەمێانەی پلانی دوژمن بۆ هێزی بەرانبەر وەک مەرامباشی و نیازپاکیی گەیاندنی لایەکی ڕووبوونەوە، وەڵامی بۆ هێزی بەرانبەر ناردووە، چونکە ئێستا لە مۆڵەتی شەڕڕاگرتنداین ژمارەی خۆتانمان پێ بڵێن، تا ئازووقە و پێداویستی و خۆراکتان بۆ دابین بکەین، تا دواتر لەسەر ئەو بەرچاوڕوونیە پەلاماریان بدەن! کە ئێستای پەیوەندی ئێمە و بەغدا و مکوڕبوونی بەغدا لەسەر پێدانی نهێنییە سەربازییەکان بە بەغدا لەلایەن هەرێمەوە، بە پێویستی گێڕا لەسەرم کە گوڵخەرمانی ئەمڕۆم ئەم لێکدانەوانەم بێت بۆ ئەو چەند ئایەتەی قورئانی پڕ لە بەخشش، گەرچی پێناچێ من زۆر سەرودەر لە سیاسەت بکەم یان بابەتە سەربازییەکان تێبگەم، وەلێ دانی ئارام بەخۆداگرتن و نەدانی زانستی ڕێژە و ژمارەی پێشمەرگە بە بەغدا، پێموانییە ئەرک نەبێت.

ھەواڵی زیاتر