پارتی چۆن بیر دەکاتەوە؟



خوێندەوەیەک بۆ ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

سالار عوسمان

بەشی یەکەم

له‌ ڕاگه‌یاندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ته‌وه‌رێك ـ تەوەرەی پێنجەم ـ تایبه‌ت كراوه‌ به‌ ڕاگه‌یاندن، له‌م ته‌وه‌ره‌دا كۆمه‌ڵێك بابەت و پرس و مژاری گرنگ و خاڵی گه‌ش باسكراون، كه‌ ڕوانگەی ڕۆشنی میدیایی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرجەستە دەکەن، کە ده‌كرێ هه‌مووان، ڕاگه‌یاندنكارانی پارتی پێش ئه‌وانیتر، بیكه‌نه‌ بەشێک لە میتۆد و نەخشەڕێگەی كاركردن و تێگەیشتن

ڕوانگە سه‌ره‌كییه‌كان ئه‌مانه‌ن:
1- هێشتنه‌وه‌ی هاووڵاتییان له‌ ئاستی ڕووداوه‌كاندا.
2- ئه‌ركه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ڕاگه‌یاندن.
3- یه‌كترقبوڵكردن.
4- مرۆڤدۆستی.
5-پێكه‌وه‌ژیان.
6- وه‌رگری میدیایی و پرسی سایكۆلۆژیای وه‌رگر، بە نموونە (نیگەرانییکوژی).
7- خۆگونجاندن لەگەڵ پێشكەوتنە خێراكان
8- گەورەبینین و خۆ مژووڵ نەكردن بە بابەتە بچووكەكان.
9- میدیا و مێژوو و، ئەركە ڕۆشنبیرییەكانی نێوانیان
10- بەرجەستەكردنی گەورەیی ڕێبازی بارزانی و پارتی و، ئەركە ڕۆشنبیری و میدیاییەكانی ئەم قۆناغە.

ئەم (١٠) دەخاڵە، (١٠) دە خاڵی گرنگی قسەهەڵگریی پڕ لق و چڵی پەیڤینن بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بزانن پارتی چۆن بیر دەكاتەوە و ئامانجەكانی چین و دەیەوێت بگات بەكوێ.
با لە خاڵی یەكەمەوە دەست پێ بكەین:
1- هێشتنەوەی هاووڵاتییان لە ئاستی ڕووداوەكاندا:

پارتی پێیوایه‌ ڕووداو به‌شێكه‌ له‌ ژیان، مرۆڤ له‌نێو ڕووداودا ده‌ژی، كار له‌ ڕووداوه‌كاندا ده‌كات و ڕووداویش كاریگه‌ریی به‌سه‌ر مرۆڤەوە هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌وله‌ویه‌تی ڕاگه‌یاندن ڕووداو بێت، پرسی ڕووداو، خێرایی ڕووداو، گواستنه‌وه‌ی پیشه‌ییانه‌ی ڕووداو ئەولەوییەت بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنی پارتی به‌ درێژایی مێژوو پێیه‌وه‌ ناسراوه‌ ڕاستگۆییه‌ له‌ گواستنەوەی ڕووداودا، بۆیه‌ تاكه‌ چه‌مكێک، كه‌ هەمیشە ده‌كه‌وێته‌ پێش خێرایی بریتییه‌ له‌ ڕاستگۆیی، ئەمەش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، كه‌ پارتی ڕاستگۆیه‌، ڕاستگۆیه‌ له‌گه‌ڵ مێژوو و دۆز و ئێستا و ئاینده‌ و هاووڵاتییان و پرسه‌كاندا، بۆیه‌ نایه‌وێت له‌ به‌ر خێرایی زیان ببه‌خشێته‌وه‌، چونكه‌ ناڕاستگۆیی زیانێكە ڕێك وه‌ك په‌تا وایه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ و تاكه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیدا تووشی ده‌رد و به‌ڵا ده‌كات، نابێ ڕاگەیاندنی پارتی دوور بێت لە هیچ ڕووداوێك، بەڵام دەبێ نزیكێكی ڕاستبین بێت، نزیكێك، کە هاووڵاتییان و چاكەی گشتی قازانجی لێ بكەن.

2- ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ڕاگەیاندن:

پارتی و ڕاگەیاندنەكەی،
پارتی و پەروەردە سیاسییەكەی بەردەوام كێشەیان لەگەڵ بەشێك لە دەوروبەر، جا دەوروبەری نێوخۆیی بێت، یانژی هی دەرەکی ئەوەیە، كە كوردستان و دۆزەكەی ئەركدارن بۆ مرۆڤ، جا ئەو مرۆڤە ڕاگەیاندنكار بێ یان سیاسی، حوكمڕان بێ یان ئۆپۆزیسیۆن، جووتیار بێ یان كرێكار، دەبێت ئەركەكان ببینێت، دەبێ نیشتمان و نەتەوە و دۆزە گەورەكەی ببینێت، لەبەر هەر پاساوێك بێت نابێت ئەركەكانی نیشتمان و نەتەوە و ئایندەسازی و تابلۆی دۆزە گەورەكە نادیدە بگرێت و ببن بە ژمارە دوو و سێ لای، كەواتە ئەوەی ژمارە یەكە نیشتمان و نەتەوە و دۆز و ئەركەكانیەتی، خۆ كێشەی سەرەكی پارتیش لەگەڵ نەیار و دژەکانی هەر ئەوەیە، ئەوان نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ و خاك و دۆز به‌ژماره‌ یەک نابینن. و، پارتیش ده‌یه‌وێت ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ بگۆڕێت، كه‌واته‌ پارتی له‌ کاری ڕۆشنبیرییانەی ڕاگه‌یاندنی خۆیدا ده‌یه‌وێت ڕوانگەگۆڕی بكات، ڕوانگەگۆڕییەکی پۆزه‌تیڤ، كه‌ دواجار ده‌بێتە بەشێک لە پەروەردەی نەتەوەیی و نیشتمانی و دەچێتە نێو پڕۆسه‌ی ئایندەسازییەوە.