هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئایندەی کوردستان

ئەسرین عاسی شوانی

هەستی نەتەوەیی یەکێکە لە بنەماکانی هەر میلەتێک، گەر بیەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببێتەوە، بە تایبەت لای گەنج و لاوە تازە پێگەیشتوەکان کە لە هەڕەتی ئەوەدان ئیبداع بخوڵقێنن و ببنە داینەمۆی شۆڕش و سەرکەوتنە بێ وێنەکان، جارێ هەر گەلێک، تاکی هەر نەتەوەیەک ئەگەر لاوەکانی جۆشدراوی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بن ئەستەمە ئەو گەلە نوشوست بهێنێت بەپێچەوانەوە، گەلێک لاوەکانی بە هەستی نەتەوایەتی جۆش درابێ، ئەوا ئەو گەلە نمونەی دەبێت و لە هەر کەوتنێک سەرکەوتنێکی گەورەتر بەدەست دەهێنێت.
بۆیە گەر بگەڕێینەوە ئەمڕۆی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان و شیتەڵی عەقیدەی لاوەکانمان بکەین، بزانین تا چ ئاستێک هەستی نەتەوایەتی لای لاوەکانمان بوونی هەیە، ڕەنگە بگەینە دەرەنجامێک توشی ڕەشبینی ببین لەو ڕوانگەیەوە، دیارە چەندین هۆکاریش هەیە کەوای کردووە، نەوەکانمان لەم سەردەمەدا هەستی نەتەوایەتیان لا کاڵ بێتەوە، وەک کاریگەری تۆڕی کۆمەڵایەتی کە وای کردووە نەوەی ئێستا دوور بکەونەوە لە خوێندنەوە و ئەوەی ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەیبینن شتی سادەیە و زوو لە بیرەوەریان دەسڕێتەوە، چونکە هەموو ئەوانە شت گەلێکی ڕۆتینین و مەبەستی دوور مەودایان لە پشتەوە نیە و هۆکارێک نین بۆ ڕۆشنبیرکردنی نەوەی نوێ بە تایبەت بەکاربەری تۆڕی کۆمەڵایەتی لای کورد کە زۆر بەسەقەتی کاری لەسەر دەکرێت.
هۆکارێکی تری کاڵ کردنەوەی هەستی نەتەوایەتی لای نەوەی ئێستا و تەنانەت هەموو تاکی کورد هەندێک لە حیزبە سیاسیەکانە کە بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتیان گەیشتۆتە ئاستێک کە هۆکاری سەرەکین لەوەی ئەو هەستە لە تاک بە تاکی کورد بەتایبەت نەوەی ئێستا دابدۆشن و لە بیرەوەریادا بیسڕنەوە، چونکە زۆر لە حیزبەکان لە جێی ئەوەی نەوەی سەردەم بە هەست و خۆشەویستی کوردستان گۆش بکەن بە کارە قیزەون و خۆفرۆشتنیان بە داگیرکەرانی کوردستان وا دەکەن ئەوەی هەشیانە و دڵسۆزی و هەستی نەتەوەی و نیشتیمانیان بسڕنەوە و بە جۆرێک کارێکیان کردووە نەوەی ئێستا لە جێی ئەوەی نیشتمانەکەیان خۆش بوێت دێن و ڕێگای هات و نەهات دەگرنە بەر و نیشتمان جێدەهێڵن.
بۆیە ئەوەی دەیبینین کارێکی یەکجار مەترسیدارە و داهاتوی کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات ئەگەر لاوەکانمان ئاپدەیت نەکرێتەوە بە هەستی نەتەوایەتی، بۆیە لە سەر حکوومەتی هەرێم و حیزبە کوردستانیەکان پێویستە بە بەرنامەیەکی گشتگیرەوە فریای ئەوە بکەون مێشکی نەوەی ئێستا و داهاتوو ئامادە بکەنەوە بۆ شۆڕشێکی ڕۆشنبیری تا بتواندرێ ئایندەی کوردستانی لەسەر بنیات بنرێ نەک ئەوەی کە ئێستا هەیە کە ئەوەندەی نەوەی ئێستا سەرقاڵی یاریە ئەلەکترۆنیەکانە هیچ لە ڕابردوو مێژوی گەلەکەی نازانێت ڕۆژ بە ڕۆژیش لە دوور کەوتنەوەیە لە مەسەلە سەرەکیەکە واتا هەستی نەتەوەیی.

ھەواڵی زیاتر