ئاوەدانکردنەوە و تێکدان

شێرکۆ حەبیب

لە دێز زەمانەوە وتویانە ئاوەدانکردنەوە ئەرکێکی سەختەوە و کاری هەموو کەس نییە، بەڵام تێکدان بە تاکە کەسێکیش دەکرێت، هەڵبەتە ئاوەدانکردنەوە مرۆڤی دڵسۆز و کارامە و شارەزای دەوێت.
زۆر جار دەبینین یا گوێ بیست دەبین کەوا کەسێک یا کەسانێک لە بری ئاوەدانکردنەوە دەبنە هۆکاری تێکدان و کاولکاری کە ئەمەش رەنگدانەوەی بەڕوونی لەسەر کۆمەڵگە دەردەکەوێت، یا دەبینین بەرپرسێکە لە شوێنێک ڕەفتاری گونجاو نییە یا خۆی بەزلتر دەزانێ، ئەمەش لە وڵاتی ئێمە بە زۆری بەدی دەکرێت هەندێک بەڕێوەبەری یا سکرتێری ئەو بەرپرسە تاقەتی وەڵام دانەوەی تەلەفۆنیان نییە بە بیانووی کاریان زۆرە و ناتوانن سەری خۆیان بخورێنن، کە لەڕاستیش وا نییە بەڵکو لەکەمتەرخەمی و هەستنەکردن بە بەرپرسیارەتیە و نازانن بەو جۆرە ڕەفتارانە زیان بە شوێن و مکانەتەی کەسی یەکەم دەگەیەنن چونکە وەک دەڵێن (الوحدە بامرها)، من لێرە مەبەستم کەسێکی تایبەت یا لایەنێکی تایبەت نییە بەگشتی باسی لێوە دەکەم بۆیە پێویستە ئەو جۆرە کەسانە بەخۆ دابچنەوە و هەست بە هەستیاری کارەکەیان بکەن، هەروەک ئاماژەم پێکرد ئاوەدانکردنەوە بە هەموو کەس ناکرێت بۆیە ئەوانەی خۆیان بە زلتر دەزانن و لە جیهانێکی دیکە دەژین هەڵبتە جێگای ڕەخنەن و قبووڵ نین لە نێو کۆمەڵگا.
دەڵێن ساتەوەختێک پادشایەکی وڵاتێک ویستوویەتی کۆشکێکی نۆژەن بکاتەوە لەسەر شێوازێکی مۆدێرینی ئەو کات، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە دامودەزگاکانی دەکات ئەندازیارێکی شارەزای بۆ پێشنیار بکەن پاش چەند ڕۆژ ئەو کەسەی بۆ دێننە کۆشک و پادشا داواکاریەکەی بۆ باس دەکات، بەڵام ئەندازیارەکە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکات کەوا ئەو شوێنە بروخێنێ و سەر لەنوێ بە شێوازێکی مودێرن دروستی بکاتەوە، پادشا ڕەزامەند دەبێ و کاکی ئەندازیار دەست دەکات بە کارەکانی و پادشا ڕۆژانە چاودێری دەکات، تا کارەکان کۆتایی دێت و باڵەخانە و کۆشکێکی جوان و مودێرن ڕادەستی پادشا دەکات، پادشا زۆر سەرسام دەبێ بە کارەکانی و لە ئەندازیارەکە دەپرسێ “من چەند سەرسامم بە نەخشە و جوانی تەلارسازی ئەم باڵە خانەیە، بەڵام پرسیارێکم لا دروست بووە، ئەویش کاتێک کاری رمان و ڕووخاندن کۆتایی هات کرێکاراکانت ئاڵوگۆڕکرد بۆ هەر هەمان ئەو کرێکارانە بەردەوام نەبوون لە کار و هەر ئەوان کاری دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی کۆشکەکەیان جێبەجێ نەکرد؟”
ئەندازیارەکە لە وەڵام دا گوتی “گەورەم خاوەن شکۆ ئەو کۆمەڵە کرێکارەی لەسەرەتا کاریان دەکرد، تەنیا تێکدان کار و پیشەیانە و شارەزاییان لەو بوارە دا هەیە، بەڵام ئەوانەی دوای ئەوان پیشەیان دروستکردن و ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانە، گەورەم ئەوەی پیشە و کاری تێکدان بێت مەحاڵە بتوانی کاری ئاوەدانکردنەوە بکات” پادشا زۆر سەرسام دەبێت بە وەڵامەکەی بڕیاری دا وەک ڕاوێژکار لە لای خۆی دایبمەزرێنێت.
ئێمەش بە گەروەکانمان دەڵێین خۆزگە لەسەر شێوازی ئەو ئەندازیارە ئەوانەی تێکدەر و ئەوانەی ئاوەدانی دەکەن جیاوازیتان بکردبایە و هەر بۆ بەرژەوەندی خۆتان. دووبارە دەڵێم من مەبەستم کەسێک یا لایەنێک نییە بەڵام بەگشتی مەبەستەمە.

ھەواڵی زیاتر