لە شەریعەتی ئیسلامدا، نە فرە جار مێرد کردنەوەی ژن شوورەیی و تاوانە، نە فرە جار ژنهێنانەوەی پیاو!

عومەر چنگیانی

سەردێڕی گوڵخەرمانی ئیمڕۆم هەڵدەگرێت بە لای کەمەوە نامیلکەیەکی لەسەر بنووسم، وەلێ پشتیوان بە خوا هەوڵ دەدەم لەم چەند دێڕەدا چڕی بکەمەوە و، هەر لە دەستپێکەوە تکای برایانەتان لێ دەکەم، ئەم بابەتە فیقهی و ڕوونکردنەوە گرنگ و پێویستە شەرعییە، هاوکات ڕاستکردنەوەیەکە لە تەعبیردانەوەی هەندێک دەستەواژە و لادانی تەمومژی سەر بابەتێک؛ لێرەوە دەپرسم: ئایا پیاو و ژن، بۆیان هەیە چەند جار هاوسەرگیری بکەن؟ پیاو چەند جار ژن (بێنێ و بێنێتەوە) و ژنیش چەند جار مێرد (بکات و بکاتەوە) کە ئەم دوو وشەیە جیایە لە هەیبێت، بە مانا پیاو بۆی هەیە چەندی حەز لێ بێت ژن بهێنێ، بەڵام بۆی نییە لە یەک کاتدا زیاتر لە چوار ژنی هەبێت و، خانم بۆی هەیە چەند مێرد بکات، بەڵام بۆی نییە لە یەک کاتدا دوو مێردی هەبێت.
بەڕێزان! ئێمە شەریعەتی ئیسلاممان لە بنەڕەتدا لە دوای پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ، لەڕێی یارانیەوە ڕەزای خوایان لەسەر بێ، پێ گەیشتووە، چەندین نموونەمان لەبەردەستدایە کە خانمێک چەند مێردی کردووە، بەس نەک چەند مێردی هەبووە، پەروەردە جوانەکەیشیان وا بوو بە فرەمێردکردن ئافرەتیان لەکەدار نەدەکرد و بە فرە تەڵاقدانیش کەسیان لەکەدار نەدەکرد و هیچ پیاوێکیشیان پێی شەرم نەبوو کە تەڵاقدراوی هاوڕێکەی مارە بکات؛ بگرە ئەو کۆنەمێرد و تازەمێردە، یەکیان دەبینی و لایشیان ئاسایی بوو، جا وەک گوتم ئەمە بابەتێکی فیقهیی پەتییە و بەس.
لێرەوە بابەتەکەم دەکەمە دوو بڕگەوە:
یەکەم/ ئافرەت لە دوای مردنی مێردەکەی یان تەڵاق، کەی بۆی هەیە مێرد بکاتەوە؟
لە دوای تێپەڕبوونی عیدە، ئافرەت ئازادە مێرد بکاتەوە و، عیدەیش چەند جۆرێکە و ئافرەتی خاوەن عیدەیش هەروەها؛ لێرە دەرفەتی درێژەدان نییە، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئایەتی 228-237ـی سوورەتی (البقرە) بە تەواوەتی ڕوونیان کردۆتەوە و خوێنەر گەر عەرەبییش نەزانێت، بگەڕێتەوە بۆ کتێبی شەریعەتی ئیسلامەکەی مامۆستامەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و (تەفسیری نامی)ـیەکەی بەڕێزیان، تەواو بەرچاوی ڕوون دەبێتەوە، کە دەرەنجامەکەی هەموویان پێمان دەڵێت خانم دوای نەمانی مێرد، ئازادە لە مێردکردنەوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی شەرعی.
دووەم/ بەرچاوڕوونی بە نموونە لەسەر نەشوورەییبوونی فرە جار شووکردنەوەی ئافرەتی مسوڵمان و نەشەرمبوونی هێنانەوەی تەڵاقدراو یان مێردمردوو؛ وەک (عبدالسلام الترمانینی) لە کتێبی (الزواج عند العرب فی الجاهلیە والاسلام) باسی دەکا و پێیان دەڵێت (مردفات العرب) واتە ئەو ژنانەی چەند جار مێردیان کردووەتەوە، باسی چەندین نموونەی ناودار دەکات و ناوی هەندێکیان دەبات؛ وەک:
یەکەم/ ئوموکەلسوم کچی عەلی کوڕی ئەبی تاڵب، سڵاوی خوای لێ بێ، چوار جار مێردی کردووە:
(1) مێردی یەکەم؛ عومەری کوڕی خەتاب خوای لێ ڕازی بێ، تا عومەر کۆچی دوایی کرد.
(2) مێردی دووەم؛ عەون کوڕی جەعفەر کوڕی ئەبی تاڵب، کە ئامۆزای خۆی بوو تا عەون کۆچی دوایی کرد.
(3) مێردی سێیەم؛ محەمەد کوڕی جەعفەر کوڕی ئەبی تاڵب، واتە براژنی خۆی مارە کردووە تا محەمەد کۆچی دوایی کرد.
(4) مێردی چوارەم؛ (عبدالملک) کوڕی جەعفەر کوڕی ئەبی تاڵب، واتە براژنی خۆی مارە کردووە.
دووەم/ عاتیکە کچی زەید کوڕی نوفەیل، خوای لێ ڕازی، شەش جار مێردی کردووە:
(1) مێردی یەکەم؛ عوبەیدە کوڕی حاریس کوڕی عەبدولمەتەلیب، تا عوبەید کوژرا.
(2) مێردی دووەم؛ عەبدوڵا کوڕی ئەبوبەکری سدیق خوایان لێ ڕازی، تا عەبدوڵا مرد.
(٣) مێردی سێیەم؛ عومەری کوڕی خەتاب، خوای لێ ڕازی بێ، کە تەڵاقی دا.
(٤) مێردی چوارەم؛ زوبەیر کوڕی عەوام، خوای لێ ڕازی، کە کوژرا.
(٥) مێردی پێنجەم؛ محەمەد کوڕی ئەبوبەکری سدیق، خوای لێ ڕازی بێ، کە کوژرا.
(٦) مێردی شەشەم؛ عەمری کوڕی (عاص)، خوای لێ ڕازی بێ.
سێیەم/ ئومو ئیسحاق کچی تەلحە کوڕی عوبەیدوڵا؛ ئافرەتێکی زۆر جوانی کەموێنە بووە لەسەردەمی خۆیدا، تا ئەو ئەندازەی ئافرەتان نەیاندەویست لەگەڵیا دیار کەون، چونکە نموودیان نەدەما، چوار جار مێردی کردووە:
(١) مێردی یەکەم؛ حەسەن کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تاڵب، تا حەسەن کۆچی دوایی کرد.
(٢) مێردی دووەم؛ حسەین کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تاڵب خوایان لێ ڕازی، تا حسێن کوژرا.
(٣) مێردی سێیەم؛ تەمام کوڕی عەباس کوڕی عەبدولموتەلیب، خوای لێ ڕازی بێ، تا تەمام کۆچی دوایی کرد.
(٤) مێردی چوارەم؛ عەبدوڵا کوڕی ئەبوبەکر سدیق، خوای لێ ڕازی بێ.
چوارەم/ عایشە کچی تەلحە کوڕی عوبەیدوڵا؛ ئەمیش وەک خوشکەکەی ئافرەتێکی زۆر جوانی کەموێنە بووە؛ سێ جار مێردی کردووە:
(١) مێردی یەکەم؛ عەبدولڕەحمان کوڕی ئەبوبەکری سدیق خوای لێ ڕازی بێ، تەڵاقی دا.
(٢) مێردی دووەم؛ (مصعب) کوڕی (زبیر) خوای لێ ڕازی بێ، تا کوژرا.
(٣) مێردی سێیەم؛ عەبدوڵا کوڕی مەعمەر تەمیمی، خوای لێ ڕازی بێ.
پێنجەم/ مەیمونە کچی ئەوڕەحمانی کوڕی ئەبوبەکری سدیق، ڕەزای خوای لێ بێ؛ چوار جار مێردی کردووە:
(١) مێردی یەکەم؛ عەبدولعەزیز کوڕی وەلید کوڕی عەبدولمەلیک، تا مرد.
(٢) مێردی دووەم؛ محەمەد کوڕی وەلید.
(٣) مێردی سێیەم؛ سلێمان کوڕی عەبدولمەلیک.
(٤) مێردی چوارەم؛ هیشام کوڕی عەبدولمەلیک.
شەشەم/ ئوموسەلەمەی کچی یەعقوب مەخزومی، چوار جار مێردی کردووە:
(١) مێردی یەکەم؛ وەلید کوڕی عەبدولمەلیک كوڕی مەروان، تا مرد.
(٢) مێردی دووەم؛ هیشام کوڕی عەبدولمەلیک كوڕی مەروان.
(٣) مێردی سێیەم؛ عەبدوڵا کوڕی محەمەد کوڕی عەلی ناسراو بە سەفاح، تا مرد.
(٤) مێردی چوارەم؛ (علی) کوڕی (عبدالله) کوڕی (عباس).
حەوتەم/ سەکینەی کچی حسێن کوڕی عەلی، خوایان لێ ڕازی؛ شەش جار مێردی کردووە:
(١) مێردی یەکەمی (عبدالله) کوڕی (حسن) کوڕی (علی) ئامۆزای خۆی. کۆچی دوایی کرد.
(٢) مێردی دووەمی (مصعب) کوڕی (زبیر) کوڕی (عوام) پوورزای خۆی بوو واتە دایکی مێردەکەی و دایکی سەکینە خوشک بوون؛ کوژرا، دوایی عبد الملک کوڕی مەروان داوای کرد پێی ڕازی نەبوو و هەندێ سەرچاوەیش دەڵێن دوای مێردی تر پێی ڕازی بوو.
(٣) مێردی سێیەم: (عبدالله) کوڕی (حكیم) کوڕی (عثمان) کوڕی (حزم) كۆچی دوایی كرد.
(٤) مێردی چوارەم؛ (اصبع) کوڕی (زبیر) کوڕی (مروان) دوایی تەڵاقی دا.
(٥) مێردی پێنجەم؛ زەید کوڕی عەمر کوڕی عوسمان کوڕی عەفان، دوایی تەڵاقی دا.
(٦) مێردی شەشەم؛ (ابراهیم) کوڕی (عبدالرحمن) کوڕی (عوف). کە هەندێک سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن کە حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفییش هێنای و کە تەڵاقی دا ئەوجا (عبدالملک) کوڕی مەروان هێنای.
تێبینی: سەرۆ (ئیلهام)ـی نووسینەکەم لە بنەڕەتدا لە گوتارێکەوە بۆ هات کە لە ژێر سەردێڕی (حفیدە الرسول تتزوج كثیرا) لە ڕۆژنامە میسریەکەی (الاهرام)ـدا بڵاو کرابووەوە، ڕێکەوتی ١٨/٩/٢٠٢٠، (محسن عبدالعزیز) نووسیویەتی؛ سەرچاوەکانی سیرە و فەرموودە لێوانلێون لەو باسانە.

٢٠/٥/٢٠٢٤ ئیستانبول

ھەواڵی زیاتر