لە هەرێمی کوردستان…

عارف ڕوشدی

سەرەڕای ئالنگارییە دروستکراوەکان، بەهەماهەنگی ( کەرتی گشتی وتایبەت) و هەوڵەکانی فرە چەشنکردنی سەرچاوەی داهات و گەشەکردنی بەرچاوی بوارەکانی ( کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار)، ڕەوڕەوەی پێشکەوتن لە هەمو ئاستەکانی ژیاندا لە برەودایە، پێموایە دوای چەند ساڵێکی دیکە دەکرێت ئاستی هاوبەشی نێوانیان بەرزتر ببێت، بەتایبەتی گەشەکردنی پروژەکانی وەبەرهێنانی ( ناوخۆیی و بیانی) و ڕەخساندنی زۆربەی دەرفەتەکانی (هەلی کار ) لە لایەن کەرتی تایبەتەوە، ئەمەش تەندروستترین سیاسەتە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و دامودەزگا ئیدارییەکان، چونکە زەمینەی بەرپرسیارەتی هاوبەش فراوان دەبێت و ئەرک و مافەکان هاوتەریب و سەقامگیرتر دەبن، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە و بازدانی ژیرانە بەسەر لەمپەرەکاندا، چەند نمونەیەک دەهێنمەوە ؛

  • دروستکردنی (٢) قوتابخانە لە پارێزگای هەڵەبجە بە شێوازێکی سەردەمیانە لە لایەن سەرمایەدارانی ناوچەکە.
  • دروستکردنی خەڵوەتی بە ساڵاچووان لە هەولێر لە لایەن خاوەنی کۆمپانیای ( کار).
  • دروستکردنی نەخۆشخانەی(چرا)ی حکوومی تایبەت بە ئافرەتان لە سلێمانی، بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەرونییەکان .
  • تەواوبونی پردی ( دەربەندی رانییە).
  • دەستپێکردنی دروستکردنی پردی ( تووەقوت) لە پارێزگای هەڵەبجە.
  • نوژەنکردنەوەی ڕێگای نێودەوڵەتی نێوان ( دهۆک و موسڵ).
  • دروستکردنی (٢) ئوڤەرپاس لە نێو شاری دهۆکدا، بەو هۆیەوە ( لە شێخانەوە تا زاخۆ) ترافیکەکان لادروان .
  • لەم نزیکانە کومپانیای (فراموی ئەڵمانی) کارگەی بەرهەمهێنانی ئوتومبێل لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە .
  • دەست بە دامەزراندنی مۆزەخانەی سەردەمیانە دەکرێت لە سەر شێوازی ( مۆزەخانەی لۆڤەر) ی پاریس، لە هەر سێ پارێگای ( دهۆک، هەولێر و سلێمانی).
  • کردنەوەی پارکی (١٥٠) هەزار مەتری سەر ڕێگای ( هەولێر – پیرمام)، دەستپێکردنی کار لە پارکی دووڕیانی ( هەولێر – موسڵ).

ئەم هەوڵە بەرپرسیارانەی حکوومەتی هەرێم، بەتایبەتی هێژا سەرۆکی حکوومەت، بەمەبەستی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لە بار و سەرفرازانەی ژیانە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای دۆزینەوەی هەلی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و، بەشداریپێکردنی چالاکانەی کەرتی تایبەتە لە ڕابوونێکی ئابوری کۆمەڵایەتی لە هەرێمەکەماندا، بەڵام بۆ پتەوکردنی پەیوەندی هاوبەش و ڕەچاوکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی، هەنگاونانێکی پێویستی یاسایی هەیە، ئەویش پەلە بکرێت لە دەرچواندنی یاسای هاوتاکردنی کارمەندانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لە لە مافی خانەنشینکردنیاندا.