متمانە بەخۆبوون بەرپرسیاریەتییە

بەكر كەریم حەسەن

(نیلسۆن ماندێلا) شۆڕشگێرو سەرۆكی پێشوتری باشوری ئەفریقیا دەڵێ” مەهێلە ترس و دڵەڕاوكێ بڕیار لە سەر ژیانت بدات، ڕابكە بە دوای خەونەكانت بەمتمانەوه”.
بێگومان متمانە بەخۆبوون هەستێكە لە ناخەوەیە و نابێ هەرگیزگوێ بە قسەی ئەو و ئەوانی تر بدرێ، چوونكە بە متمانەوە دەتوانی سەركەوتن بە دەست بهێنی، وە متمانە باشترین و چاكترین رێگایە بۆ زاڵ بوون بە سەر ترس و ڕاڕایی و دڵە ڕاوكێ، لە هەمان كاتدا هۆكارێكی هەرە گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان. بۆیە دەبێ هەمیشە متمانەمان بە خۆمان هەبێت و متمانە دروست بكەین كە بڕوای تەواومان بە خودای گەورە هەبێت و دواتر بڕوامان بە خودی خۆمان هەبێت. هەرگیز بیر لە خۆ بەدەستەوە دان نەكەینەوە و بەردەوام مكوڕ بین و هەوڵ بدەین، پێویستە چەند هەنگاوێك بهاوێژین بۆ بەدەست هێنانی متمانەی زیاتر ئەوانیش:
1-ئەوپەری متمانەمان بە خودای گەورە هەبێت و هەموو متمانەیەكی خۆمان لە خوداوە بزانین كە پارێزەر و بەدیهێنەری هەموو شتێكە و لە هەركارێكدا.
2-هەرگیز خۆمان بەراورد نەكەین بە كەسانی تر، چوونكە هەر بەراوردكردنێك تۆ خراپ و شكستەكانی خۆت بەراورد دەكەی بە باشی و سەركەوتنی ئەوانی تر ئەویش بەراوردكردنێكی ڕاست و دادپەروەر نییە، تەنها خۆت بەراورد بكە بە خۆت لەبه راورد له گه ل پێشووتر و ساڵانی ڕابردوو.
3- هەمیشە دەستكەوت و بەرهەم و سەركەوتنەكانی خۆت لە پێش چاوت بێت و بەبیر خۆت بهێنەرەوە و گەر بكرێ بیاننووسیتەوە و لە تابلۆ و ئەلبوم و فۆڵدەر هەڵیان بگری و بڕوانامەكانی سەركەوتن لە هەر بوارێك و بەشداری كردن و نمرەكانت هەڵبگرە و، گەر هەر كاتێ هەستت بە نا ئومێدی و بێزاری كرد سەیریان بكە، چوونكە ئەوە رێزگرتنی ماندووبوون و هەوڵ و بەرهەمەكانی خۆتە، ئەوەش متمانە زیاتر دروست دەكات و خۆمان لا خۆشەویست تر دەبێت، ئەوەش دەبێتە دروست بوونی متمانەی زیاتر بە خۆمان.
4- دیاری كردنی خاڵە بەهێز و لاوازەكانی خۆت و پەرە بە خاڵە بەهێزەكان بدەو و خاڵە لاوازەكانیش بەلاوە بنێ و بیانسڕەوە و هەمیشە گرنگی بە توانا و كارامەییەكانت بدە و پەرەیان پێ بدە و وەبەرهێنان بكە لە كارامەیی و تواناكان و سوودیان هەبێت.
5-ئامانجەكان هەمیشە دیاری كراو بن و واقیعی بن و ئامانجی مەحاڵ نەبن تا بتوانی هەوڵی بەدیهێنانیان بۆ بدرێ.
6-هەمیشە خۆت خۆش بوێ و بایەخ و گرنگی بە خۆت بدەی لە هەموو ڕوویەكەوە لە تەندروستی و پەروەردە و فێركردن و كۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی خود و وەرزش كردن تا بتوانی هەمیشە كەسێكی پەسند و خۆشەویست بیت.
7- گرنگە بەردەوام هەست و سۆزت بۆ خۆت هەبێت و هەرگیز ڕەخنە لە خۆت نەگری و لۆمە و گلەیی لە خۆت نەكەی، بەڵكوو بەردەوام سەرنج و تێبینیەكان بكەیتە پەند و وانە و لێیانەوە فێرببی،نەوەك بەردەوام سەرزەنشتی خۆت بكەی، چوونكە هیچ كەوتنێك كۆتایی رێگاكان نییە، بەڵكوو هەر هەموویان هەڵێكە دەرفەتێكە دەتوانین لێیانەوە فێر ببین و گەشە و پەرە بەخاڵەكان بدەین خۆمان بنیات بنێین.
80-هەمیشە ڕەخنە ڕوخێنەرو نەرێنییەكان پشتگوێ بخە و فەرامۆشیان بكە و گرنگی بەو ڕەخنە و گلەییانە مەدە كە مەبەستی كەسیان لە دواوەیە و، لە هەمان كاتیشدا هەرگیز نابێ دڵمان بە پیاهەڵدانی بەرژەوەندی و دوو ڕوویی خۆش بێت و ئەوانیش پێویستە فرامۆش بكرێن، چوونكە دەبێ بڕوا و متمانەمان بە خۆمان هەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە.
لە كۆتاییدا پێویستە بەردەوام ڕاهێنان بكەین لە سەر متمانە بە خۆبوون و سوپاسگوزاری خودای گەورە و دڵمان بە هەموو ئەو شتانە خۆش بێت كە هەمانە و بەهێز بین و هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نەدەین و لە هەموو هەنگاوێك متمانە لە دەست نەدەین، چوونكە متمانە بە خۆبوون بەرپرسیاریەتییە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی