ڕێژین جەبار
ھەر لە دێر زەمانەوە کورد لەم ناوچەیە ژیاوە، نزیکترن بەڵگە، دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر و ئەو کەلوپەلانەی کە لەم ناوچەیە دۆزراونەتەوە نیشاندەری ئەوەن کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە کوردە.
ھەموو کات ھەوڵ بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد دراوە، جا بەشێوەکانی ڕاگواستن و کوشتنت و زۆرەملێ بوبێ، یاخود بەشێوەی ڕازی کردن بە ماڵی دونیا. کە ئەمەش وای کرد کورد ھەمیشە ڕاڕابێ لە شوێن و ناوچە و پێگەی خۆی، بەجۆرێک کە ھەمیشە واق وڕماوە لە سیاسەتی نەتەوە جیاوازە دراوسێکانی کە بۆ دەبێ ھەمیشە دەست لە بیناقاقای کوردبن و ھەوڵێ سڕینەوەی بدەن.
ھۆکار زۆرن بۆ ئەوەی بیانژمێرین و باسیان لێوە بکەین کە بۆ کورد یەک نییە، ڕوونتر بڵێم وەک مامۆستا ھێمن دەفەرموێ (کورد ھەر بەوە ماڵی وێرانە، کلکی تەورەکە لقی خۆمانە) ئەم دێڕەی مامۆستا ھەمیشە و لە مێژووی کۆن و نوێی کورد ھەبووە، ئەوەتا ئەگەر خیانەتەکان بە ھەموو شێوەکان نەبووان، داخۆ کورد ئێستا لەکام ئاستی ژیانی مرۆڤایەتی دەبوو، کە لانکەی مرۆڤایەتی لەرووی زانستەوە وەک باسم کرد ئەشکەوتی شانەدەر و گوندی چەرمۆ و لەڕووی ئاینیشەەوە کە تاکە بابەتە ھەموو ئاینەکان لەسەری کۆکن نیشتنەوەی کەشتیەکەی (نوح) پەیامبەر لەسەر چیای (جودی) کە چیایەکی کوردستانە، باس لەوە نەکراوە کە ئایا لەکوێوە ھاتوووە بەڵام نیشتنەوەی کەشیتەکە لەم چیایە واتا، پیرۆزی ئەم خاکەیە لەلای خوای گەورە، خۆ ئەگەر لەم شوێنە پیرۆزتر ھەبووایە، بێگومان لەنگەری لەوێ دەگرت.
ئاساییە کە ناتەبایی لە نێوان منداڵانی ماڵێک ھەبێ و تەنانەت شەڕ و ناخۆشیش دەبێ، بەڵام ناکرێ برایەک پشت لە براکەی تری بکات بۆ دراوسێ، ئەمە پەیوەندی بە فەرھەنگ و داب و نەریتەوە ھەیە، کە زۆر جاران گوێبیست دەبین بەوەی پەروەردەی خێزان زۆر گاریگەری ھەیە لەسەر یەکبوون، بەڵام با بیرێک لە پەروەردەی منداڵانی پەیامبەرەکان بکەینەوە، منداڵەکانی (یەعقوب) پەیامبەر ویستیان براکەیان بکوژن. خۆ باوکیان باشترین و چاکترینەکان بوو کە پەیامبەری خوای گەورە بوو، بۆیە ئەمە پەیوەست نییە بە پەروەردەی خێزانەوە، بەڵکو ھەندێ شت لە زاتی مرۆڤە.
پێویستە زیاتر لە ناوەندەکانی خوێندن و بەتایبەت لە قۆناغەکانی بنەڕەتی پەرە بە پەروەردەی ناسیۆنالیزمی بدرێت، تاوەکو بگات بە ئاستێک ھەر تاکێک کە قوتابییە و دەیەوێت بڕوا بۆ زانکۆ دوای تەواو کردنی ١٢ ساڵ خوێندنەکەی، بە بیر و ھزر و خولیایەکەوە بێت کە وا ھەست بکات زانکۆ خوێندنەکەی بۆ خزمەتی نەتەوە و ئاڵا و خاکەکەی بێت نەک پڕکردنی گیرفانەکانی.
زۆر نیگەرانم بەتایبەت لەم جیلەی کە ئێستا لە تەمەنێکی نەوجەوانن، چونکە جیلێکن گۆش نەکراون بە خۆشویستنی وڵات و ئاڵا، دەبینم لاوێکی جوانی وڵاتەکەم، لە سۆسیال میدیا وتەی (غاندی) یان (نیلسۆن ماندیلا) بڵاو دەکاتەوە، یاخود دەبینم ملوانکەیەکی شێوە (گیڤارا) لەمل دەکات، بێ ئەوەی پێ ی وترابێ ئەم کارەی کردووە، و پێی وایە ئەمانە شۆڕشگێڕی راستەقینە بوون، چونکە لە خوێندنەکەی بە وردی و تەواوی وردەکاری باس لە ژیان و شۆڕشەکانی (شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموودی حەفید و قازی موحەمەد و بارزانی نەمر) نەکراوە. بۆیان نەکراوە بە سیستەمێکی ڕێک باس لە تەواوی شۆڕشەکانی چوار پارچەی کوردستان بکرێت. وایان لە مێشک نەچەقێنراوە کە شۆڕشگێڕەکانی ئێمە زۆر زیاتریان کردووە لەچاو ئەوان و کورد زۆر زیاتر قوربانی داوە لەچاو ھیند و کوبی.
مرۆڤ بوونەوەرێکی خۆویستی دڕندەیە، ھەموو کارێک دەکات بۆ مانەوە و زیاتر دەسەڵات وەرگرتن، تەنانەت براکەی خۆشی دەفرۆشێ بۆ ئەم کارە. کورد وەک مرۆڤ (بەڵام لە دیدی بەشێک لە مێشک داخراوەکان ئێمە لە نەوەی جنۆکەین) بەدەر نییە لەو خۆخۆرییە. ئەگەر ڕێ لەم جیلە نەگیرێ بە کارکرن لەسەریان بۆ گۆڕینی بیر و ھزریان، ئەوا لە ئایندە زۆر بە سانایی، خاک و وڵات تەسلیم یان دەفرۆشرێ بە نەتەوەکانی دەورووبەر و دراوسێ.
ھەر ئەوە نییە دەست بۆ چەک بەرین و شەڕ بکەین، ئەمە لەکاتێک دەکرێ کە پێویست بێ، بەڵام بۆ مانەوەی زمان و کلتور و مێژوومان، پێویستە ڕۆژانە کار بکەین لەسەر منداڵەکانمان و خۆشویستنی نەتەوە و ئاڵامان بکەین بە بەرنامەی سۆسیال میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیسراو و خوێنراو. کە بەداخەوە بیری ناسیۆنالیزمی لە بەرنامەی ھیچ کەناڵێک بوونی نییە بە شێوەی زنجیرەیی بێت.
دەکرێ شانۆ ئەنجام بدرێت، کورتە فیلم و ئەنیمەیشن دروستبکرێ، تەنانەت فیلمی سینەماییش دروست دەکرێ، بۆیە دەڵێم ئەمانە، چونکە کورد ئێستا دەرھێنەری چاکی ھەیە کە نەک لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لەسەر ئاستی جیھانیش ناو و ناوبانگیان ھەیە.
شێوەکارەکانمان زۆر نەخشیان نواندووە لە بوارەکانی خۆیان، دەکرێ وانە لەسەر کارەکانی ھونەرمەندە بیانییەکان بخوێندرێ، بەڵام لە کارەکانی خۆیان کوردبوون زیاتر لە وێنەکانیان بێ.
دەکرێ موزیسانەکانمان ئەوەندەی بیر لە ھێنانی ریتم و ئاوازی عەرەبی و تورکی و فارسی بکەنەوە بۆنێو ڕەسەنایەتی موزیک و گۆرانی کوردی، پەرە بە تایبەتمەندی موزیکی خۆمان بدەن.
ھەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە ئەمڕۆی جیھان نەک ھەر ئەستەمە بەڵکو ناتوانی تەنانەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکەی خۆشت تێ بگەی، ژیانی ئەمڕۆی کورد کەوتۆتە نێوان چەند ڕێگەیەک، کە ھەر ڕێگەیەک ھەڵبژێری چارەنووسی کۆتا ڕێگەکەت نادیارە و نازانی بەرەو کوێ دەتبا، زۆرێک بۆ ئەوەی تێبگەن گوتار و توێژینەوەی پانێڵ و سیمینار و چەندین بابەتی لەم جۆرە پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەوانە ھەموویان ئەگەرن و خۆ کەسیان لە ئایندە نەھاتوونەتەوە تا بزانن کە چی ڕووی داوە بۆ ئەوەی ئێستا پێشی لێ بگرین، دەکرێ وانە لە ڕابردوو وەربگرین، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین ئەوەی لە ڕابردوو لەگەڵ بەرامبەرەکەت (حزب – وڵات- نەتەوە) کردووتە، ئەوانیش بە ھەمان شێوە وانەیان لێ وەرگرتووە، کەواتە پێویست بە خۆسەغڵەتکردن ناکات، تەنیا دەبێ رێگە بۆ ئەوانە خۆش بکەین کە لە بوارەکەدان، چونکە ناکرێ تۆی خوێنەر کە کارت سەربازی نییە، قسە لەسەر نەخشە ڕێگەی جەنگی و بەرگری بکەی، یاخود منێکی نووسەر ڕەخنە لە بواری زانستی و پزیشکی و بوارەکانی تر بگرم، ئەمە تێکەڵەیەکی نا تەندروست دروست دەکات، کە دەمێکە دەوترێ (کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو) راستە و بە تایبەتی ئەمە لە ئێستادا کەم و زۆر ھەوڵ بۆ ئەو وتەیە دەدرێ کە ببێتە رێسایەک بۆ ھەر پلەو پۆستێک، بەتایبەت ئەو پۆستانەی کە پەیوەستن بە ئاساشی نەتەوەیی.
بۆیە دوا دێڕم لەم بابەتە ئەوە دەبێ کە تکایە با شۆڕشێک بکرێ کە (نەوەیەک پەروەردە بکەین مێژوو و ئاڵا و خاک و کلتور و زمانی خۆیان خوش بوێ و مۆدێرنانە بەرگری لە مانەوەی بکەن).