نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 13

تاهیره‌ی ئازیزم

ئه‌مڕۆ یه‌كێك له‌ رۆژه‌ هه‌ره‌ ترسناكه‌كانی ژیانم بوو. دوێنێ پێنج شه‌ممه‌ سه‌عات یازده‌ له‌ سه‌ربازگه‌ هاتمه‌ده‌ر و چوومه‌وه‌ مه‌نزڵه‌كه‌م، سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆرم هه‌بوو‌، دڵم توندببوو، له‌ناو گوێچكه‌مدا هاڕه‌هاڕێكی سه‌یرده‌هات، پارچه‌یه‌ك حه‌بی ئه‌سپرینم له‌پێش خۆم دانا و ده‌ستم كرد به‌خواردنی له‌ناكاو هه‌ستمكرد له‌ ماوه‌ی شه‌ش سه‌عاتدا هه‌شت دانه‌ حه‌بم خواردووه‌، به‌ره‌به‌ره‌ حاڵم تێكده‌چوو. ده‌مزانی ئه‌و سه‌رئێشه‌م له‌ دۆخی ده‌روونیمه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ئه‌سپرین هیچی پێناكرێ. شه‌وی هه‌ینی نه‌خه‌وتم، به‌یانی وه‌ئاگاهاتمه‌وه‌ ئه‌كبه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئێشكگر بوو، دیسان تا ئێوارێ له‌ ماڵێ گینگڵم ده‌داو گه‌رووم ده‌زوورایه‌وه‌، سه‌عاتێكی مابوو بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌ ئێستا به‌دڵێكی شێواو و مێشكێكی ئاڵۆز ئه‌و نامه‌یه‌ت بۆ ده‌نووسم.
پێشتریش هه‌ر له‌ حاڵی خه‌مۆكیدابووم ده‌چوومه‌ گه‌رماو، خۆم وه‌به‌ر ئاوی گه‌رم ده‌نا تا ماندوو ده‌بووم پاشان ده‌چووم ده‌نووستم. به‌ڵام ئێستا ئه‌وشتانه‌ هه‌موویان بوون به‌ ئاره‌زوو، ئه‌مشه‌و نۆره‌ ئێشكمه‌. ده‌زانم ئه‌و سێ سه‌عاته‌ی نیوه‌شه‌و هه‌ر له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌بم. ناتوانم خه‌یاڵی تۆ له ‌دڵ ده‌ركه‌م دۆخی ده‌روونیم له‌حاڵی تێكچووندایه‌، تكات لێده‌كه‌م شه‌وانی هه‌ینی مۆمێك داگیرسێنه‌، له‌ هه‌مان جێگای پێشوو كه‌ مۆممان داده‌گیرساند نزام بۆ بكه‌، نزام بۆ بكه‌ تا له‌و دنیا تاریكه‌ رزگارم بێ نزام بۆ بكه‌ تا هه‌رچی زووتر نه‌جاتم بێ و بگه‌ڕێمه‌وه‌ لات.
نزام بۆ بكه‌ تا له‌و ته‌نیاییه‌ كوشه‌نده‌یه‌ ده‌ربازم بێ.
نامه‌م بۆ بنووسه‌، نامه‌یه‌كت ده‌توانێ ماوه‌یه‌ك خۆشحاڵ و شادم بكات و ئومێدی‌ ژیانم پێ ببه‌خشێ. تۆ هه‌موو ئاواتی منی. بۆخۆشت ئه‌وه‌ی له ‌من باشتر ده‌زانی. به‌ ته‌نیا جێم مه‌هێڵه‌. نامه‌یه‌كم بۆ بنووسه‌و مۆمێك داگیرسێنه‌.
نزات بۆ ده‌كه‌م.
غ- س
13/12/1340 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.