پەشێوییەکانی کەسێتیPersonality Disorders

سامان سیوەیلی *

پەشێوی کەسێتی خودشەیدا (نێرگسی)
(Narcissistic Personality Disorder) (NPD)

بەشی هەشتەم
خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی هێندە خۆبەزلزان و لەخۆبایی و لەخۆڕازییە، کە پێیوایە زەوی و گشت ئەستێرەکانی دیکە لەبەرخاتری ئەو دروستکراون، مرۆڤەکان و زیندەوەران و کەلوپەلەکان هەمووی بۆ خزمەتی ئەو هاتوونەتە بوون، کەسی خودشەیدا دووچاری هەڵاوسانی نرخدانان بۆ خودی خۆی هاتووە، ئەو پێی وایە کە خۆی خاوەن و هەڵگری بەرزترین نموونەی باڵای ڕەفتار و باڵاترین جۆری بیرکردنەوە و تێڕوانینە بۆ ژیان و دەوروبەر، خاوەنی بەهرەگەلێکە کە هیچ کەسێک ناتوانێت کێبەرکێی لەگەڵدا بکات، هەتا ئاستی شەیدایی سەرسامە بەخودی خۆی، شەیدابوون و سەرسامییەکەی بەخودی خۆی جۆرێکە لە عاشقبوون بەرامبەر خود، ئەم خودشەیداییە دەبێتە بەربەستێک لە بینینی ئەوانی دیکە بە قەبارەی خۆیان، بۆیە هەمیشە ئەوانەی دیکە بە بچوک دەبینێت و پێی وایە خۆی لە هەمووان باڵاتر و باشتر و گرنگترە، خەیاڵەکانی هەمیشە بەئاڕاستەی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی بێ سنوورە، کە تیایدا خۆی لە لوتکەدا دەبینێتەوە و خەڵکی لێی کۆدەبنەوە، پیرۆزبایی لێدەکەن و سەرسامی خۆیانی بۆ دەردەبڕن، بۆیە ئەم خەیاڵانەی وایلێدەکەن کە خەڵکی بەشایستەی ئەوە ببینێت کە پێویستە ببنە خزمەتگوزاری ئەو و دەستەونەزەر لەخزمەتیدابن، بۆیە بەو ئاڕاستەیە کاردەکات کە بەخراپ کەڵک لە توانا و کۆشش و وزەی دەوروبەر و ئەوانی دیکە بۆ بەرژوەندی خۆی وەربگرێت، دواجاریش نکوڵی لە چاکە و توانا و کۆششەکانی ئەوان دەکات و پێیان نازانێت، خۆی وادەردەخات کە ئەو داهێنەر و زانا و بیرمەند و نەخشەکێش و خوڵقێنەری هەموو کارەکانە، لەکاتێکدا ئەو تەنها ناوی خۆی دەخاتە سەر کۆشش و ماندووبوون و هەوڵەکانی ئەوانی دیکە، دەیانکاتە کار و بەرهەمی خۆی.
بەمەبەستی سەرنجڕاكێشانی دەوروبەر خاوەنی پەشێوی کەسێتی خودشەیدا هەندێجار پۆشاکێک دەپۆشێت کە لەگەڵ تەمەن و پێگەیدا ناگونجێت، شێوازی ڕۆیشتن و قسەکردن و دەنگی بەجۆرێکن کە خودشەیدایی لەسەریان ڕەنگدەداتەوە، باسکردنی بەردەوامی لە خودی خۆی، نکوڵیکردن لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەوانی دیکە بەردەوام باڵ بەسەر بەئاخاوتنەکانیدا دەکێشێت.
خاوەنی ئەم پەشێوییە هیچ هەستێکی بۆ کەس نییە، نە بۆ کەس هاوسۆز دەبێت، نە بۆ کەس ئازار دەچێژێت، بۆ کەس قوربانی نادات، بۆ کەس سازش ناکات، هیچ بە کەس نابەخشێت، ئەگەر بشبەخشێت تەنها لەپێناوی بەرژەوەندییەکدا دەبەخشێت، ئەگەر خێرێکیش بکات لەبەرخاتری خودا نایکات، بەڵکو لەبەرئەوە دەیکات کە ناوبانگ پەیدا بکات و خۆی لەوانی دیکە بەبەرزتر بناسێنێت، خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی جگە لە خودە هەڵاوساوەکەی خۆی هیچ شتێکی دیکە سەرقاڵی ناکات، هەمیشە زێدەڕۆییەکی نابابەتیانە لەپیشاندانی توانا و دەستکەوتەکانیدا دەکات، بەمهۆیەوە بەردەوام گرنگی بەڕووکەشی شتەکان دەدات، زۆر گوێ بە ناوەرۆک و گەوهەری شتەکان نادات، بۆیە ئەمجۆرە کەسانە ناتوانن داهێنان بکەن یاخود دەستکەوتی زانستی بەدەستبهێنن.
ئەو ڕێزەی کەسانی خاوەن پەشێوی کەسێتی خودشەیدا بۆ خودی خۆیان هەیانە، لەڕواڵەتدا ڕێزێکی هەڵاوساوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا ڕێزێکی ناسکە، بەو مانایەی کە بەئاسانی بریندار دەکرێت یان دەشکێندرێت، بەمهۆیەوە بەرامبەر بریندارکردنی هەستیان لەلایەن ئەوانی دیکەوە زۆر هەستیار دەبن، کاتێک ڕەخنەیان لێبگیرێت یان بکەونە هەڵوێستێکەوە کەسانی دیکە لەسەریان زاڵبن، بۆیە ئەم کەسانە لەم کاتانەدا هەست دەکەن سوکایەتییان پێدەکرێت، یاخود بێزراون لەلایەن ئەوانی دیکەوە، هەست بە پوچی خۆیان دەکەن، ئەگەرچی دان بەو هەستانەیاندا نانێن، لەمبارانەدا پەرچەکردارەکانیان چەند شێوازێک وەردەگرێت، یان لەو کاتانەدا خۆیان بە گەورە پیشان دەدەن، یان توڕە دەبن، یان هێرش دەکەنەوە سەر ئەو کەسانە و ڕووبەڕوویان دەبنەوە، بۆیە لە کۆتاییدا یان دەکێشنەوە لەو کەسانە، یاخود وەک کەسێکی لێبوردە خۆیان دەردەخەن بۆ پاراستنی ئەو هەستەی هەیانە بە مەزنایەتی خۆیان.
کەسانی خاوەن پەشێوی کەسێتی خودشەیدا ڕێز لە هەستی کەسانی دیکە ناگرن و بەردەوام چاوەڕوانی سەرسامبوونی ئەوانی دیکەیان هەیە، بەمهۆیانەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لاوازە، ئەگەرچی ئەم کەسانە ئاستی خواستەکانیان لەڕادەبەرە و متمانەیان بەخۆیان زۆرە و ئەوانی دیکە بە بچوک و بێتوانا دەبینن، بەم پێودانگە بێت دەبێت لەژیانیاندا دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنن، بەڵام لەبەرئەوەی بەرگەی ڕەخنە ناگرن، ئاستیان لاواز دەبێت و پەکیان دەکەوێت و لەکۆتاییدا خۆڕاناگرن و دەبەزن، هەندێجاریش ئەم کەسانە لەڕووی کردەی پیشەییەوە زۆر لاواز دەبن، چونکە نایانەوێت کێبەرکێ لەگەڵ کەسانی دیکەدا بکەن، کێبەرکێکردن بە مەترسی لەسەر خۆیان دەبینن، چونکە ترسیان لە بەزین و دۆڕاندن هەیە.
خاوەنی پەشێوی کەسێتی خودشەیدا ناتوانێت شتی نوێ بهێنێتە ئاراوە، بەڵکو خودی خۆی لاساییکارێکی ساختەکارە، ئەوەی هەیەتی لەڕێی گوفتارەکانییەوە بەماسکێکی ڕەنگین و جوانەوە دەیانڕازێنێتەوە بەمەبەستی ڕەواجپێدانیان، هەروەکو چۆن کاڵافرۆشێک بۆ کڕیارەکانی دەکەوێتە ڕازاندنەوەی کاڵاکانی و بەرزکردنەوەی نرخەکان و بەباڵا گوتنی کاڵاکانیدا، لەکاتێکدا خودی کاڵاکان لەڕووی کوالێتییەوە لەئاستێکی نزمدان.
ئەم کەسانە بەڕوانینی ئەفسەرانی سوپا کلاسیکییەکان بۆ سەربازەکانیان لە دەوروبەریان دەڕوانن، چاوەڕوانی ئەوە لەدەوروبەر دەکەن کە دەبێت خزمەتگوزارییان پێشکەش بکەن، لەهەر ئانوساتێکدا بەدەمییەوە بچن، لەگەڵ ئەمەشدا خۆی بەقەرزاری ئەوانە نازانێت کە چاکەی لەگەڵ دەکەن، نەک هەر چاکەیان ناداتەوە بەڵکو تەنانەت بە زارەکیش پێزانین و سوپاسیان بۆ دەرنابڕێت، وەک ئەوەی دەوروبەری ئەرکی خۆیان بێت خزمەتی پێبکەن، هەربۆیە خاوەنی ئەم پەشێوییە لەکاتێکدا هەستبکات بەرامبەر یان دەوروبەر بەئەرکی خۆیان هەڵناستن لە گرنگیپێدان و بەباڵا هەڵگوتنیدا ئەوا دووچاری توڕەبوونێکی زۆر دەبێت، خۆ ئەگەر پێچەوانەی ئەمە هەستبکات فەرامۆش دەکرێت ئەوا توڕەیی و بێزاریی دەگاتە ترۆپک، بەجۆرێک ئەگەر بۆی بکرێت یان بتوانێت حەز دەکات هەڵبکوتێتە سەریان و ئازاریان پێبگەیەنێت، کەواتە دەتوانین بڵێین چاوەڕوانییەکانی کەسانی خودشەیدا چاوەڕوانیگەلێکی نالۆژیکی و ناهاوسەنگن.
پەیوەندییەکانی خاوەنی پەشێوی کەسێتی خودشەیدا بەدەوروبەرییەوە لەسەر بنەمای بەخراپ کەڵوەرگرتن و فرسەتلێهێنان و هەلپەرستی و خۆپەرستییە، تەنها بۆ قۆناغێک هاوڕێ دەگرێت، هەر قۆناغێک لەژیانیدا وەک هاوڕێ لە کۆمەڵێک کەس نزیک دەبێتەوە، بەباشترین شێوە کەڵکیان لێوەردەگرێت و بەکاریان دەهێنێت، هەتا دەستی ئاشکرا دەبێت و لێی دوور دەکەونەوە، بۆیە کەسانی خود شەیدا هاوڕێی بەردەوام و دڵسۆزیان نییە.
هەر کاتێک خاوەنی ئەم پەشێوییە دووچاری شکست ببێت، یاخود ئەگەر دەوروبەر لە شکۆ و خۆبەزلزانییەکەی بدەن، ئەگەری تووشبوونی بەنەخۆشی خەمۆکی زۆر دەبێت، بەهۆی شەیدایی بۆ خودی خۆی زۆر گرنگی بە خۆی و تەندروستی خۆی دەدات، پەیڕەوی سستمی تایبەت لەخواردندا دەکات، وەرزش دەکات، زوو زوو بەدواداچوون بۆ تەندروستی خۆی لای پزیشک دەکات، هەمیشە هەوڵدەدات کە گەنجانە و بەهێز دەربکەوێت، لەگەڵ سەرکەوتنی تەمەنیدا کۆژانە دەروونیەکانی زیاد دەکات، هەر کاتێک زانی لەچوارچێوەی گرنگیپێدانەکانی خەڵک دەچێتە دەرەوە و دەسەڵات و هێزی نامێنێت، یاخود خانەنشین ببێت ئەوا ڕاستەوخۆ دووچاری خەمۆکی دەبێت، ئەو کاتەش کۆژانە جەستەییەکانی زیاتر دەبن، بۆیە بەردەوام سەرقاڵی هاتووچۆی ئەم پزیشک و ئەو پزیشک دەبێت و خۆی بەم بابەتانەوە سەرقاڵ دەکات، ئەگەرچی سروشت و یاسای ژیان وەهایە کە مرۆڤ هەر بەرەو هەڵکشانی تەمەن دەڕوات، ئەو هێز و دەسەڵات و پێگەیەی لەڕابردوودا هەیبووە نایمێنێت، جەستەی بەرەو لاوازبوون و پوکانەوە دەچێت، تەندروستی وەکو ڕابردوو نامێنێت، ئەگەری دەرکەوتنی جۆرەها نەخۆشی زیاد دەبێت، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانەی ژیان بۆ کەسانی خودشەیدا زۆر بەئازار و پەژارە دەبن.
کەسانی خاوەنی پەشێوی خودشەیدا لەژیانی هاوسەرییاندا زۆر بێباکانە لە هاوسەرەکانیان دەڕوانن، هەمیشە دەخوازن هاوسەرەکانیان بەردەوام لەئامادەباشیدابن بۆ خزمەتکردنیان، کەی خۆیان ئارەزووی سێکسیان هەبوو دەبێت هاوسەرەکانیان لەخزمەتیاندا بن، بێ ئەوەی هەست و سۆز و خۆشەویستی ڕاستەقینەیان پێببەخشن، بەردەوام خۆیان لەوە بە گەورەتر دەبینن کە بەدیار کەسێکەوە کە پێی دەڵێن (هاوسەر) ژیان بکەن، کەی خۆیان ئارەزووی گاڵتەکردن و قسەکردن و گەڕانیان هەبێت دەبێت هاوسەرەکانیان ئامادەبن، بەپێچەوانەوە دەبێت هەموو شتێک کش و مات بێت، واتە مەزاژی خۆیان دەکەنە تەوەر و دەبێت هەموو ڕەوشەکان بەپێی مەزاژی ئەوان بسوڕێنەوە.
هەر لەسەرەتای پەیوەندی هاوسەرییەوە ئەم نیشانە نائاساییانە لە کەسی خاوەن پەشێوی خودشەیدا دەردەکەون، هەرزوو دەبێتە مایەی بێزاری و وەڕسبوونی هاوسەرەکەی، لێرەوە سکاڵاکردن و ناڕەزایی دەربڕین و پەشیمانی بە گوفتار و ڕەفتاری هاوسەرەکەیەوە دەردەکەوێت، هەر هەنگاوێکی لەمجۆرەش دەبێتە مایەی توڕەبوون و بێزاری و هەڵچوونی زۆری هاوسەرە خودشەیداکە، هەست دەکات هاوسەرەکەی بەو گەورەییە لێی ناڕوانێت کە ئەو چاوەڕوانی دەکات، بۆیە لەمبارەدا لەدەرەوەی خێزان هەر دەرفەتێکی گرنگیپێدان و بەگەورە تەماشاکردنی دەستبکەوێت لە کەسی سێیەمەوە (مەبەست ڕەگەزی بەرامبەرییەتی) ئەوا کەڵکی لێوەردەگرێت و پەیوەندی ناپاکیی لەگەڵدا دروستدەکات، خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی بەهۆی ئەو تێڕوانینە هەڵاوساوەی بۆ خودی خۆی هەیەتی پێی وایە کە هەر دەرفەت و پەیوەندییەک لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی لەگەڵ کەسانی دیکەدا تێری بکات، لەڕووی ئەو هەست و تێڕوانینە نائاساییانەی هەیەتی بەرامبەر خودی خۆی ئەوا دەبێت کەڵکی لێوەربگرێت، چونکە بەبوونی ئەم پەیوەندیە ناپاکییانە زیاتر شانازی بەخۆیەوە دەکات، پێی وایە کە ئەو ئەوەندە پەسەند و گرنگە بۆیە دەتوانێت لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی گرنگیپێدانی کەسانی دیکە بەدەستبهێنێت.
ئەگەر ئەو هەموو نیشانە و خەسڵەتانە لەبۆتەی کەسێتی خودشەیدادا کۆببنەوە و خۆیان لە ڕەفتار و گوفتار و باری سایکۆلۆژی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیدا بەرجەستە بکەن، ئایا ژیانکردن لەگەڵ کەسانی لەمجۆرە دەبێت چ دۆزەخێک بۆ هاوسەرەکەی بەرهەمبهێنێت؟، دەبێت پێکەوە ژیان لەگەڵ کەسانی وەهادا چ مانایەک ببەخشێت؟، دەبێت هاوژینی ئەمجۆرە کەسانە چەندە توانای بەردەوامبوونیان هەبێت لەگەڵ مرۆڤێک کە خاوەنی دنیایەک گرفتی قوڵ و زیانبەخشە، لەگەڵ مرۆڤێک توانای هەڵکردن و گونجاندنی ئاسایی نەبێت، لەگەڵ کەسێک کە سەرتاپای خۆپەرستی و خۆبەزلزانینە، لەگەڵ کەسێک توانای بەخشینی نەبێت و بەردەوام وەرگربێت، لەگەڵ کەسێک هاوسەرەکەی بە کۆیلە و خزمەتگوزاری خۆی ببینێت، لەگەڵ کەسێک خۆی لەسەر بەرزترین لوتکەی چیا و هاوسەرەکەی لە قوڵترین پنتی قوڵترین دۆڵ و نشێوی سەرزەویدا ببینێت.
کەواتە بەتێگەیشتنمان لە سایکۆلۆژیای خاوەنی پەشێوی کەسێتی خودشەیدا (نێر بێت یان مێ)، دەگەینە ئەو بڕوایەی هاوسەرگیریکردن لەگەڵیاندا پەیوەندییەکی ناتەبا و پڕ گرفت دێنێتە ئاراوە، ئەم جۆرە لە کەسێتی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر سازان و سەقامگیری پەیوەندییە هاوسەرییەکە دروست دەکات، پەیوەندی هاوسەریی لەمبارانەدا پەیوەندیەکی ناهاوسەنگ دەبێت، بەردەوام ناڕەزامەندی و کێشمەکێش و ئاژاوە و ناتەبایی باڵ بەسەر پەیوەندییە هاوسەرییەکەدا دەکێشێت، جگە لەوەی هاوسەرە خودشەیداکە لەزۆرباردا پەنا بۆ ناپاکی هاوسەریی دەبات، لەهەمان کاتدا ئەگەری ئەوەش دەبێت لەئەنجامی هەست بەپەراوێزخستن و دەستنەکەوتنی سۆز و خۆشەویستی و گرنگپێدانەوە، هاوسەرەکەیشی پەنا بۆ ناپاکیی یان جیابوونەوە ببات.
لە پرۆسەی دەسنیشانکردنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتیدا، پشت بەبوونی ئەم خەسڵەتانە دەبەسترێت:
١- بوونی دیدێکی هەڵاوساو بۆ بەهای خود.
٢- پێویستی بە سەرسامبوون لەلایەن ئەوانیترەوە.
٣- نەبوونی هاوسۆزی.
ئەم خەسڵەتانە لەڕێی بوونی چەند نیشانەیەکەوە بەرجەستە دەبن، هەرکاتێک لانیکەم پێنج نیشانە لەم نیشانانە بوونی هەبێت، دەتوانین بڵێین کەسەکە پەشێوی کەسێتی خودشەیدایی هەیە:
١- هەست و تێڕوانینێکی زێدەڕۆ و بێ بنەمایان هەیە بەرامبەر گرنگبوونی خۆیان و بەهرەکانیان (خۆبەزلزانن).
٢- سەرقاڵبوون بە خەیاڵی پڕوپووچەوە دەربارەی دەستکەوتە بێسنوورەکانیان، یان دەربارەی توانای کارتێکردنیان لەوانی تر، هێز، زیرەکی، جوانی، خۆشەویستی نموونەیی.
٣- باوەڕیان وایە کە لەوانی دیکە جیاوازن و بێوێنەن، بەمهۆیەوە پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانێکدا بن کە لە بەرزترین ئاستدا بن.
٤- پێویستبوونیان بە سەرسامبوونی بێمەرج، لەلایەن ئەوانی دیکەوە.
٥- هەستکردن بە باڵادەستی و سەرکەوتن.
٦- بەخراپ کەڵک وەرگرتن لەوانی دیکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتەکانیان.
٧- بۆ کەس هاوسۆز نابن.
٨- بوونی حەسادەت بەرامبەر ئەوانی و بوونی باوەڕ بەوەی ئەوانیتر حەسودی پێدەبەن.
٩- خۆبادان و بێباکی بەرامبەر دەوروبەر.
تێبینی:
١- ڕێژەی بڵاوی پەشێوی کەسێتی خودشەیدا لەنێو کۆمەڵگەدا دەگاتە (١،٦٪).
٢- ئەم پەشێوییە لەنێو ڕەگەزی نێردا زیاترە بەراورد بە مێ.

*دەروونناس