چارەنوسی ڕەشی كورد لەدوای كشانەوەی یۆنامی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاوكاریكردنی عێراق ناسراو بە “یۆنامی” لە14ی ئابی 2003دا بە گوێرەی بڕیاری ژمارە 1500و لە كۆبوونەوەی ژمارە 4808 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكاندا پێكهێنراوە. لەساڵی 2007دا ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری ژمارە 1770ی دەركردو، بەگوێرەی ئەو بڕیارە ئەركەكانی یۆنامی لەعێراقدا فراوان كران بەجۆرێك زۆرینەی سێكتەرە گرنگەكانی ژیان و پەیوەندی نێوان پێكهاتەكان و ئەركە دیموكراسییەكانی لەعێراقدا ڕووپۆش دەكرد.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، ئەركی یۆنامی لەعێراقدا هاوكاریكردنە لە وەگەڕخستنی گفتوگۆی سیاسی لەنێوان پێكهاتەكان و، هاوكاریكردن لە پرسەكانی هەڵبژاردن، پرسەكانی مافی مرۆڤ و مافی پێكهاتەكان لەعێراق. خاڵێكی تر كەزۆر گرنگە و لە دۆكیۆمێنتی دامەزراندنی ئەو ئاژانسەدا ئاماژەی پێكراوە، ئەوەیە كە ئەركێكی دیكەی گرنگی ئاژانسەكە بریتییە لە هاوكاریكردنی هێنانەكایەی گفتوگۆی نێوان عێراق و دراوسێكانی، دواتر ئەركی دروستكردنی ئاشتی.
ئەگەرچی سروشتی كاری هەموو ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بەشێوەیەكی ئینسیابی و زۆر خاوەو، لەهەموو دۆسیەو ناوچەكانی دنیادا ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كاری فەوری لەسەر پرسەكان ناكەن و، ئالیەتی بڕیاردان یەكجار زۆر ئاڵۆز و خاوە. بەڵام لەدۆخی عێراقدا، لەكاتێكدا سەرجەم لایەنەكان لەتێكگیرانی زۆر قورسدان و، هیچكام لەكێشە جەوهەرییەكانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق چارەسەر نەبوون، كشانەوەی یۆنامی و كۆتاییهێنان بەئەركەكانی ئەو ئاژانسە، لەعێراقدا كێشەی ترسناك دەنێتەوەو، سەبارەت بە كورد و هەرێمی كوردستانیش قوڕەكە خەستتر دەبێتەوە.
لەئێستادا سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای پێكهاتەكانی تری وڵات، نامەیەكی لەڕێگەی نوسینگەی عێراق لەنەتەوە یەكگرتووەكان ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش كردووەو، داوای كۆتاییهێنان بەئەركەكانی یۆنامی كردووە. هاوكات داوای ئەوەیشی كردووە كە تاكو بەتەواوی ئەركەكانی ئەو ئاژانسە كۆتاییان دێت، پێویستە دەستەڵاتەكانی كەم بكرێنەوەو، تەنها لەبواری ژینگە و چەند پۆینتێكی زۆر بچوكدا بەشداری بكات و، هیچ پەیوەندییەكی بەمەسەلە سیاسییەكان و مافی مرۆڤ و پێكهاتەكانەوە نەمێنێت!.
ئەوە لەكاتێكدایە كە عێراق هیچكام لە ئەركە دیموكراسییەكانی جێبەجێ نەكردووە، هیچكام لەو بڕگەو مادە دەستورییانەی جێبەجێ نەكردووە كە مافی كورد و پێكهاتەكان دەدەن. هەرخۆی لەبنەڕەتدا سەرۆكوەزیرانی عێراق ماف و دەستەڵاتی ئەوەی نیە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای كورد و سوننەكان داوایەكی بەوشێوەیە لەئەنجومەنی ئاسایش بكات. لەوەدا پێویستە كورد و سوننە هەڵوێستیان هەبێت.
عێراق نەوەك تەنها ئەركەكانی خۆی ڕانەپەڕاندووە و مافی پێكهاتەكانی نەداوە، بەڵكو تەنانەت لە مسۆگەركردنی مافە نەتەوەییەكانی كوردیش بەهیچ جۆرێك تاكە یەك پۆینتی بچوكیش پێشنەكەوتووە، بەڵكو پاشەكشەی مەترسیداری كردووە، ئێستا دوای پتر لە 21 ساڵ لەدروستكردنی یۆنامی، نەك مافە دیموكراسی و نەتەوەییەكانی كورد مسۆگەر نەكراون، بەڵكو گەمارۆی ئابووری خراوەتە سەر و، تەنها لەبەر ئەوەی كوردە، مووچەی نادرێتێ! مافی ژیانێكی شەرەفمەندانەی لێوەرگیراوەتەوەو، مووچە كراتەوە گوشاری سیاسی و بەئامانجی سازشی سیاسی و ستراتیژی و دەستبەردان لەمافە نەتەوەییەكان، لەعێراقدا مووچە وەكو چەكێك لەدژی كورد بەكاردەهێنرێت. دەی ئەمە لە 2003 كە یۆنامی دروستكرا نەبوو، شتێك بەناوی كێشەی مووچە و بەكارهێنانی مووچە دژی پێكهاتەیەكی گەورەی عێراق لەئارادا نەبوو. لەئێستادا كە سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەو دەستەڵات و مافە بەخۆی دەدات كە داوای كۆتاییهاتنی ئەركەكانی یۆنامی بكات، مافەكان تا ئەو ڕادەیە پاشەكشەیان كردووە، مووچەی مناڵی ساوا لەكوردستان بڕدراوە.
ڕەنگە گوشارەكانی سەر سودانییش بۆ نوسینی وەها نامەیەك گەورەبووبن. بەڵام پێویستە كورد سەیرێكی دۆخی خۆی لەگەڵ عێراق بكات و، لێنەگەڕێت یۆنامی كە لانی كەم وەكو شاهیدێكی نێودەوڵەتی لەعێراقدایە، ڕاپۆرتەكانی لەئەنجومەنی ئاسایش ئیعتیباری گەورەیان هەیە، بەو ئاسانییە لەعێراق بچێتە دەرەوە، تەنها لەبەر خواستی پێكهاتەی شیعە و، ئیدی كورد و سوننە هیچ حسابێكیان بۆ نەكرێت.
لەدوای یۆنامی، وەك ئەوەی لەدوای ڕادەستكردنی دەستەلات بەعێراقییەكان و كشانەوەی ئەمریكا لە 2011 ڕوویدا، چارەنوسێكی ڕەش و مەترسیدار چاوەڕوانی كورد و هەرێمی كوردستان دەكات و، پێویستە لەئێستاوە بەهەموو تواناوە هەوڵ بدەین، ئەو مەترسییە لەسەر كوردستان دوور بخەینەوە.