و: خالید فاتیحی
چیرۆكی: مه‌حموود كیانووش
له‌په‌نا باخچه‌كه ڕاوه‌ستابووین، ته‌ماشای ئه‌و تاقه چڵه گوڵه‌سووره‌ی قوتابخانه‌مان ده‌كرد كه چه‌ند چونچه‌یه‌كی دابوون و تازه خەریكبوون ده‌پشكوتن. منداڵه‌كان له‌لای حه‌وزه‌كه خه‌ریكی یاری و هاروهاجی خۆیان بوون. گه‌رمای تاقه‌ت پڕووكێنی خۆره‌تاو باڵی به‌سه‌ر هه‌موو ژاوه‌ژاوی ده‌رێ و ژوورێ‌دا كێشابوو. چاوم بڕیبووه درهوشانەوەی گوڵه‌كان و كه‌وتبوومه ناو دنیای خه‌یاڵی خۆمه‌وه.
«مامۆستا، مامۆستا!»
هاتمه‌وه سه‌رخۆ. «به‌ڵێ؟»
«ئه‌وه‌مان دۆزیوه‌ته‌وه.»
نینۆكبڕێك بوو زریزهیهكی پێوه‌بوو. ئه‌حمه‌د ته‌ماشایه‌كی كچه‌ی كرد و ئینجا سه‌رنجێكی منیشیدا. خه‌ریكی ئه‌وه بووم ناسكی گوڵه‌كان و گه‌رمایی تاقه‌ت پڕووكێنی خۆره‌تاو، دڵگیرتر له روخساری كیژهدا ده‌بینم. كیژه به شه‌رمه‌وه سه‌ری نهویكرد و، وه‌ك كه‌روێشك له نیگا گه‌رمه‌كانی من ڕایده‌كرد و خۆی له‌ناو بنچكه پهرشوبڵاوهكان و منداڵه‌كاندا ونكرد.
ئه‌حمه‌د گوتی: «روخسارێكی سه‌یری هه‌یه. به‌تایبه‌ت ڕه‌نگی چاوه‌كانی.»
گوتم: «ڕه‌نگه‌كه‌ی، نیشانه‌ی بێ گوناهی منداڵانه‌و كه‌مه‌ندكێشی ژنانه‌یه.»
ئه‌حمه‌د گوتی: «زۆر له ته‌مه‌نی گه‌وره‌تر ده‌رده‌كه‌وێ.»
گوتم: «هه‌تا له روخساریدا ئه‌و نه‌جیبی و شه‌رم و دووره‌په‌رێزی كچانی باڵق بوونی تێدایه.»
ئه‌حمه‌د گوتی: «مخابن! بۆخۆیشی نازانێ سروشت چ جوانی و شهنگییهكی داوه‌تێ.»
گوتم: «هه‌میشه ئه‌و جوانی و ده‌لالی و به‌رچاویه ده‌بنه قوربانی هه‌ژاری و ده‌ستكورتی. به‌دبه‌ختییه‌كه له‌وه‌دایه چاوه‌كان بێ مروه‌تن. له روخسار و ناوبانگ و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌ڕوانن. ته‌نانه‌ت من و تۆش، ئه‌گه‌ر باش لێی وردبینه‌وه، ئێمه‌ش ئاواین.»
«نازانم. به‌ڵام ده‌شێ من وانه‌بم.»
ته‌مه‌نی یازده ساڵ بوو. له پۆلی چوار ده‌یخوێند. بیرتیژ بوو، به‌ڵام بزۆز بوو. له‌گه‌ڵ براكه‌ی و سێ قوتابی دیكه له گوندێكه‌وه ده‌هاتن كه تا قوتابخانه سهعاتهڕێیهك بوو. دایكی مردبوو. باوكێكی ته‌مه‌ن چل و حه‌وت، چل و هه‌شت ساڵه‌ی زۆر په‌رێشانی هه‌بوو، كه به‌رده‌وام كاری ده‌كرد. پیاز و په‌تاته‌ی بۆ شاری ده‌برد، په‌ینی بۆ كردوكێڵ و مهرهزهجاڕان ده‌كێشا، ئاودێری و زۆر كاری دیكه‌شی ده‌كرد. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كارانه‌دا كه‌ره‌كه‌ی ههرپێبوو. دووجار هاتبووه قوتابخانه، نه‌یتوانیبوو به‌بێ كه‌ره‌كه‌ی بێت.
كچه‌كه‌ی زۆر رووههڵماڵاو بوو. به یه‌كسانی له‌گه‌ڵ كوڕ و كچه‌كان به‌شه‌ڕ ده‌هات و له‌به‌ریشیان هه‌ڵده‌هات. ڕه‌نگی چاوه‌كانی ده‌تگوت هه‌نگوینی زه‌ردن، دوو بڵێسه‌ی زێڕین له‌ناویاندا دایسان، بڵێسه‌یه‌ك به دووكه‌ڵی حه‌شیش و تامی خالیسه. روخساره ئه‌سمه‌ر و ناسكیهكهی وه‌ك هه‌ندێك له‌و بووكه‌شووشه گێچیانه ده‌چوو كه له‌پشت ته‌متومانی ئه‌رخه‌وانی شه‌رمه‌وه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی سێحراوی ده‌رده‌خست. كاتێك له‌گه‌ڵی ده‌دوام ئه‌گه‌ر ته‌ماشای زه‌وی یان شتێكی دیكه‌م نه‌كردبا، بێگومان چاوه‌كانم ئه‌و ئه‌فسونه‌ی منیان ئاشكرا ده‌كرد.
دوا خونچه‌گوڵی سووری باخچه‌ی قوتابخانه پشكووت و په‌ڕپه‌ڕ بوو و، هه‌ڵوه‌ری. له په‌نجه‌ره‌ی پۆله‌وه دار قهیسییهكهم ده‌دیت كه لكوپۆپهكانی به شنه‌بای فێنكی پایزی دهلاژانهوه. جێگای كیژه له‌سه‌ر مێزی دووه‌م خاڵی بوو. ته‌ماشایه‌كی ئه‌و كوڕیژگهم كرد، كه له گونده‌كه‌ی ئه‌وڕا ده‌هات. كوڕیژگه كه‌مێك خۆی جوڵاند و به دزیه‌وه ته‌ماشای جێگای خاڵیی ئه‌وی كرد.
گوتم: «با بزانم، ئه‌و مارمێلكه‌یه له‌كوێیه؟»
منداڵه‌كان پێكه‌نین، كوڕیژگه‌كه گوتی: «شه‌رمی ده‌كرد بێت.»
دیسان چه‌ند منداڵێك پێكه‌نین، كوڕێكی دیكه گوتی: «مامۆستا، ئێمه ده‌زانین. شه‌رمی ده‌كرد بێت. هه‌تا نیوه‌ی ڕێگاش هات.»
كیژۆڵه‌یه‌ك له ناوه‌ڕاستی پۆل گوتی: «منداڵه‌كان گاڵته‌یان پێده‌كرد و قسه‌ی ناشرنیان پێده‌گوت. ئه‌و قاسمهش.»
پۆله‌كه شڵه‌ژا. هێشتا هیچ شتێكم بۆ روون نه‌ببووه‌وه. هه‌ستمكرد ده‌بێ نیگه‌رانیی مامۆستایه‌كی پیاو بەسەر كونجكۆڵییەكەیدا وەك پیاوێك سەركەوێ. هه‌رگیز ده‌مامكی ئه‌رك و دەسەڵاتی خۆمم وه‌لا نەدەنا.
به توڕه‌یی هاوارمكرد:
«بێده‌نگ بن! كتێبه‌كانتان بكه‌نه‌وه. عه‌باس هه‌سته بۆسه‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش!»
بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر پۆلدا كێشا. كونجكۆڵی و بابه‌ته‌كه‌م هه‌ڵگرت بۆ كاتی زه‌نگی پشوو. زه‌نگی پشوو، كاتێك زه‌نگ لێیدا هه‌موو قوتابییه‌كانم كردنه ده‌ره‌وه. به قاسمم گوت وه‌مێنه كارم پێته. ده‌رگای پۆلم پێوه‌دا و به ڕاوێژێكی تاڵ و توند ده‌ستمپێكرد:
«ده‌ی بۆم باسبكه!»
«مامۆستا من ئازارم نه‌داوه.»
«بۆ گه‌ڕایه‌وه؟»
«شه‌رمی له جه‌نابت ده‌كرد. بۆخۆی وایگوت. ئاخر دوێنێ شیرینیان خوارده‌وه، بۆ كه‌ریم جه‌عفه‌ر ئاوایی.»
«كه‌ریم جه‌عفه‌ر ئاوایی؟»
«به‌ڵێ. له شاری وردهواڵهفرۆشه. بهروانكهو شتی منداڵان ده‌فرۆشێ.»
«یانی ماره‌یان كرد؟»
«به‌ڵێ، نه‌نكی جیرانی ئێمه‌یه. باوكیشی باخه‌وانی ئاغایه.»
«تۆ گاڵته‌ت پێده‌كرد؟»
«من گاڵته‌م پێنه‌ده‌كرد. ره‌زا بادی ئه‌زیه‌تی ده‌دا. پلارو توانجی لێده‌گرت. به‌خوای من خه‌تام نه‌بوو.»
ده‌رگای پۆلم كرده‌وه و گوتم: «بڕۆ. كارت پێی نه‌بێ، هه‌ر كچێك ده‌بێ شوو بكات.»
ئه‌و ئیدی نه‌هاته‌وه قوتابخانه. بڕوانامەكەم وه براكه‌یدا بۆی برده‌وه. بڕوانامه‌ی پۆلی چواره‌م وێنه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو ریزێك نمره‌ی مامناوه‌ند. جوان له وێنه‌كه‌ی ڕامام. گیانی به‌به‌ردا هات، وهجووڵهكهوت و چاوه‌كانی پڕ كردم. به‌ژن و باڵایه‌كی به‌رز و ناسك، به ئه‌ندامی رێك و له‌باری ژنێك له دنیای نیگاركێشی، لێوڕێژ له شادمانی، كراسێكی ئاوریشمی وه‌نه‌وشه‌یی له‌به‌ردابوو، سووك وه‌ك شنه‌باو زوڵاڵ وه‌ك شه‌ونم.
زارا هێشتا جێگای له پۆلدا خاڵی بوو. به‌رەبه‌ره سه‌رما ته‌شقی ده‌شكا، به‌ڵام هێشتا دار قه‌یسییه‌كه له به‌ره‌كه‌تی گه‌ڵاو شكۆفه بێبه‌ش بوو. له په‌نجه‌ره‌وه سه‌یرم ده‌كرد: ده‌ستێك بوو به په‌نجه‌یه‌كی بێ ژمار، به نزایه‌كی گه‌وره‌وه ده‌ستی به‌رز كردبوونه‌وه، هه‌موو نزا و هه‌مووی پاڕانه‌وه. ڕووم وه‌رگێڕا، هاتوهاوواریان نه‌ده‌هات. گوتم:
«نووسینهوهكانتان له‌سه‌ر مێز دابنێن!»
خشه‌خشی كاغه‌زه‌كان به‌رزبۆوه. هێشتا نه‌گه‌یشتبوومه مێزی دووه‌م، یه‌كێك له ناوه‌ڕاستی پۆل گوتی: «مامۆستا، ئیجازه هه‌یه؟ قاسم له نیوه‌ی ڕێگا به‌جێما، ئێستاش نەهاتووە.غایبه.»
سه‌رم هه‌ڵنه‌هێنا، وه‌ڵامی بده‌مه‌وه. ده‌نگه‌كه دووباره گوتی: «له‌ترسان هه‌ڵات، ده‌رسه‌كه‌ی نهنووسیبووهوه.»
ده‌نگێكی دیكه گوتی: «دوێشه‌و هه‌ر له زه‌ماوه‌ند بووه.»
مامۆستایانه سه‌رم هه‌ڵێناو هاوارم كرد: «بێده‌نگ بن! چ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئێوه هه‌یه. خۆتان له كاری خه‌ڵكی هه‌ڵمه‌قورتێنن! هه‌ركاتێك پرسیارێكم لێ‌كردن، ئه‌وسا قسه‌بكه‌ن!»
زه‌نگی پشوو، له‌لای باخچه‌كه‌و له نزیك گوڵه سووره‌كه وه‌ستابووم، ڕێگه‌مدا هه‌ندێك له قوتابییه‌كان بێنه‌لام و باسێكی گوندهكهیانم بۆ بكه‌ن. به‌جۆرێك تهماشامدهكرد ده‌تگوت ههرنامهوێ گوێم له قسه‌كانیشیان بێت.
«ئه‌وه هه‌فته‌یه‌كه كه‌ریم جه‌عفه‌ر ئاوایی له شاره‌وه نه‌هاتووه. دایكی هه‌روا ده‌گری و توك و نزایان ده‌كات.»
«باوكی زارا ته‌شقه‌ڵه‌ی پێده‌كا. ئه‌نگوستیله و كراس و پێڵاوه‌كانی كه‌ریمی بۆ ناردوونهوه.»
«حه‌بیب دارتاش، كه‌ریمی له شاری دیتووه، ده‌یگوت پێده‌چێ كه‌ریم شێت بووبێ.»
«ئاخر زۆری زارا خۆشده‌ویست.»
«زارا مێردی به سه‌ید وه‌لی كردووه. باوكی زارای داوه‌تێ له‌بری كه‌رێك. رۆژی پێشتر كه‌ره‌كه‌ی تۆپیبوو.»
عه‌باس كه له هه‌موان گه‌وره‌تر بوو گوتی: «سه‌ید وه‌لی له ته‌مه‌نی بابی زارای دایه. ژنی هه‌یه و سێ منداڵیشی هه‌ن.»
ده‌ستم بۆلا حه‌سارێ راداشت و فه‌رماندانه گوتم: «یاڵڵا! ده‌ست له قسه‌ی ههللهق مه‌لله‌ق هه‌ڵگرن! بڕۆن!»
سنووری ده‌سته‌ڵاتی خۆم وه‌رگرته‌وه و له په‌نا باخچه‌كه راوه‌ستام. هه‌روا كه ته‌ماشای لكوپۆی گوڵه‌كه‌م ده‌كرد، هه‌وڵمده‌دا روخساری كیژه بێنمه‌وه به‌رچاوم. خهیاڵهكانیشی وه‌ك خۆی ئازار به‌خش بوون. ته‌نیا ئه‌و دوو بڵێسه زێڕینه‌م بۆ ساتێك هاتنه‌وه به‌رچاو. چڵه گوڵه رووته‌كه له هزرمدا ئاگری گرت.
سه‌رچاوه:
كتێبی: (یادگاری خشكسالی های باغ) تورج رهنما. انتشارات نیلوفر- سال 1376