ئەوەی من دەیبپەرستم، ئەوە نییە كە ئێوە دەیپەرستن

                                                        عومەر چنگیانی

لە گوڵخەرمانی ئیمڕۆم دا، حەوتەمین ئایەتی سوورەتی “قەڵەم” دێنمەوە بیری بەڕێزتان(١)، کە ڕووی گوتارە لە پێغەمبەری خۆشەویستمان محەممەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – و بڕیارە گەورەكەی پەروەرێن باس دەكا و دەفەرمێت:
“بەڕاستی پەروەرێنی تۆ لە هەموان زاناتر و شارەزاترە بەوەی كە كێ لە دۆزینەوەی ڕێگای ڕاستیدا گم و، ون و، بزر بووە، هەر ئەویشە كە لە هەموان زاناتر و شارەزاترە بەوەی كە كێن ئەوانەی ڕێگای ڕاستیان دۆزیوەتەوە و گرتوویانەتە بەر”.
ئەمە وەك من لێی تێدەگەم كورتترین مانای ئایەتەكەیە، جا وەرن با بڕۆێنە ناو كەمێك درێژەپێدانی لێكدانەوەكەمان .
1/ وشەی “ضلال” واتە دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە ئارمانجەكەی خۆی، زۆرجار دەبینین وتاربێژێك وەك دەڵێن “سەری كڵافەكەی ون كردووە” سەری قسەكانی لێ تێك دەچێ و نایەتەوە سەری، یان كەسێك بۆ ئارمانجێك هەنگاو دەنێ و دوایی لێی تێك دەچێ و ناگەڕێتەوە سەری بە ڕێگایەكدا دەڕوا و گمی دەكا و …هتد .
2/ واتە شتێك لە شتێكدا توایەوە و، هیچ شوێنەوارێكیشی نەما، وەكچۆن كاتێك ئاو تێكەڵی شیر دەكرێت وا دیارە هەر شیرە و مرۆڤ وا دەزانێ هەمووی هەر شیرە.
3/ وەك چۆن بە لە هۆشچوونی مرۆڤیش، دەگوترێت “ضلال”.
جا دوای ئەم ڕوونكردنەوە و ئەم باسی بڕیارە گەورە خواییە، ڕێنمایی پڕ لە فەرمان دەركردن دەست پێدەكات بۆ پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – ڕێنماییەكی وا كە هەرخودی ڕێنماییەكە ئەوەی تێدا بەدی دەكرێت كە پێویستە لەسەری، بێهیوا بێت لە بڕواهێنانی زۆرێك لەو سەركردانەی “كفر” كە ئەوكات هاوچەرخی بوون و لە نێو ئەو شاری مەككەیەی كە یەكەم پێگە و یەكەم زەمینەی بانگەكەی بوو تێیدا بەدەوریەوە بوون، بەڵام چۆن بەدەورەوەبوونێك؟!
بەدەورەوەبوونێكی تەژی و پڕ لە قین و دژمنایەتی.
ئەوان زۆر رێگایان گرتەبەر بۆ ئەوەی وا دەربخەن كە ئاشتی خوازن وتەبایی و پێكەوە ژیانیانیان دەوێ، جارێ داوای یەكسانی ڕۆژ بەڕۆژ پەرستنیان لێدەكرد، كە ئەو ماوەیەك دان بە خواكانی ئەواندا بنێ و بیان پەرستێت، ئەوانیش هەمان شێوە لە بەرانبەریدا وا بكەن، كە ئەم مانایانەیش ئەوەیە كە تەواوی سوورەتی “كافرون” ئاماژەی بۆ دەكات و ڕوونی دەكاتەوە و، دەفەرمێت:
“پێیان بڵێ. هۆ بێبڕواگەلینە * ئەوەی من دەیبپەرستم ئەوە نییە كە ئێوە دەیپەرستن!، یاخود من پەرستراوەكەی ئێوە ناپەرستم * ئێوەیش پەرستراوەكەی من ناپەرستن – بەمانا وای نیشان بدەن لەوەدا چونكە گوایە هەمووی پەرستنە، كەوابوو یەكسانین – نە منیش پەرستیاری ئەوەم و دەبم كە ئێوە دەیپەرستن و دەتانپەرست! ئاخر خۆ بۆ تاكە چركەیەكیش بێت محەمەد – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – بتی نەپەرستووە * ئەوەیش بزانن كە هەرگیزاوهەرگیز پێیان دەڵێت ئێوە درۆ دەكەن ئێوە پەرستراوی من ناپەرستن و درۆ دەكەن * ئێوە و ئایینی خۆتان، من و ئایینی خۆم”.
جا دەبینین لە هەشتهەمین ئایەتی سوورەتەکەی “قەڵەم”دا پێی دەفەرمێت:
“ئامان! نەكەی ملكەچی فەرمان و گوێگری خواستەكانی درۆزنە بە درۆخەرەوەكان ببیت”.
گومان لەوەدا نییە كە لە دوای هاوەڵ بۆ خوا پەیداكردن، “درۆ” ناپەسەندترین تاوانێكە مرۆڤ بیکات.
دوابەدوای ئەمە، لە نۆهەمین ئایەتدا، پەردە لەسەر لایەنێكی دەروونی وخواست “ویداد”ی دڵیان هەڵدەداتەوە – كە بە كردەوەیش چەسپاندوویانە – و دەفەرمێت:
“لە تۆیان دەوێت ڕووپەرماییان بۆ بكەیت، تا لە بەرانبەردا ڕووپەرماییت بۆبكەن”!.
ئەمە فەرمانێكی گرنگ و گەورەیە و بە پلەی یەكەم ڕووی لە محەممەد كردووە – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و فەرمانیشە بۆ ئێمەی بڕواداران و دەبێ لەم بابەتەی “عەقیدە”دا زۆر هەستیارانە مامەڵە بكەین و ریای خۆمان بین”موداهەنە و ئیدیهان” چەورەێتیكردن بۆ كەسێك، كە “چەورەكەرەكە” نە بە قسە و نە بە كردەوە و نە بە هیچ شتێكی بەرانبەرەكەی ڕازی نییە، بەڵام خۆتەخۆتە و درۆی بۆ دەكات!
دوای ئەمە لە دەهەمین ئایەت و بەدواوە دەست دەكات بە هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەك و نۆ شەرمەزاریی كەسێك باس دەكات كە بۆخۆی لە كەداربوو بە ناشیرین ترین ئابڕووچوونی ژێر بەڕەخراوی پەردە بەسەردادراو!
كە سەرباری ئەوەیش لە هەمان كاتدا لە هەموو دژمنەكان نەگریستر و لووتبەرزتر و مل‌بەهەق‌نەدەرتر بوو كە “وەلیدی كوڕی موغیرە” بوو!(٢).
گەرچی گوتارەكە لایەنێكی تایبەت وەردەگرێت و پەردە لە ڕووی نهێنییەكانێ كەسێكی تایبەت هەڵدەداتەوە، بەڵام یاسایەكی گرنگمان هەیە كە زانایانی “ئوسوڵفیقهی ئیسلامی” دەفەرموون: “لە پەند و حوكم وەرگرتندا، گشتگیرییەتی وشەكان ڕەچاو دەكرێت، نەوەك تایبەتێتی هۆكاری هاتنی هیچ دەقێك”9” .
پەراوێز:
(١)لە ژمارە شەست تا شەستو پێنج، پاشان شەستو حەوت تا حەفتا و پێنج، پاشان حەفتاو حەوت، گوڵخەرمانمان تایبەت بوون بە لێكدانەوەی سورەتی “ ن والقلم “ بە زمانی كوردی.
“٢”وەلیدی كوڕی موغیرە، باوكی خالید، 527ی زایینی لە مەکەدا لەدایك بووە و ساڵی 622 لە بەدردا كوژراوە.
“٣” لێكدانەوەمان بۆ ئەم چەند ئایەتەی سورەتی “ ن والقلم “ لە لاپەڕە “9”ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2545 سێ شەممە 7 ی شوباتی 2017 بڵاو كراوەتەوە” واتە حەوت ساڵ و سێ مانگ و هەفتەیەک بەر لە ئێستا.
شاملەر، ئیستانبول
١٢ی٥ی٢٠٢٤

ھەواڵی زیاتر