خۆ سەرقاڵ کردن

حیات مجید
هەڵبەتە لە جیهانی ئەمرۆدا هەموو سەرقاڵن، هەر یەک بەجۆرێک و هەر جۆرێک بە چەشنێ، سەرقاڵ بوونی تاکە بۆتە هۆکارێک بۆ خۆ ون کردن و جۆرێک خۆ دزینەوە لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، دەما و دەم لە هەر کەسێک ئەپرسیت لە وەزع و ژیان کردنی دەیان پاساوی سەرقاڵ بووی خۆی ئەخاتە روو، کە رەنگە زۆرینەی زۆریان بەهانە بن بۆ خۆ دزینەوە لە ئەرکە کۆمەڵایەتی و خزمایەتی و هاوڕێیایەتیەکان.

لە راستیشدا کە سەیری ناو ئاخنی ئەو هەموو مەشغوڵیەمان بکەین، پڕە لە بێ بەها کردنی کاتەکانمان، بەسەر بردن و مێشک و رۆح ماندووکردن و هیچی تر نا، ئەو ماندوو بوونی مێشک و رۆح و جەستەیەش بەشێکی زۆری بەسەر بردن و کات کوشتنمانە بە سۆشیال میدیا، بە تایبەتی هەندێ ئەپی بێ ئەرزش کە نەک تەنها تاک بە ڵکو خێزان و کۆمەڵگاشی توشی دەیان و سەدان کێشە و قەیرانی خێزانی و کۆمەڵایەتی کردوە، رۆژانە لە رێگەی ئەم ئەپانەوە هەر مۆبایل یاخود ئایپاد بەدەستێک دەیان ڤیدۆی جۆراو جۆر دەبینیت کە ئەبێتە هۆی ماندووبوونی دەروون و مێشک و کەم خەوی و ستریس و خۆ دورخستەوە لە خیزان سۆشیال میدیا لەمڕۆدا بۆتە ژەهریکی کوشندە بۆ لەبار بردنی پەیوەندیەکان، رەنگە بوتری لەو ڕێگەیە دەتوانی پەندی زۆر دروست بکەی، ئەوەش راستە پەیوەندی دروست دەکەی بەڵام چ جۆرە پەیوەندیەک، زۆربەی کات مەوداکەی بەینی خۆت سکرینەکەت تێپەر ناکا، پەیوەندیەکان پڕ دەبن لە پەیوەندیەکی سکرینی و پەیوەندیەکی بێ بەهاو بی رۆح و نا واقیعی.

لە کاتێکدا باسی ئیمە باسی نەرێنی ئەو پەیوەندیە دەکەین مانای ئەوە نیە کۆی سۆشیال میدیا و بەکارهێنانی نەرێنی بیت، بەڵکو هەر لەو رێگەیەشەوە دەگەیتە کۆمەلیک لینکی گرنگ و چەندین سەرچاوە و کتێبی بەسود و کەسی باش و گرنگ، کە رەنگە ئەو رێگە نەبێت سەخت بێت هەم بەدەستهینانی هەم گەیشتن بەو لینکانە، ئەم دیوەی یەکێکە لە دیوە باشەکانی، کۆی باسەکەی ئێمە پەیوەندیە بێ رۆح و زۆر بەکار هێنانیەتی کە بەشێکی زۆر لە گەنجان گیرۆدەی بوون و کاتی زۆری خۆیان بە مانەوەی تا درەنگانی شەو کەمخەوی بی میزاجی و نەخوادنی تەندروست و زوو هەڵچوون و هەڵەشەییان، ئەمە جگە لەوەی هاوسەردارەکانیش بە جۆرێک قوربانی دەستی سۆشیال میدیان کە دەیان خێزان لە یەکتر هەڵوەشاوەتەوە لە ئەنجامی خراپی بەکار هێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان،

دروست ژەهرەکانی سۆشیال میدیا کە دەڕژینە ناو کۆمەڵگە زۆر بە زووی بڵاو دەبنەوە و زیانەکانی هەر زوو بەدەر دەکەوێت، بۆیە دەکرێت خۆ سەرقاڵ کردن بە شتگەلێی بەسودتر بۆ فێربوونی زۆتر لەهەر بوارێکدا بێت بکریتە ئامانج.