سەردانەكەی بارزانی و‎پەیامی دڵنیایی



‎هاودەنگ فارووق

‎سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران هەنگاوێكی گرنگ و دروستە بەڕێی ڕاستدا، هەرێمی كوردستان و ئێران مەحكوومن بە جوگرافیاو بەرژەوەندیی هاوبەش و باشبوونی پەیوەندییەكانیان.
‎كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی بارزانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی وڵاتەكە، كلیلی كردنەوەی دەرگەی ئاشتی و ئۆقرەیی و لێكتێگەیشتنی تاران و هەولێرن.
‎ڕاستییەكەی كێشەی جەوهەری لەنێوان كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە، ئەوەی هەیە كۆمەڵێك خراپحاڵی بوونە لەو ڕۆڵ و پێگەیەی هەرێمی كوردستان هەیەتی لەناوچەكەو جیهاندا.
‎هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵیداوە لەسەر تەوەری دۆستایەتیی دێرین و هاوسێیەتی و هاونەژادیی باش لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا بمێنێتەوەو، پەرە بەو پەیوەندییانە بدات و بیگەیەنێتە ئاستی پەیوەندیی ستراتیژی دوورمەودا.
‎سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت هەمیشە جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە هەرێمی كوردستان نابێتە مەترسی لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی جیران بەتایبەتیش ئێران ئەوەش باشترین دڵنیایی و زەمانەتی هەولێرە بۆ تاران.
‎لەبەرانبەردا چاوەڕوانی ئەوەیشی هەبووە، كە كاربەدەستان و ناوەندەكانی بڕیار لەتاران، بەچاوی دۆستایەتی لەمێژینەوە سەیری كوردستان بكەن، هاوكات ڕەچاوی پێگەی نوێ و میحوەری كوردستان بكەن و، وەك دوژمن سەیری نەكەن، پێویستە ناوەندەكانی بڕیار لەكۆماری ئیسلامی، سەرچاوەكانی بڕیاردانیان لەسەر كوردستان فرەچەشن بكەن و، ناكرێت تەنها لەڕێگەی ڕاپۆرتی چەند دەزگەیەكی چەواشەی هەواڵگرییەوە بڕیار لەچۆنێتی ڕەفتاریان بەرانبەر هەرێمی كوردستان بدەن، لەكاتێكدا هیچ بەڵگەیەك و هیچ پێزێك لەنێو ئەو ڕاپۆرتانەدا نییە.
‎هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك بنكەی مۆساد و هیچ لایەنێك لەخۆ ناگرێت كە دژی بنەماكانی دۆستایەتیی گەلانی ناوچەكە بێت.
‎حكوومەتی كوردستان بەردەوام لەناو سیاقی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەكە جوڵاوەتەوەو، بەكردەوە ئەوەی سەلماندووە كە لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، بچووكترین مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانی دراوسێكان دروست نەكردووە.
‎هەرێمی كوردستان دەیان لینك و پەیوەندیی ئابووری، سیاسی، نەژادی، مێژوویی، جوگرافی، لەگەڵ ئێراندا هەیە و، خوازیاری ئەوەیە ئاستی پەیوەندییەكانی زیاتریشی بەرز بكاتەوە. بۆیە هەر پێشكەوتنێكی هەرێمی كوردستان سوودی وڵاتانی دراوسێیشی لێ دەكەوێتەوە هەروەك سەدان كۆمپانیاو دەستی كارو سەرمایەگوزاری ئێرانی دەتوانن سەرمایەو هێزی كاریان لە بوژاندنەوەو بنیادنان و ئەو پێشكەوتنەدا بخەنەگەڕ.
‎هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەتارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەپێشوازی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، هەنگاوێكی ئەرێنی و پرۆتۆكۆلی گرنگ و وەرچەرخانێكە پڕبەپێستی ئەقڵی سیاسی و بڕیادان لەئێران.
‎ئەم هەنگاوە دەتوانێت نیشانەی نیازپاكی بێت بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و، پەیام و مەسیجێكی دڵنیایی بێت بۆ كورد كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەدژی هەبوونی قەوارە و كیانێك نییە بۆ كورد.. كوردیش دێرینترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و، لەسەرخاكی خۆی ئینكاری بوون زوڵمێكی مێژوویی لێكراوە، ئێران بەهەڵكردنی ئەو ئاڵایە، خاڵێكی پێداچوونەوەی بە سیاسەتەكانی خۆی بەرانبەر بە كورد دانا.
‎لەئێستاوە هەردوولا لاپەڕەی نوێ و، ئومێدێكی نوێ لەپێشی خۆیان دادەنێن و، هەرێمی كوردستان پێویستی بە تارانەو ئێرانیش پێویستی بە هەولێرە، بۆیە گەلی كوردستان چاوەڕوانە ئێرانییەكان هەژموونی خۆیان بەكاربهێنن بۆ ئەوەی لایەنی عێراقی كۆتایی بهێنێت بەو ستەمەی ساڵەهایە لە كورد دەكەن و، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، بەشێوەی كردەیی ببێتە ڕۆژەڤی دانوستانەكان و بەرنامەی كاری ڕۆژانی داهاتوو.