مرۆڤ بۆ خۆبینین، زۆر بینایە، با پاساوی زۆریش بهێنێتەوە

عومەر چنگیانی

بەرچاوڕوونی: کاتی خۆی لە ژمارە سی و شەش تا سی و نۆهەمین گوڵخەرمانمان تایبەت بوون بە لێكدانەوەی سورەتی “قیامە” بە زمانی كوردی و بە ئەرکم زانی گوڵخەرمانی ئیمڕۆم تەرخان بکەم بۆ بیرهینانەوەی بەشی یەکەمی ئەو لێکدانەوەیە، کە لە لاپەڕە “19” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2411 سێ شەممە 19 ی تەمووزی 2016 بڵاو كراوەتەوە” (ناونیشانی بابەتەكەی ئەمڕۆم كەمێكە لەو مانا و تێگەیشتنەی لە ئایەتی “چواردە و پانزە”ی سورەتی “قیامە” واتە حەفتاوپێنجەمین سوورەتی قورئان هەمە؛ قیامە نۆیەمین سورەتی جزمی بیستونۆی دوایین كتێبی ئاسمانییە. دەستم دایە تەختەکلیل (كیبۆرد) و ویستم تۆزێ ئەو دوو ئایەتە مانا بكەمەوە، بەڵام بینیم وا باشترە بە قەدەر تاقەتی خۆم، هەموو سوورەتەكەتان بۆ بكەمەوە كوردی؛ ئەڵبەت ئەمڕۆ تەنها دەتانبەمە خزمەت مانای پانزە ئایەتی سوورەتەکە و بەس. سوورەتی “قیامە”، چل ئایەتە؛ دوای سوورەتی “قاریعە” هاتووەتە خوارەوە و، دەكرێ لە پەیوەستبوونییەوە بە سوورەتی “قاریعە”دا بگوترێت: دوای ئەوەی لەوێدا باسی ئەوەی كرد كە بێبڕوایان لە لێپێچانەوەی ڕۆژی دوایی زۆر بێنیازن و هۆكاری ئەو بێنیاز بوونەیشیان لە بڕوا نەبوونیانەوە بە زیندووبوونەوە سەری هەڵداوە! لێرەدا قۆناغەكانی باسی قیامەتی بۆ كردین و پێش تریش دەرچوونی گیان لە لاشە و باسی سەرەتای دروستبوون دەكات. جا خوای گەورە، كە بۆ خۆی خاوەنی دەسەڵاتی بێسنوورە و، لە سوێندخواردنی بە هەرشتێك، ئەومافەی نەداوە بە كەسی تر و كەی و لەسەر چی و بۆ كێ و لەبەر چی و بە چی سوێند دەخوات، خۆی خوایە و، لێرەدا وەك شێوازێكی داڕشتنی زمانەكەی قورئان دەفەرمێت: “نەخێر بۆ چوونەكانی ئێوە لەبارەی زیندووبوونەوەوە هەڵەیە و، سوێند بێ بە ڕۆژی هەستانەوە و، لێپێچانەوە * جارێ تریش نەخێر بۆ چوونەكانی ئێوە هەڵەیە و، سوێند بێ بەو “نەفسە” زۆر سەركۆنەكەرەی كە هەمیشە چاودێرە بەسەر خاوەنەكەیەوە” یاخود”سوێند ناخۆم بە ڕۆژی دوایی . سوێندیش ناخۆم بەو گیان و بە و دڵ و بەو ڕۆح و بەو كەسایەتییەی كە سروشتی وایە هەمیشە سەركۆنەی خۆی دەكات” دیارە ئەم سوێندە كە بەو دوو شتەی خواردی” ڕۆژی پەسڵان (هەستانەوە) و هەستی سەركۆنەكەر” هەندێك لە زانیان دەفەرموون: “سەركۆنەكردنی بەردەوام بەوە دەبێت كە لەسەر بەسەربردنی تەمەن لە كار و گوتاری ڕابردوودا بە خراپە، سەركۆنەی بكات و بۆ ئێستایش پەژیوانی بە شوێن خۆی بێنی و، بۆ داهاتوویش بڕیار بدات هەمیشە پێشتر بكەوێت و زیاتر بۆلای خوا بچێت” جا ئەم سوێند خواردنانە بۆ؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو بۆیە بزانینین پێویستە ئایەتەكانی دوایی بخوێنینەوە، كە دەفەرموێت:”ئەرێ مرۆڤ هێند سەركەشە و بێ متمانەیە بە توانای خوا، كە وا دەزانێ پاش پۆرتكاندنی ئێسك و ئێسقان و لاشەی، ئێمە بۆمان كۆنەكرێتەوە و سەر لەنوێ بۆمان پێكناهێندرێتەوە؟ نەخێر ئەوە بۆچوونێكی هەڵەیە. بەڵێ ئێمە هێندە بە تواناین كە دەتوانین هەموو درزی سەری پەنجە و خێچك و چاڵوچۆڵییەكانی پەنجەكانی وەك یەك لێ بكەین”. “دەبینین لێرەدا قورئان ئاماژە بۆ نهێنییەكی گەورەی شێوازی دروسكردنمان دەكات كە بە هیچ شێوەیەك زانستیی مرۆڤ بە مرۆڤ لە كاتی هاتنەخوارەوەی ئەوئایەتەدا نەیدەزانی كە خێچك و درز و هێڵی پەنجەكانی هیچكەس لە یەكتر ناچن و ئەمڕۆ زانست دان بەوەدا دەنێت كە وەك یەك لێ كردنیان چەندە ئەستەمە و خوا گیان لێرەدا باس لەو نیشانەیەی گەورەیی خۆی دەكات!”. “مرۆڤ هێندە سەركەشە لەگەڵ ئەوەی ڕاستییەكانیش دەزانێ پێی باشە بەردەوام بێت لەسەر تاوان – فجوور – كردن و دەیەوێ بڵێ: جارێ باخراپە بكەم دوایی تەوبە دەكەم”. “لەگەڵ ئەوەی كە ڕاستییەكانیش دەزانێ بە خۆ لەگێلی دانەوە دەپرسێت: ئەرێ زیندوو بوونەوە و هەستانەوەی دوای مردن كەیە؟”. “جا ئەوكاتەی چاوەكان و تواناكانی بینین دەدرەوشێنەوە و مانگ لە درەوشانەوەی دەكەوێ و ون دەبێ و دەگیرێ، ئەوكاتەی خۆر و مانگ پێكەوە كۆ دەكرێنەوە – ئەمانە كۆمەڵێك بابەتی گەردوونین و، كە ڕوو دەدەن و ئان و ساتی خۆیان هەیە- ئەو كات مرۆڤ دەڵێ: ئەرێ بەرەو كوێ بڕۆین تا دەرباز ببین لە دەست تووڕەیی و خەشم قینی خوای گەورە؟”. نەخێر هەرگیز دەرباز بوون نییە، لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە و پشوو و گیرساندنەوەی خولەكانی گەردن و خەڵك بۆلای خوایە”. “جا ئەو ڕۆژە بە مرۆڤەكان دەگوترێت: چی لە پێش خۆی ناردووە و چی لەدوای خۆی جێهێلاوە، خۆزگە بەوە نەبێت كە بۆخۆی لەسەر كاری بەناو ئایین- بیدعە – ـەوە بردۆتە سەر و لەدوای خویشی كاری پێكراوە * هەركەسە و لەسەرخۆی زۆر بە ئاگایە، با پاساوی زۆریش بهێنێتەوە”. تێبینی: ئەم شێوازە سوێندانەی قورئان جیابوو لەو شێوازەی كە عەرەبەكان، لێبیی ڕاهاتبوون و ئیسلام هات بۆی یەكلا كردنینەوە كە تەنها بەناو سیفەتەكانی خوا نەبێ بۆ مرۆڤ نابێ سوێند بە هیچ شتێكی تر بخوات).

ھەواڵی زیاتر