حزبی سیاسی و ستراتیژی ڕێكخستن

      سەباح شێخانی

تازەكی دكتۆر هێمن هەورامی كتێبی “حزبی سیاسی و ستراتیژی ڕێكخستن” لە دووتوێی 325 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی چاپ و بڵاو كردەوە، كتێبەكە لەهەر پێنج بەشی”چەمكە سەرەكیەكان، بنەماكانی رێكخستن، ڕەهەندە ئۆرگانیەكانی ڕێكخستن، ڕەهەندە مرۆییەكانی ڕێكخستن و ماركێتینكی سیاسی”پێكهاتووە، نووسەر بەرهەمەكەی پێشكەش بە هەموو شەهیدان و تێكۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاری كوردستان و هەر چوار جگەرگۆشەكەی “نڤار و تەوار و ئارۆ و هێما” كردووە.

حزبی سیاسی و چوارچێوەی ڕێكخستن
بەشێوەیەكی گشتی حزب دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و مێژووییە وەك هەر دیاردەیەكی دیكەی كۆمەڵایەتی، هاوكات حزبە سیاسییەكان بە توخمە بنەڕەتییەكانی دیموكراتیەت دادەنرێن و لە دەوڵەتە هاوچەرخە نوێیەكاندا توخمێكی كاریگەرن، بیرمەندی فەرەنسی بەناوبانگ”جۆرج بیردۆ G.Buerd” دەڵێت: “حزبی سیاسی ئامرازێكە، ناتوانرێت كاریگەرییەكانی لەسەر كاروباری گشتی دەوڵەت و كۆمەڵگە پشتگوێ بخرێت، كەواتە حزبی سیاسی لە سیستەمە دیموكراتییەكاندا بریتییە لە: “ئامرازێكی پێوەندیكردن لەنێوان جەماوەر و سیستەمی سیاسیدا، بەم پێیەش ئەندامان و كادیرەكانی حزبە سیاسییەكان دەخزێنە ناو دامودەزگاكانی دەوڵەتەوە و پلە و پۆستی سیاسی گرنگ وەردەگرن كە دواتر دەبێتە هۆی ئەوەی كاریگەرییەكی ئاشكرایان لەسەر بڕیارەكان و سیاسەتی دەوڵەت هەبێت.”
د. هێمن هەورامی هەوڵیداوە لە كتێبەكەیدا “حزبی سیاسی و ستراتیژی ڕێكخستن “حزبی سیاسی پێناسە بكات و لەمبارەیەوە چەند ئاماژەی بە چەند پێناسەیەك كردووە، لەوانە: بنیامین كۆنستانت دەڵێت: “بریتییە لە كۆمەڵە كەسانێك كە هەڵگری یەك بیروباوەڕی سیاسین. حزبی سیاسی و ستراتیژی رێكخستن، د. هێمن هەورامی، ل18” دەكرێت بڵێین: حزب گردبوونەوەیەكی سیاسییە و دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست، سیاسەتیش یەكێكە لەوكایە گرنگانەی كە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە و بووەتە پێویستیەكی ڕۆژانە.

سیاسەت وەك هونەری حوكمڕانیكردن
سیاسەت هونەرێكە بۆ ژیانكردنێكی ئازادی و دیموكراسی و هۆكارێكە بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە، سیاسەت شێوەیەكی ژیانە بۆ ئێستا و داهاتوو، بەجۆرێك لە ئێستادا دەژی و بۆ داهاتوو بەر‌نامە دادەڕێژێ، باشترین سیاسەتمەداریش كەسێكە، بزانێت چی دەوێت، دەبێت چ بكات و چۆن دەتوانێت بە خێراترین شێوە و بە تێچوویەكی كەم بە ئامانجەكەی بگات. سیاسەت لای ڕۆژئاوایەكان ململانێ و پێشبركێیە بۆ بە دەستهێنانی دەسەڵات و چۆنیەتی پەیرەوكردن و بەكارهێنانی لە كۆمەڵگەدا.
بە بۆچوونی (هیگڵ) دروست بوونی دەوڵەت سەرەتای مێژووی سیاسەتە، بە شێوەیەكی گشتی سانا نییە مێژووی دەسپێكی سیاسەت دیاری بكرێت. مێژووی سیاسەت لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە مرۆڤ ویستی كۆنترۆڵی سروشت بكات، دواتریش كاتێك بیرۆكەی زاڵبوون بەسەر سروشت پەڕیوە بۆ بیرۆكەی زاڵ بوونی مرۆڤەكان بەسەر یەكتری. وشەی سیاسەت( Politique)دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی كۆن، (ڕایدار لارسون)ی مامۆستای دەوڵەتناسی لە زانكۆی سوێد، لە كتێبەكەیدا (ئایدۆلۆجییە سیاسییەكانی سەردەمی ئێمە) پێناسەی سیاسەت دەكات و دەڵێت: “سیاسەت بریتییە لە ململانێی نێوان گرووپە جۆربەجۆرەكان دەربارەی چۆنیەتی بەرێوەبردن و ڕێكخستنی كۆمەڵگە.”
زانستی سیاسەت وەك یەكێك لە لقە گرنگەكانی كاروانی گەشەكردنی زانستەكان، لە سەرەتای سەرهەڵدان و گەشەكردنی، یەكێك بووە لە كایە هەرە گرنكەكانی ژیانی مرۆڤ، هەر لە یونانیەكانەوە بگرە تا دەگاتە دانپیانان بە زانستی سیاسەت وەك لقێك لە زانستە مرۆڤایەتیەكان، دواتریش خوێندنیی لە بوارە ئەكادیمیەكاندا، بە تایبەت لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەهەم لە ڕێگەی دروستكردنی قوتابخانەی سەربەخۆ بۆ زانستە سیاسیەكان لە پاریس ساڵی 1872، هەروەها قوتابخانەی لەندەن بۆ زانستە ئابووری و سیاسیەكان، ئیتر هەر لەو ساتەوەختەوە دەزگا ئەكادیمییە جیهانیەكان دڵنیا بوون لە گرنگی ئەم زانستە وەك بابەتێك بۆ خوێندن لە زانكۆكانی ئەورووپا و ئەمریكادا، كە دواتر بەرەوپێشچوون و گەشەكردنەكانی ئەم زانستە تەواوی جیهانی گرتەوە، ئیتر بەجۆرێك ئەم زانستە خزمەتی كرد بە وڵاتە پێشكەوتووەكان كە توانیان لە ڕێگەیەوە باڵادەستی و هونەری بونیادنانەوەی كۆمەڵ و دەوڵەتی پێ ڕێكبخەن و نەخشەی شارستانیەتی ڕۆژئاوای پێ بكێشن بەسەر گشت جیهاندا.
“سیاسەت وەك میكانیزمی حوكمڕانیكردن و بەڕێوەبردنی وڵات وێنا دەكرێت. حزبی سیاسی و ستراتیژی رێكخستن، د. هێمن هەورامی، ل39″سیاسەت ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ هێنانە ئارای كۆدەنگی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە لە هەناوی كۆمەڵدا جیاوازی دید و بۆچوون هەیە، سیاسەت لە جیهانێكدا بوونی نییە، كە مرۆڤەكان وەك یەك بیربكەنەوە، هەرچەندە لە ‌سەرجەم وڵات و كیشوەرێك سیاسەت پیشەی كەمینەیەكە، بەڵام ئەركی هەمووانە. لە مێژووی سیاسیدا، گومان و پرسیاركردن، بنەمای گەشەی ژیانی سیاسی بووە و مرۆڤی لە بۆچوونی تاكگەرایی ڕزگار كردووە، سوقرات(496-399 پ.ز) توانی جەوهەری فەلسەفەی سیاسی دابمەزرێنێت كە خۆی لە ڕۆحی ئاكارەكانی سیاسەت دەبینێتەوە و بەوەش ڕۆحێكی ئەخلاقی كرد بە جەستەی سیاسەتدا، كاتێكیش میكافیللی لە سەدەكانی ناوەراستدا، سیاسەتی لەسەر بنەمای دیدێكی واقیعبینانەی كاری سیاسی خستە ڕوو، وەك ئەوەی لە (میر) و گوتارەكانیدا باسی كردووە.