خوێندنەوەیەک بۆ سەردانەکەی ئۆردۆگان

حەمید قەڵادزەیی

مێژووی خوێناوی و کارەساتباری نێوان گەلان، ڕووداوگەلێکی تۆمارکراون، دەکرێ وەک ئەزموون، یاخود وەک مێژوو بەزیندوویی بکرێنە وانە و بهێڵدرێنەوە، مادام سیاسەت نە بە ڕق دەکرێ و نە بە عاتیفە، دەبێ پشت بە لۆژیک ببەستین، پشت بەستن بەلۆژیکیش لەخۆبووردن و ئازایەتی گەرەکە، ئەوانەی هاتنی سەرکۆماری تورکیا بۆ هەولێری پایتەخت بێ بایەخ نیشان دەدەن، لەگەڵ خۆشیان ڕاستگۆ نین، چونکە بایی ئەوەندە سەر لە سیاسەت دەردەکەن، درەوشانەوەی ڕاستییەکان ببینن، بەڵام خۆخستنە ژێر مەزهەبی حیزبی و گیرۆدەبوون لە ژێریدا، دەکرێ بڵێین بابەتێکی جیاوازە!
چونکە لە یەک گۆشەنیگاوە قسە لەسەر کۆی وێنەکە دەکەن و هێزی ئەوەیان نیە خوێندنەوەیەکی کەتوار یانە (واقعیانە) لە تەواوی گۆشە جیاوازەکانەوە بۆ سێکتەری جیۆپۆلەتیک و ئابووری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دۆخی ناوچەکە بەگشتی بکەن!
لەپاڵ ئەوانەدا پێگەی دەوڵەتی تورکیا وەک هێزێکی گەورە و بەشدار لە ناتۆ نابینن، کلۆدیۆس دەڵێ: جەنگەکان ئەو کاتانە ڕەوان کە پێویست بن، ئایا لە ئێستای ئێمەدا پێویستیمان بە جەنگی دیبلۆماسییە، یاخود جەنگێکی بێ ئاکام ؟!
دەوڵەتسازی و بەڕێوەبردنی هەرێمێکی پڕ لە موزایک و پێکەوە ژیان و ناتەبا لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵ، نە بە ڕق و کینە، نە بە سۆز و عاتیفەی بەشێک لە سیاسییەکان تۆکمە نابێت، بەڵکو لۆژیک دەستمان دەگرێ بۆ پێشخستنی هونەری دیبلۆماسی و گرینگیدان بەو باوەڕە، بۆیە پێویستە خوێندنەوە بۆ ئەو چەند خاڵەی خوارەوە بکەین.

  • لە کاتێکدا ئەو سەردانە ئەنجامدرا، هێشتا تەپوتۆزی بۆردومانی درۆنەکانی دەوڵەتێکی دراوسێ ئاسمانی هەولێریان بەرنەداوە و برینی ساڕێژنەبووی قوربانیان خوێنی لێ دەچۆڕێ
  • عەقڵ پێمان دەڵێ: لەو سەردانەدا پەیامی یەکسانبوونی هەولێر و بەغدا لە رووی بایەخەوە ئاشکرا کرا
  • نیشاندانی ئامادەباشی دەوڵەتی توکیا سەبارەت بە بەڕێکردنەوەی نەوتی کوردستان، ڕاستی نەیارەکانی پرۆسەکەی ئاشکرا کرد، لەکاتێکدا بەڕێکردنەوەی نەوتی هەرێم دەچێتە خانەی بەرژەوەندی هاوبەش بە پێی حوکمی جوگرافیا
  • ناکرێ ئەو ڕاستییەش نەسەلمێنین، لە دوای سەردانە سەرکەوتووەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا و هاتنە سەرخەتی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێم ئەو راستییەی سەلماند،حەقیقەت تەنها لای بەغدا نیە و دەستی حکوومەتی هەرێمیش ڕاستیگەلێکی تێدایە.
  • بینیمان لە بەرامبەر سەردانی سەرکۆماری تورکیا بۆ بەغدا، بەشێک لەوانەی گیرۆدەی ڕاسپاردە مەزهەبییەکانن چۆن کێچ کەوتە کەوڵیان و ناڕەزاییان نیشاندا، ئەوەش دەلیلی ئەو ڕاستییەیە هێشتا دەستی دەرەکی لە بەغدا دەتوانێ ئاگری خۆی بکاتەوە!
  • بابەتی pkk و کێشەی چارەسەرکردنی ئاسایشی سنوور، هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیاری هەرێمەوە نیە، بەڵکو بەپێی بڕگەی دەستووری دەوڵەتی فیدراڵ بەرپرسە لە ئاسایش و هەر ڕێککەوتنێک سەبارەت بەسنووری تەواوی عێراق، ئەوانەی دەخوازن تۆمەت بۆ هەرێم دروست بکەن، ڕاستەوخۆ دەچنە خانەی ئانارشستەکان و ناونیشانیان ئاشکرایە، چونکە هەرێم تا ئێستا بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ دراوسێکانمان ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بەغداو دەوڵەتی بەرامبەر، ئەو بابەتە زۆر جیاوازە لە سۆزی من و تۆ بۆ کوردانی پارچەکانی دی، ڕاستییەکی ڕوونە pkk یان هەر هێزێکی دی، پێویستە تەعامول لەگەڵ واقعدا بکات.
    سەبارەت بە تێڕوانین و دیدگای حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە کوردانی پارچەکانی تر، لە تازەترین دیداری سلێمانیدا وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێم (ڕێبەر ئەحمەد) بەڕوونی قسەی دڵی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانی بە سەرانی بەغدا و داگیرکەرانی پارچەکانی کوردستان گەیاند، ئازایانە و ڕاشکاوانە گوتی: ئێمە خاوەنی روئیاو تێگەیشتنی خۆمانین و ناچینە ژێر باری باوەڕ و تێگەیشتن و خوێندنەوەی هیچ دەوڵەتێک، ئێمە وەک نەیار و ئۆپۆزسیۆن سەیری هێزە کوردستانییەکانی پارچەکانی تر دەکەین، نەک وەک تیرۆریست، سەبارەت بە پارتی و یەکێتی و هێزەکانی تر، بێ ئاگابوون لە پرۆتۆکۆڵ ، ئەوە تەنها کاری حکوومەت ولایەنی پەیوەندیدارە، سەردانی سەرکۆماری تورکیا بۆ لای سەرۆک بارزانی، گوزارشتە لە پێگەی بەهێز و کاریگەری بڕیار و سەنگی جەنابیان، دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت، بەشداری چەند قونسوڵییەکی وڵاتانی ناوچەکە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بایەخی سەردانەکە،
    لێرەدا دەکرێ پرسیارێک ئاراستەی ئەوانە بکەم کە ماندوو بوون بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان ، ئایا ئەگەر هاتنی ئۆردۆگان بۆ هەولێر و هەڵواسینی ئاڵای تورکیا، لە پاڵ ئاڵای کوردستان و عێراقدا لە قەڵاتی هەولێر نەنگی بێت ئەی ڕۆیشتنی لەشکری پێشمەرگە بە ئاڵاو تەواوی چەک و جبەخانەی پێشمەرگانەوە، بەنێو دەسەڵات و خاکی تورکیادا بۆ کۆبانێ، شانازییەکەی بۆ کێیە؟!
    ئەی بە پێچەوانەی ڕابردوو، سەرکۆماری دەوڵەتێکی گەورەی وەک تورکیا لەژێر وێنەی باوکی روحی کوردان وێنەی پڕۆتۆکۆڵی بگرێ شانازییەکەی بۆ کێیە؟
    بەتایبەتیش وێنەی بارزانیی نەمر، کە مێژوویەکی پڕشنگداری هەیە لە پشتیوانیکردنی شۆڕشەکانی باکوری کوردستان و بەهاناوەچوونی ئەرمەرمەنییەکان و دەربازکردنی (ئەندارێک)ی پاشای ئەرمەن و خاو خێزانیان لەدەست لەشکری تورک شانازییەکەی بۆ کێیە؟