شاعیرێک دژەڕۆمان دەنووسێت

حەمەسەعید حەسەن

مێتاڕۆمان، یان لەودیو ڕۆمانەوە، ئەو دەقەیە کە جاڕی مەرگی ڕۆمانی ترادیشیۆناڵ دەدات، ئاخر ئەو ڕەگەزانەی تێدا ڕەچاو ناکرێت کە پێشتر ڕۆماننووس لەبەر چاوی دەگرتن. لە دژەڕۆمان، یان ڕۆمانی چەواشەدا، هەم کۆمەڵێک گێڕەرەوە هەن و هەم گەلێک پەراوێزیش. دژەڕۆمان لە ئۆتۆبیۆگرافیاوە نزیکترە، وەک لە بیۆگرافیا و هەندێک جاریش هەر لە باسێک دەچێت، لەبارەی ئەدەبەوە نووسرابێت. ڕۆمانی تەقلیدی، زۆر جار پشت بە کەسایەتیی ڕاستەقینە و مێژوویی دەبەستێت، بەڵام کەسەکانی نێو دژەڕۆمان، مەگەر بە دەگمەن، ئەگینا هەر لە زەینی نووسەردا هەن و ڕووداوەکانیشی لە ئەفسانەوە نزیکترن، وەک لە واقیعەوە. مێتافیکشن، کە بەمانای لەودیو، یان لەسەرووی بەگەڕخستنی خەیاڵەوە دێت و یەکەم جار وەلیەم گاس بە کاری هێناوە، ئەو دەقەیە کە دەکەوێتە خانەی دژەڕۆمانەوە. جیاوازیی نێوان نۆڤێل و فیکشن ئەوەیە، یەکەمیان هەڵگری پەیامی فیکری و مانای دیرۆکییە، بەڵام دووەمیان مانایەکی هونەریتر و فراوانتری هەیە و خەیاڵئامێزترە. فیکشن، وەک چۆن بە مانای چیرۆک و داستان دێت، هەروا بە مانای درۆ و هەڵبەستراویش دێت.
فیکشن کە زێدەڕۆییکردنە لە بەگەڕخستنی خەیاڵدا، تا ئاستی ئەوەی خوێنەر وای بۆ دەچێت فریو دەدرێت، یان درۆی بۆ دەکرێت، ئەو لایەنەیە کە کێشە بۆ دژەڕۆمان دروست دەکات، ئاخر خوێنەر کە بەوە ڕاهاتووە، لە ڕێی ڕۆمانەوە، بە کۆمەکی هەندێک لە فانتاسی، فاکت و واقیعی بۆ بگێڕنەوە، هەست دەکات فێڵی لێ دەکرێت و بڕوا بە گێڕانەوەکانی نووسەری ڕۆمانی چەواشە ناکات. دەرکەوتنی دژەڕۆمان کە بە قۆناغی پۆستمۆدێرنیسمەوە پێوەستە و لە نێوان نیوەی دووەمی ساڵانی شەست و نیوەی یەکەمی ساڵانی حەفتادا گەشەی کردووە، تێیدا نووسەر هەر سوود لە ئەفسانە وەرناگرێت، بەڵکوو خۆی ئەفسانە دادەهێنێت و لە مەنەلۆژی ڕاستەوخۆی تێدەپەڕێنێت، هانا بۆ تەکنیکی نووسینەوەی وڕێنە دەبات و کام دیاردە زیاتر ئینسان نیگەران دەکات، دەداتە بەر ڕێژنەی تەوس و پلار. لەتیف هەڵمەت لە ئەنتیڕۆمانی (ژنە جنۆکەکانی شێخ مەحموو)دا، بە کۆمەکی ئەفسانە و حەکایەتی میللی، چیرۆکی ئەفسانە ئامێزی داهێناوە و لێزانانە لە قازانجی کارەکەی بە گەڕی خستووە.
بۆیە بە (دۆن کیخۆتە)ی (سێرڤانتس)یان دەگوت، ڕۆمانی چەواشە، چونکە لە دژی سوارچاکی کە ئەو سەردەمە، جێی بایەخی نووسەران بوو، نووسرابوو، ناوی دژەڕۆمانیش لەوەوە هاتووە، هیچ بایەخ بە ڕێساکانی ڕۆمانی کلاسیک، لە شوێن، زەمان، ڕووداو، قارەمان و چنین نادات. باسکردن لە تەکنیکی نووسین و پێوەندیی نووسەر بە دەقەکەیەوە، یەکێکە لەو بابەتانەی لە کن نووسەری دژەڕۆمان گرنگییان هەیە. (کوانووی بڵێسەدار) ئەو چەقەیە، مێتاگێڕانەوە کە هەر بە مانای دژەڕۆمان دێت، لێیەوە سەرچاوە دەگرێت و زوو زوو دەگەڕێتەوە لای. لە ئەنتیڕۆمانی (ژنە جنۆکەکانی شیخمەحموو)دا، شێخ مەحموود کە باوکی لەتیف هەڵمەتە، هەم کوانووی بڵێسەداری دەقەکەیە و هەم لایەنە ڕاستەقینەکەیشی. لایەنێکی دیکەی ڕیالیست لە کارەکەدا، سەردەمی منداڵیی نووسەری دقەکەیە.
لە بەشێکی بەرچاوی دەقگەلی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنێتە و مێتافیکشندا، گێڕانەوە پشت بە دەستنووسێکی وەهمی دەبەستێت و ئەو بایەخدانە بە دەستنووس، وەکوو یەکێک لە تەکنیکەکانی نووسینی دژەڕۆمان وایە. وەک نموونە دەستنووس، لە (سەدساڵ دوورەپەرێزی)ی مارکیز و (ناوی گوڵەباخ)ی ئێمبێرتۆ ئێکۆدا هەیە. لای لەتیف هەڵمەتیش کەڵک لە هەمان تەکنیک وەرگیراوە. (ئەوە داوە نراوەتەوە، ئەو پەڕانە ژەهراوین، کاتێ بە زمانت پەنجەت تەڕ دەکەیت بۆ هەڵدانەوەی پەڕەکان، ژەهراوی دەبیت و لە پەڕەی چلدا دەمریت. ل٨٧) نهێنییەکی تری مێتاگیڕانەوە، بایەخدانی نووسەرە تا سنووری خۆپەرستی بە خودی خۆی و شێوازی نووسینی نێرسیسیی پێ دەگوترێت، ئاخر نووسەری دژەڕۆمان هەموو دونیای ڕۆمانەکە دەخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە و خۆی وەک مەرجەعی باڵا دەناسێنێت. بەپێچەوانەی ڕۆمانی کلاسیکەوە، کە پشتی بە گێڕەرەوەی هەمووشتزان قایمە، دژەڕۆمان پشت بە گێڕەرەوەی بزر دەبەستێت و لەبری ئەوەی بە بەرجەستەکردنی واقیع و هۆشیاریی زاڵەوە خۆی سەرقاڵ بکات، باس لە مێتاواقیع دەکات و بایەخ بە هۆشیارییەک دەدات کە ئەگەری سەرهەڵدانی هەیە.
ئەنتیڕۆمان لە بازنەی ئەو فۆرمەدا گیر ناخوات کە بۆ ڕۆمانی کۆن دەستنیشان کرابوو، بەڵکوو لەبری توخمە ترادیۆشیناڵەکانی ڕۆمان، وەک شوێن و کارەکتەر، هانا بۆ ستراکتووری نوێ دەبات و هیچ بایەخ بەوە نادات، خوێنەر چی لە ڕۆمان چاوەڕێ دەکات. ئەنتیڕۆمان بە ڕۆمانی نوێ، بە دەقەکانی میشێل بوتۆر، ناتالیا سارووت و کلوود سیمۆن دەست پێ دەکات کە لایەنی ڕۆمانتیکی نووسینیان فەرامۆش دەکرد. لە ڕۆمانی نوێدا دەشێت، قارەمان بێ ناو، گێڕەرەوەیش نەناسراو بێت و تێیدا زیاتر گرنگیی بە شوێن بدرێت، نەک بە جووڵە و ڕووداو. ڕۆماننووسی دێرین دەیگوت: (بێدەنگی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو.) لەتیف هەڵمەت دەنووسێت: (ئێستا بێدەنگی هەردووکمان دەجوێت.) یان: (بە سەری منداڵ، یاریی تۆپی سەبەتەیان دەکرد.) کە ئەو وێنە شیعرییانە دەکەونە خانەی دژەئەدەبەوە و لە شیعری شاعیری فەرەنسایی، لۆتەریامون دەچن کە لە زەبروزەنگدا، بۆ چێژ دەگەڕا و ستایشی توندوتیژیی دەکرد. (عەتری مۆسیقام دەنۆشی و سێبەری باڵی پەپوولەم کۆ دەکردەوە.) یان: (دوای چرپەی پێی هەور و دەنگی بزەی گوڵ دەکەوتم.) ئەم وێنە شیعرییانەیش، کە لەتیف هەڵمەت بە هۆشیارییەوە نووسیونی و لە زمانی شاعیرێکی سوریالی دەچن، لەسەر وەختی وڕێنەکردن، یان خەونبینیندا، بەشێکە لەو کەرەسانەی ئەنتیڕۆمان پێک دەهێنن و ئاماژەن بۆ ئەوەیش، زمان لە کن ئەو کە دەکەوێتە سەنتەرەوە، هەر کەرەسەی دەربڕین نییە و بەس، هێزێکی دینامیکییشە.
ئەدونیس لە نامەیەکدا بۆ ئونسی ئەلحاج دەنووسێت: (لە هەوڵی لەدایکبوونی تاکدا بوویت، تاکی ئازاد و سەربەخۆ، تاکێک سەروەری چارەنووسی خۆی بێت. دەتویست ئەو زنجیرانە تێک بشکێنیت ناویان لێ نرابوو، پرەنسیپ و ڕێسا و ڕاستییەکەیشی بێجگە لە ناچارکردن و زیندان، هیچی دیکە نەبوون.) ئونسی ئەلحاج یەکەمین کۆمەڵە (شیعر بە پەخشان)(*)ی خۆی کە ناوی لێ نابوو، (نا) ١٩٦٠ بڵاو دەکاتەوە، کەچی شاعیرانی ڕوانگە ساڵانی هەشتایش، هەر شیعرێک دەنووسن، هەم کێشی تێدا ڕەچاو دەکرێت و هەم سەروایش. لەتیف هەڵمەت چونکە وەک ویست ئازادە، وا هەڵسوکەوت دەکات، وەک دەخوازێت و لە هەڵبژاردنیشدا ئازادە، نەک ملکەچی کەسانی دیکە، بۆیە خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدا، بۆیە هەم شیعر نوێ دەکاتەوە و هەم ئەنتیڕۆمانیش دەنووسێت.
لەتیف هەڵمەت ئەنتیڕۆمانی (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو)ی بە زمانێک نووسیوە، لە نەستەوە، نزیکترە، وەک لە هەستەوە، لە وڕێنەوە نزیکترە وەک لە هۆشیارییەوە، ڕێساکانی نووسینی ڕۆمانی ڕیالیستی فەرامۆش کردووە، بە لێزانییەوە، کاتی پاش و پێش خستووە، شوێنگۆڕکێی کردووە، وەهمی لەجێی واقیع داناوە، سەنگەری لە چاوەڕوانییەکانی خوێنەر گرتووە و خۆی بە کڕاندنی ئەو ژەنگەوە سەرقاڵ کە لەسەر ڕۆحی وەرگر کەڵەکە بووە. لە (ژنە جنۆکەکانی شێمەحموو) دا، خەیاڵ بە جۆرێک لە شەققەی باڵی داوە، لە دەست دەرچووە، وێنەی واقیعێک کێشراوە کە ئەفسانەیییە و ئەڵتەرناتیڤی واقیعی ڕاستەقینەی تاڵە، کە نووسەری دەق ڕەتی دەکاتەوە. واقیعی دەقەکە تژییە لە ئەفسانەی میللی، دونیایەکە ئەوپەری سەیر و سەرسووڕهێن و سوریالی و تەواوی تێکستەکە، دەربڕینی ناڕەزایییە، لە دژی ئەو بەربەستانەی لە ڕێی ئازادییەکانی تاکدا قوت دەکرێنەوە. نووسەر ئەفسانەی دێرین دووبارە ناکاتەوە، هی نوێ دەیخوڵقێنێت و بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بکات، ئەوەی دەیخوێنێتەوە، ئەفسانە نییە، ئەنتیڕۆمانە، زووزوو بۆ گەڕەکی دەدە لە کفری کە زێدی خۆیەتی، دەگەڕێتەوە.
لەتیف هەڵمەت ڕابردوو تێکەڵ بە ئێستا دەکات، زەمەن لە کنی، بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ هەژمار ناکرێت و لە ڕێی بە دوای یەکدا هاتنی ڕووداوەکانەوە، دەرکی پێ ناکرێت. ئەویش وەک (کلود سیمۆن)ی (١٩١٣ – ٢٠٠٥) ڕێبەری ڕۆمانی نوێ، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ژیانی خۆی دەنووسێت، مۆرالیست نییە، فۆرمالیستە و پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکات، چیرۆکێک لە زەینیدا هەیە، وەلێ وای ناگێڕێتەوە، وەک چێژی باو دەخوازێت. هێنری بێرگسۆن دەڵێت: (ڕابردووی ئینسان ملکەچی لەناوچوون نییە.) یادگە (کە کرۆکی ئینسان پێک دەهێنێت، درێژەدانە بە ڕابردوو لە ئێستادا و بەرەو داهاتوویش بەڕێوەیە،) لە کن لەتیف هەڵمەت، کەندوویەکی تژییە لە زەخیرە و بە درێژایی بەرهەمەکەی، بە ئاوێتەکردنی لەگەڵ خەون و خەیاڵدا، کەڵکی لێ دەبینێت و وەک دەخوازێت وەگەڕی دەخات. بە زەبری نوشتەی شێخ مەحموود، کە هەر لەم دەقەدا نا، لە ڕاستیشدا، باوکی نووسەرە، زمانی درۆزن دەبێت بە بەرد، کام کیژ جوانە، کەمەندکێش دەکرێت و چیا ئاوس دەبێت. ئەم نوشتەنووسینە، داوێکی سوورە، مووروەکانی ئەنتیڕۆمانەکەی، پێ هۆنراوەتەوە.
(کوڕە شاعیرەکەی شێخ مەحمووی دوعانووسی کفری، حەزی لە کچە جنۆکەیەکە. ل٤٧) نازانم ئێوە بڕواتان بە هەبوونی جنۆکە هەیە یان نا؟ بەڵام بەگوێرەی دەقی قورئان، جنۆکە هەیە و ئەویش وەک ئینسان بۆ خواپەرستن خوڵقاوە. (وما خلقت الجن والإنس إلا ليعبدون. ٥٦ الذاریات.) هەتا کەسێکی ڕاستگۆ و ناخپاکی وەک لەتیف هەڵمەت نەبینین، با پێمان وا نەبێت، شاعیرێکمان بینیوە. هەرچەندە ئەنتیڕۆمان، لە وەهمەوە نزیکترە، وەک لە ڕاستییەوە، ئەوە نییە، بۆ نموونە، (مردووەکانی گۆڕستانی سەیوان، بۆ شتکڕین، بەرەو شار شۆڕ دەبنەوە. ل٦٨) بەڵام من بڕوام بە چیرۆکی عیشقی نێوان شاعیر و کچێکی جنۆکە هەیە و وای بۆ دەچم ئەو ئەوینە نەبووایە، لەتیف هەڵمەت نە ئەو هەموو شیعرە جوانەی بۆ دەهات، نە ئەم دژەڕۆمانەیشی دەنووسی.
*
(١) فاضل ثامر، میتاسرد مابعد الحداثة، الکوفة، السنة ١ العدد ٢ شتاء ٢٠١٣ بغداد.
(٢) أدونیس، رسالة ثانیة الی أنسي الحاج ١٩/٢/٢٠١٤ الحیاة، بیروت.
(٣) د. لمیاء باعشن، براری الحمی و الروایة المضادة.
(٤) د. سمر الفیصل، دائرة الروایة المضادة.
(5) Carl Rudbeck، Den nya romanens mästare، Svd Kultur 23. 02. 2014 Stockholm.
(٦) لەتیف هەڵمەت، ژنە جنۆکەکانی شێخمەحموو، چاپی دووەم ٢٠١٣ چ. ڕەهەند، سلێمانی.
(*) پەخشانەشیعر هەڵەیە، شیعر بە پەخشان دروستە.
ئەو کتێبە بەرگتەنکە بچکۆلەیەی
لە جامخانەی ئەو کتێبخانەیەدا
بە قولاپێکەوە دەلەرێتەوە
دڵی دەرهێنراوی منە

ئاوگوست ستریندبێرگ
(١٨٤٩ – ١٩١٢)

ھەواڵی زیاتر