هاودەنگ فارووق
سۆشیالمیدیا بۆ هەموو میللەتان نیعمەتێكی گەورەیە، كەچی بۆ كورد بەدبەختی و، ماڵكاولی و پاشەگەردانییە، بەشێكی زۆر لە میدیای كوردی و شۆڕەسوارانی ناو سۆشیالمیدیا تینوی خوێنن؟ ئاخر بۆچی و لەبەرچی و بەگوێرەی كام كایەی ئەخلاقی و ئیتیكی ڕۆژنامەوانی و بەندوباوی هەواڵ، میدیا وسۆشیالمیدیا وا دەكا؟
چەندین جار گوێبیستی ئەوەبووین كە دەزگە تایبەتمەندەكان ئەوەیان قەدەغەكرد كە لەكاتی پرسە و ماتەمەكاندا، ڕۆژنامەنووسان و دەزگەكانی ڕاگەیاندن لێدوان لەكەسی یەكەمی مردووەكان و ئەوكەسانە وەربگرن كە لە كارەساتەكاندا گیان لەدەست دەدەن. چەندین وۆركشۆپی پیشەیی و، مێزگرد و سیمینار و بەرنامەی تەلەفزیۆنی لەسەر كێشە و كەموكووڕییەكانی میدیای كوردی، دۆخی نالەباری سۆشیالمیدیا كراون. كەچی ئەوەی جێگەی داخە، میدیای كوردی ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپ و خراپتر دەچێت، تا هەنووكە نمونەیەكی میدیایی نابینین، كە هەست بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و ئیتیكی ڕۆژنامەوانی بكەن.
میدیاكارەكان كە لە هەموو توێژەكان زیاتر ڕەخنە دەگرن، بەڵام مخابن بەشی زۆریان كۆڵەوارترین توێژن و ڕۆژبەڕۆژ نموونەی ناشرینتر پێشكەش دەكەن.
شتێك هەیە لەدنیادا پێی دەگوترێت ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دەروونیی خەڵك، شتێك هەیە پێی دەگوترێت، ئەركی پۆلیس، لێكۆڵینەوەی دادگە، شتێك هەیە پێی دەڵێن ئابڕوی هاووڵاتیی، شتێک هەیە پێی دەگوترێت ئیتیكی پیشەكە، كەچی میدیای كوردی هیچكام لەو بنەمایانە ڕەچاو ناكات و، بێباكە لەهەموو شتێك. لەبەزاندنی هەموو سنوورێك، لەهەموو یاساو ڕێساو قەدەغەكراوێك.
ئەوەی جێگەی مەخابنی گەورەیە، هەرجۆرە سانسۆرێك لەسەر ئەو كارە ناشیرینانەی میدیا و سۆسیالمیدیاكان، بەوە لێك دەدرێتەوە كە دەستەڵاتی كوردستان، سانسۆر دەخاتە سەر كاری ڕۆژنامەوانی! لەكاتێكدا ئەوانەی ئەو پڕوپاگەندانە دەكەن، نایەن پێوەرەكانی بنەمای كاری میدیایی كەلە جیهاندا ڕەچاو دەكرێن، بەسەر ئەو میدیایانەدا بچەسپێنن، بزانن چەند دانە لەو مایكانە پێوەرەكانی بنەمای ڕۆژنامەوانی و میحوەری ئینسانییان تێدایە!.
سەرباری هەموو ئەو ناتەواوییانە، كەچی نابینین تەرەفێكی پەیوەندیدار و بەرپرسیار بۆ ڕێگەگرتن لەو دیاردە ناشرین و مەترسیدارانە، بێتە پێشەوە، تا ئێستا نەماندیوە مۆڵەتی كاركردن لەدەزگایەك وەربگرنەوە لەبەرانبەر ئەوەی پێشێلی هەموو بنەماكانی كاری ڕاگەیاندنی كردبێت.
ئەركی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان وەزارەتی ڕۆشنبیرییە ئیتر بێنە پێشەوە، ئاخر دۆخێكی یەكجار نالەبارە، كەی هەنگاوی كردەیی دەنێن بۆ چارەسەری ئەو فەزاحەتەی كایەی میدیا و سۆسیالمیدیای كوردی .
فەیرۆز، ئەو كیژۆڵەی دوێنێ لە هەولێر كەوتە بەر نەفرەتی بێویژدانی چەند زەلامێكی قاتیل و دڵڕەش، بەشێک لە میدیاکانیش تەخسیریان نەبووە لە كردنە قوربانی كچەكەو دوای كوشتنیشی وازیان لێی نەهێنا، كاكی پەیامنێر، دەڵێ: چەند گوللەیان لەم كیژۆڵەدا؟ دایكی جگەرسوتاو: حەفت گوللە، پەیامنێر: لە كوێیان دا؟بەچی لێیاندا؟ دایكی: بە دەمانچەی بێدەنگ: ئەی بێویژدان دڵت ئاوی خواردەوە كە زانیت چەند فیشەكی لێدراوەو خوێنی لە كوێ ڕژاوە!؟