دەوڵەتی عەلمانی

حەمەسەعید حەسەن

(2)

عەلمانیبوون سیستەمێکی جێگیر و نەگۆڕ نییە، خۆی لەگەڵ هەموو هەلومەرجێکدا دەگونجێنێت، بزاڤێکی کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ واقیع و کاروباری دونیا خەریکە، هەقی بەسەر غەیب و لایەنە ڕووحییەکانەوە نییە. عەلمانیبوون کە دەسەڵات لە دین و پاشا لە پەرستگە، جیا دەکاتەوە، بەوە شکۆی زەوتکراو بۆ تاک دەگەڕێنێتەوە. سپینۆزا (١٦٣٢ – ١٦٧٧) گوتوویەتی: (دەوڵەت بەردەوام لە گۆڕاندایە و پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە، بە پێچەوانەی شەریعەتەوە کە ملکەچی یاسای گۆڕان نییە، بۆیە پێویستە دەستوور بە کۆمەکی یاساکانی دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی بنووسرێتەوە، نەک لەبەر تیشکی شەریعەتدا.)

سێیەمین سەرۆکی ئەمریکا، تۆماس جیفەرسۆن (١٧٤٣ – ١٨٢٨) دەڵێت: (زۆرەملێ لە ئاییندا ستەمکارییە، پێویستە ئازادیی ویژدان و بیروباوەڕ بۆ خەڵک دابین بکەین.) عەلمانیبوون ئەوەیە، دەوڵەت ناسنامەیەکی دینی نابێت و هیچ مەرج نییە جومگە گرنگەکانی دەسەڵات، بە دەست ئەوانەوە بن کە سەر بە دینی زۆرینەن. عەلمانیبوون نە ئایدۆلۆجیاییە، نە باوەڕ، شێوازی فەرمانڕەوایییە، شێوازێک کە دین ناکاتە سەرچاوەی داڕشتنی یاسا و دەستوور. عەلمانیبوون دژی دین نییە، ئێستایش لە فەرەنسا، زۆر لە پشووەکان بۆنەی دینین و هێشتا خوێندن لە قوتابخانەی دینیدا، بە پارەی باجدەر بەڕێوە دەچێت.

دەوڵەتی عەلمانی دژی تیۆکراتییە کە دەسەڵات تێیدا لەبن هەژموونی توێژێک لە پیاوانی ئاییندایە، پیاوانێک کە فەرمانڕەوایی بە مافێکی خوداییی خۆیان دەزانن و بە پاساوی داکۆکیکردن لە ویستی خوا، ویستی خۆیان بەسەر هەموو جومگەیەکی دەوڵەتدا دەسەپێنن و لێ ناگەڕێن یاساگەلێکی گونجاو لەگەڵ ڕەوتی مێژوودا دابڕێژرێن. عەلمانیبوون ئەوەیە، دین مافی ئەوەی نییە، دەست وەربداتە ژیانی تایبەتی هاووەڵاتییانەوە و ئازادییەکانی تاک بەرتەسک بکاتەوە. سیستەمی عەلمانی وەک چۆن دین لە دەوڵەت جیا دەکاتەوە، ڕێ بە فیکری چەقبەستوویش نادات، دزە بکاتە نێو دەوڵەتەوە. سیستەمی عەلمانی پشت بە ئەزموونی دەوڵەمەندی گەلان و بە زانست دەبەستێت، نەک بە نەریت و بە غەیب.

هەر ئەم یان ئەو کاهین خەو بە خواوە نابینن، (جۆرج بوش)یش کە پەلاماری عێراقی دا، گوتی: خوام لە خەونمدا دیتوە و داوای لێ کردووم، هێرش بکەمە سەر عێراق. بۆچی میری حیزبی ئیسلامی و سەرۆک هاوخەونن؟ چونکە دەسەڵاتی دینی و بەرژەوەندی، یەک گیانن لە دوو جەستەدا. ئەنارشیستە دێرینەکان: پروودۆن (١٨٠٩ – ١٨٦٥) و باکونین (١٨١٤ – ١٨٧٦) دەیانگوت: (دەوڵەت و دین و موڵکی تایبەتی، ستەم بەرهەم دەهێنن، تا خۆمان لەبن هەژموونی ئەو سێکۆچکەیە قوتار نەکەین، نە دیموکراتی سەروەر دەبێت، نە دادپەروەری.) سیکولاریزم ئایین نییە، تا ئایینێکی دیکە ڕەت بکاتەوە، یان بکەوێتە شەڕەوە لەگەڵیدا، سیکولاریزم دژی بە سیاسیکردنی دینە کە لە باشترین دۆخیدا ئیخوان بەرهەم دەهێنێت، ئیخوانێک کە دایکی شەرعیی هەموو بزووتنەوە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانە.

*
دزێوترین تیرۆر و تاوان و جینۆساید بە ناوی دینەوە کراون، بە ناوی دینەوە مۆزە و شوێنەوار و کەلەپووری مرۆڤایەتی تێک دراون. تا دین لە سیاسەت جوێ نەکرێتەوە، تاوانی گەورە هەر درێژەی دەبێت، ئاخر دین و سیاسەت پێکەوە، قاعیدە و تالیبان و داعش بەرهەم دەهێنن. سیکولاریزم کرۆکێکی ئینساندۆستانەی هەیە، ئیشی ئەوە نییە، دین بسڕێتەوە، ئاخر بەگژدا چوونەوەی دین، لەگەڵ دیموکراتیدا نایەتەوە. سیکولاریزم کولتوورێکی گەردوونییە، ئینسانێک بەرهەم دەهێنێت، ڕێز لە بەهاکانی ئەوی دی و لە جیاوازییەکان بگرێت. دین یەکێکە لە پێکهاتە ڕووحی و دەروونییەکانی تاک، سیکولاریزم خوێندنەوەی تایبەتی بۆی هەیە، بەڵام نیازی ئەوەی نییە ڕیشەکێشی بکات.

عەلمانیبوونی و ئیلحاد شتێک نییین، دوو شتی تەواو جیاوازن، لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا، ئازادین دەچین بۆ پەرستگە یان نا. لە فەرەنسادا کە دەوڵەتێکی عەلمانییە، لە ٢٠٠٨دا ٢٢٦٠ مزگەوت هەبووە. جیاوازیی سەرەکیی نێوان دەوڵەتی دینی و عەلمانی ئەوەیە، یەکەمیان تەنیا ڕێز لە دینی زاڵ دەگرێت و دینەکانی دیکە سەرکوت دەکات، بەڵام لە دووەمیاندا هەموو دینەکان هەمان ڕێز و بایەخیان هەیە. دەوڵەتی عەلمانی، دەوڵەتێکی ئیلحادی نییە، ئاخر لە دەوڵەتی ئیلحادیدا هەموو دینێک قەدەغەیە، بەڵام لە دەوڵەتی عەلمانیدا هەموو دینێک ئازادە. لە دەوڵەتی عەلمانیدا، هاووەڵاتی بە چاوپۆشین لەوەی سەر بەکام ئایین، یان ئایینزایە، هەمان ڕێز و هەمان مافی هەیە. لای عەلمانییەکان، ئیسلام کێشە نییە، حیزبی ئیسلامی کێشەیە، ئیسلام کە وەک بەشێک لە کولتووری لێ هاتووە، سەرچاوەی تیرۆر نییە، ئەوە حیزبی توندڕۆی ئیسلامییە کە سەرچاوەی تیرۆرە. ئەوە ڕەچاوکردنی سیاسەتی کافراندنی ئەوانی دیکەیە، ئەم یان ئەو دین وەک سەرچاوەی تیرۆر پیشان دەدات، نەک عەلمانییەکان. لە ئەورووپا لەمێژە شەڕی نێوان ڕۆشنگەران و تاریکبیران، لە قازانجی بەرەی یەکەم کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام لە گەلێک وەڵاتی دونیای ئیسلامدا، هێشتا دین لەژێر چەپۆکی حیزبی ئیسلامیدایە.

عەلمانیبوون ئەوەیە، وەک چۆن پێڕەوی هەر دینێک بکەیت، ئازاد و ڕێزلێگیراویت، هەر وایش ئازاد و ڕێزلێگیراویت، ئەگەر پێڕەوی هیچ دینێکیش نەکەیت. کانت (١٧٢٤ – ١٨٠٤) گوتوویەتی: (دینێک جاڕی شەڕ لەگەڵ عەقڵدا بدات، بە تێپەڕینی کات، ناتوانێت خۆی لە بەردەم عەقڵدا ڕابگرێت.) ئیسلامییەکان چونکە وەک دوژمنی عەقڵ خۆیان بە دونیا ناساندووە، لەسەر ئاستی ئەورووپا و ئەمریکا، دوژمنێکی زۆریان بۆ موسوڵمانان پەیدا کردووە و مەترسیی ئەوە لە ئارادایە، لە ڕوانگەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکەوە، موسوڵمانبوون وەک تۆمەتی لێ بێت. ئەوە ئەرکی ڕۆشنفیکرانە، لێ نەگەڕێن (عەق)یدە بەسەر (عەق)ڵدا زاڵ ببێت. بۆچی ئیبن ڕوشدیان (١١٢٦ – ١١٩٨) کافراند و کتێبخانەکەیان سووتاند؟ چونکە دەیویست بۆ لێکدانەوەی دەق، عەقڵ بەگەڕ بخەین، نەک پشت بە نەقڵ ببەستین و شتی کۆن کاوێژ بکەینەوە.

جۆن لۆک (١٦٣٢ – ١٧٠٤) دەیگوت: (دین بۆ ئەوە دانەهاتووە، سرووتەکانی جێبەجێ بکەین، یان بە هۆیەوە دەست بەسەر دەوڵەتدا بگرین، یان بە ناوییەوە هانا بۆ ستەم ببەین، بۆ ئەوە داهاتووە، ژیانی ئینسان ڕێک بخات و جوانتری بکات.) دین مافی ئەوەی نییە بەسەر عەقڵ و ویژدانمانەوە چاودێر بێت و مافە سەرەتایییەکانمان لێ زەوت بکات. عەلمانیبوون بەها بۆ ئینسان دەگەڕێنێتەوە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، ئەوە ئینسان خۆیەتی، خۆی ڕزگار دەکات، نەک ئەم یان ئەو ئایین. ڤۆلتێر (١٦٩٤ – ١٧٧٨) دەڵێت: (چونکە دەمارگیری زادەی هەمەجیبوونە، بۆیە کەس مافی ئەوەی نییە دەمارگیر بێت. پڵنگی برسی بۆیە نێچیرەکەی لەتوپەت دەکات بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام ئینسانی دەمارگیر، بە حوکمی ئەم یان ئەو دەق، نەیارەکەی سەردەبڕێت!)

هەیە هیچ شک نابات پێشکەشی مرۆڤایەتیی بکات، غەیری هەندێک دەقی دینی، کە ئینسان بۆ کوشتوبڕ و خوێنڕشتن هان دەدەن. (ئەگەر نەهاتە سەر دینی تۆ، یان سەرانەی نەدا، بیکوژە!) بۆچی ئەو بێتە سەر دینی من؟ بۆچی سەرانەی لێ بسەنم؟ بۆچی بیکوژم؟ ئەوە چۆن یاسایەکە، ئەو مافانە بە من ڕەوا دەبینێت؟ بۆ ئەوەی سنوور بۆ کوشتوبڕ دابنرێت، بۆ ئەوەی بەر بە لافاوی خوێن بگیرێت، بۆ ئەوەی ڕێزگرتن لە جیاوازی، جێی دەمارگیری بگرێتەوە، سیکورلاریزم سەری هەڵدا، کە نەک هەر دژایەتیکردنی ئایین نییە، بەڵکوو لە بەهایەکی دینییەوە کە (لێبوردەیی)یە، دەستی پێ کرد.

بەڵام لێبوردەیی چارەسەر نییە، عەقڵ چارەسەرە، عەقڵ هێژاترە لە دەق، ئاخر ئەوە عەقڵە ئینسان لە زیندانی لاهووت ئازاد دەکات. ئینسان ئەگەر ئازاد نەبێت، ئینسانبوونی خۆی لە دەست دەدات، بۆیە ئامانج، ئینسانی ئازادە. هەموو شتێک پێویستە لە خزمەتی ئینساندا بێت و هیچ شتێک لەسەروو ئینسانەوە نەبێت، ئاخر ئینسان تا ئازاد و ڕێزلێگیراو نەبێت، لە دەست دەمارگیری و وەهم ڕزگاری نابێت. ئەگەر ئەوانەی بازرگانی بە دینەوە دەکەن، لێ بگەڕێن، بێباوەڕ و باوەڕدار، دەتوانن بە ئاشتەوایی پێکەوە بژین.
*

ھەواڵی زیاتر