هەڵبژاردن بێ بەشداریکردنی پارتیش ئاساییە… بەڵام !

شێرکۆ حەبیب

هەڵبژاردن بنەمای پرۆسەی دیموکراسییە، بەڵام گرنگتر پابەند بوونە بە ئەنجامی ئەو پرۆسەیە لە دوای هەژمارکردنی دەنگەکان و جێبەجێ کردنی بەڵێنەکان، مەرج نییە چەند حزب زۆر بێ مانای ئەوەیە کەوا دیموکراسی لەو وڵاتە زیاتر چەسپاوە و بەرقەرارە هەروەک دەبینین لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا پێشبڕکێ لە نێوان دوو زل حزب زۆر لە هەڵبژاردنەکان بەرێوە دەچێ وەک لە ئەمریکا و بریتانیا بۆ نموونە.
ئەمڕۆش لە کوردستان لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانین کە ١٠ ی مانگی شەشی ئەم ساڵ دەستنیشان کراوە بۆ ئەنجامدانی، بە بەشداری کۆمەڵێک حزب و هاوپەیمانی و کەسانی سەربەخۆ، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک حزب و لایەن بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان کردووە، کە هەردوولا مافی خۆیانە.
بە بەشداری نەکردنی ئەو حزب و لایانەش هەڵبژاردن (ئەگەر ئەنجام بدرێت لە کاتی دیاری کراو) دەکرێت و ئاساییە ئەنجامدانی.
پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئەم ساتە وەختە بڕیاری کۆتایی نەداوە بۆ بەشداریکردن یان بەشداری نەکردن و هۆکارەکانیشی خستۆتە ڕوو، هەروەها چەندین لایەنی نەتەوە جیاجیاکان بڕیاری بەشدارینەکردنیان داوە، تا ئێرە ئاساییە و هەر لایەنێک ئازادە و ئاساییە هەڵبژاردن بێ ئەوانیش ئەنجام بدرێت، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە کاتێک لایەنێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکات کە دەنگی زیاتر لە سەدا ٤٥ خەڵکی کوردستانی لەگەڵ دایە، ئەمە بەگوێرەی دواین هەڵبژاردن ئەو دەنگانەی بەدەست هێناوە و لەگەڵیشی هەندێ لایەنی دیکە کە ١١ کورسیان هەیە، ئەگەر لەوانە هەندێکیان بەشداری بکەن ئەگەری هەیە کورسیەک یا دوو کورسی بەدەست بهێنن، پارتی و ئەو لایەنانەی دیکە دەبنە زیاتر لە سەدا ٥٠ واتە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، باشە ئەگەر زۆینە لەگەڵ هەڵبژاردن نەبێ چۆن حکوومەت و پەرلەمان پێک دەهێنرێت، و لەم حاڵەتە ئاسایی نییە چونکە نیوەی زیاتر بڕیاری داوە بەشداری نەکات، واتە پەرلەمان و حکوومەت تەعبیر لە زۆرینەی میللەت ناکەن.
ئەو ڕێژە دەنگانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر هەبوو هەڵبەتە ئیستا دەنگی زۆرتر زیادی کردووە سەبارەت بە هەموو لایەنەکان، و زێدەکردنی ئەو دەنگانەش هەڵبەتە بە گوێرەی ڕێژەی هەر حزبێک دەبێت، بێگومان لێرەدا پارتی ڕێژەی زیادکردنی دەنگەکانی زیاتر دەبێ، ئەگەری هەیە گۆڕانکاری لە دەنگەکانی هەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە پارتی ڕێژەیەکی نەگۆڕی لە دەنگەکان هەیە کە هەردەم لە هەڵکشاندایە کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی ٧٨ ساڵەی لە قوربانی و تێکۆشان و ڕێبازی پیرۆزی مستەفا بارزانیی نەمر و ڕێنمایی و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی، کە ئەوانە کاریگەرن لەسەر هەڵکشانی دەنگەکان.
پارتی هیچ کاتێک رێگر نەبووە لە بەردەم پرۆسەی دیموکراسی بەڵکو تاکە حزبە کە بە پەرۆشە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و پیادەکردنی حوکمڕانی لەسەر ئەو بنەمایە، هەموو ساتێک جەختی لە سەر یەکڕیزی و دابینکردنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان کردووە و هەرگیز پەنای بۆ توندوتیژی نەبردووە.
ئەمڕۆ هەروەک پێشەی هەمیشەییان بە بێ بنەما پارتی تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی جۆراوجۆر کە دوورن لە ڕاستی، کە دەڵێن پارتی ناهێڵێت سندوقی دەنگدان بوونی هەبێ لە هەولێر و دهۆک، بە پێچەوانەوە پارتی پابەندی سەرجەم ڕێنماییە یاسایییەکان دەبێت، بەڵام بوونی ئەو سندوقانە لەو ناوچانە بۆ چییە ئەگەر زۆرینەی دانیشتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگ نەدەن، هیچ کاتێک پارتی بەربەست نەبووە لە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن، بەڵام ئایا هەڵبژاردنێک پێش وەختە ئاکامەکەی دیاری کرابێت و کورسییەکان لە لایەن وڵاتێکی ئیقلمی دابەشکرابێ و نەخشەی بۆ داڕێژرابێ پێی دەڵێن هەڵبژاردن؟ پارتی هەر حزبی یەکەمە بە جەماوەرەکەی بە خەبات و تێکۆشانی و خزمەتکردنی میللەت و سازش نەکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بۆیە مەحاڵە هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەت بێ پارتی، ئەمە ڕاستیەکە دەبێ بزانن و دانی پێ دابنێن.

ھەواڵی زیاتر