دەوڵەتی عەلمانی

حەمەسەعید حەسەن

(١)

عەلمانیبوون سیستەمێکی سیاسییە، بەگژ دیندا ناچێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، بە گوێرەی یاسا ئازادیی دینداری بە یەکسانی بۆ هەمووان دابین دەکات، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام دینن. دەوڵەتی دینی، نە دەخوازێت و نە دەتوانێت، ئازادی و یەکسانی دابین بکات، بەڵام دەوڵەتی عەلمانی لە هەمان دوورییەوە سەرنجی هەموو ئایینەکان دەدات و ڕێز لە هەموو ئایینێک دەگرێت، بەبێ ئەوەی هیج کامیان وەک دینی دەوڵەت بناسێنێت. عەلمانیبوون دژی دین نییە، دژی بەسیاسیکردنی دینە، دژی سەپاندنی دینە و دژی بەدینیکردنی دەوڵەتە.

بۆچی ئیسلامی سیاسی، عەلمانیبوون وەک بێدینی لێک دەداتەوە؟ لەبەر ئەوە نییە کە عەلمانییەکان بێدینن، لەبەر ئەوەیە عەلمانییەکان دژی بازرگانیکردنن بە ئایینەوە، دژی ئەوەن دین بۆ مەرامی سیاسی وەگەڕ بخرێت. ئەوە عەلمانییەکان نین، دین دەشێوینن، ئەوە ئیسلامییەکانن بەراوەژوو سوود لە دین دەبینن و دینی خۆڕسکی خەڵک کە میانڕۆیە، بەرەو توندڕۆیی دەبەن. عەلمانیبوون بریتییە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری، لەبن هەژموونی کەنیسە دەربهێنرێت و بدرێتە دەست خەڵک. عەلمانیبوون بە مانای دونیایی و هاوزەمانی و حوکمی خەڵک دێت، ئاخر کەنیسە بە ناوی خوا و ئەو دونیاوە حوکمی دەکرد. دونیا وەک چۆن خاڵیی نییە لە دین، هەر وایش بریتی نییە لە دین، عەلمانیبوون هەقی ئەو دونیای نییە، یاسا بۆ ئەم دونیا دادەڕێژێت، بە ڕەچاوکردنی ڕێزگرتن لە ئایین و باوەڕە جیاوازەکان.

عەلمانیبوون و دیموکراتی دوو ڕووی هەمان دراون، بۆیە لە سیستەمی عەلمانیدا مافی هەموو هاووەڵاتییەک پارێزراوە، بەچاوپۆشین لەوەی سەر بە کام ئایینە. سیستەمێک مافی هاووەڵاتی تێدا پارێزراو بێت، ناچارە عەلمانی بێت، ئاخر ئەوە تەنیا عەلمانیبوونە، مافی یەکسان بۆ هەمووان فەراهەم دەکات. عەلمانیبوون نە لایەنگرتنی دینێکە، نە دژایەتیکردنی هیچ دینێک، بە هەمان چاو سەرنجی هەموو دینەکان دەدات. عەلمانیبوون لە نێوان دینداری و لادینیدا، بێلایەنە، هاووەڵاتی لە دەوڵەتی عەلمانیدا، ئازادە لەوەی دیندارە، یان لادین. (فمن شاء فلیٶمن، ومن شاء فلیکفر. سوورەتی کەهف، ئایەتی ٢٩) دەستووری سیستەمی عەلمانی نە پشت بە دینێک دەبەستێت، نە دژی هیچ دینێک دەوەستێتەوە. خوێندن لە سیستەمی عەلمانیدا، بێلایەنە و بە هەمان بایەخەوە ئایینەکان بەسەر دەکاتەوە.

ئەگەر عەلمانی بین، کەسێکی نێونەتەوەییمان لێ دەردەچێت، کەسێک دونیا بە وەڵاتی خۆی بزانێت، کەسێکی گەردوونی، کەسێک بەبێ گوێدانە پاشخانی دینی، ناسنامەی نەتەوەیی، یان ڕەنگی پێست، بە هەمان ڕێزەوە سەرنجی هەموو ئینسانێک بدات. لە سیستەمی عەلمانیدا، هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، ئاخر یاسا بۆ هاووەڵاتی دادەڕێژرێت، ئیدی ئەو هاووەڵاتییە، دیندار بێت، یان لادین، جوو بێت، یان گاور، شیعە بێت، یان سوننە، نێر بێت، یان مێ.

سیستەمی عەلمانی نە فەزڵی دینێک دەدات بەسەر دینێکی دیکەدا، نە بە چاوی سووک سەرنجی شوێنکەوتووانی هیچ دینێک دەدات. لە ڕوانگەی عەلمانییەکانەوە دیندار و بێدین یەکسانن و وەک یەک هێژان، ئاخر ئایین مەسەلەیەکی تایبەتی و کەسەکییە، پێوەندیی بە ویژدانی تاکەکانەوە هەیە. لە سیستەمی عەلمانیدا، یەکسانی هەر لە بەردەم یاسادا ڕەچاو ناکرێت، بەڵکوو یەکسانی کولتوور و مۆراڵیش دەگرێتەوە. عەلمانییەکان دژی بەبەردبوونی باوەڕ و دژی توندڕۆیی ئایینی و دژی نایەکسانی و هەڵاوێردنن. لە هیچ ئایینێکدا ژن و پیاو یەکسان نین، سیستەمی عەلمانی ژنی لەو ستەمە ڕزگار کردووە. سیستەمی عەلمانی هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسلامی سیاسی، کە دەقی پیرۆز لە پێناوی دەستکەوتی سیاسیدا وەگەڕ دەخات. عەلمانیبوون دژی ئیسلام نییە، دژی دەوڵەتی دینییە کە خەونی ئیسلامییەکانە. لەسایەی سیستەمی عەلمانیدا، ئیسلام ئازادە، بەڵام ئەوە ڕێگەپێدراو نییە، حیزبێک پرۆژەیەکی سیاسی، بە پشتبەستن بە شەریعەت بەڕێوە ببات.

کە لە ئەورووپا دین لە دەوڵەت جوێ کرایەوە، کەنیسەیەک دانەخرا، ئیدی ڤیکتۆر هۆگۆ (١٨٠٢ – ١٨٨٥) گوتەنی: (دین لە ماڵی خۆی و دەوڵەت لە ماڵی خۆی،) ڕەچاو کرا. لە سایەی دەوڵەتی عەلمانیدا، هاووەڵاتییان وەک ماف و ئەرک یەکسانن، ئایین مەسەلەیەکی کەسەکییە، یاسا دەیپارێزێت، کەسیش مافی ئەوەی نییە دینی خۆی لە ڕێی ترساندن و کافراندن و هەڕەشەی کوشتنەوە، بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت. عەلمانیبوون دونیاییەکی بەرینە جێی هەمووانی تێدا دەبێتەوە و شکۆی هەمووانی تێدا پارێزراوە.

دەوڵەت دوو جۆر نییە، دەوڵەتی باوەڕدار و دەوڵەتی بێباوەڕ، ئەوە هاووەڵاتییانن هەیانە باوەڕدارە و هەیانە باوەڕی بە هیچ دینێک نییە. دەوڵەت مافی ئەوەی نییە لەبارەی باوەڕەوە لێپرسینەوە لە هاووەڵاتییان بکات، ئەوە ئیشی ئاسمانە. حیزبی ئیسلامی هەوڵی بۆ ئەوەیە، حوکمەکانی شەریعەت جێبەجێ بکات، بەڵام چونکە هەر یەکێک لەو حوکمانە چەندان لێکدانەوە هەڵدەگرێت، بۆیە چۆنییەتی جێبەجێکردنی شەریعەت، ڕەچاوکردنی یەکێکە لەو لێکدانەوانە، کە هیچ مەرج نییە دروست بێت، ئاخر هەر لێکدانەوەیەک بۆچوونی کەسێکە، کە دەشێت بکەوێتە هەڵەوە، چونکە کەس لە هەڵە بەدوور نییە. کەس مافی ئەوەی نییە، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ئیسلام فەرمانڕەوایی بکات، ئاخر تەنیا پەیامهێن (کە نێردراوی ئاسمان بوو،) ئەو مافەی هەبوو. ناکرێت گوتاری سیاسی، پشتی بە پەیامی پیرۆز قایم بێت، چونکە دەسەڵات پێویستە نوێنەری هەڵبژێردراوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ بێت، نەک خۆی بە نوێنەری خوا بزانێت.

عەلمانیبوون ئەوە نییە بێیت وەک ئەتاتورک (١٨٨١ – ١٩٣٨) حەرفی (عەرەبی) بگۆڕیت بە لاتینی، ئەوە نییە کوفر بکەیت، یان هەر لەبەر ئەوەی چەپ، یان مۆدێرنیت، ئیدی خۆت بە عەلمانی بزانیت. ئەوەیش پارادۆکسە، دەستوور بە (ئیسلام دینی فەرمیی دەوڵەتە) دەست پێ بکات و زۆرینەی بەندەکانی کۆپیی دەستووری فەرەنسایی بن. ئیسلام دینە، دەوڵەت نییە، ئیسلام پەیامێکی ڕووحییە، نەک سیاسی.

ئیسلامییەکان سوننە بن یان شیعە، هەوڵیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی دینییە و ناکۆکییەکانیان لەسەر دەسەڵاتە، نە زادەی لێکدانەوەی جیاوازە بۆ دەق، نە پێوەندیی بە شێوازی فەرمانڕەوایییەوە هەیە. دەوڵەتی دینی لەبەر ڕۆشناییی شەریعەتدا دەستوور دەنووسێتەوە، دەستوورێک دژی تاک و ئازادییە کەسەکییەکانە و هیچ لەگەڵ هاووەڵاتیبوون و مافەکانی مرۆڤدا کۆی ناکاتەوە، بە پێچەوانەی دەوڵەتی عەلمانییەوە کە بە یاسا هەم ماف و ئازادییەکانی تاک دیاری دەکرێن و هەم ئەرکەکانیشی. لە دەوڵەتی دینیدا، نە باسێک لە تاک هەیە، نە لە ئازادییەکانی، ئاخر تاک تێیدا لە بازنەی شەریعەتدا زیندانی دەکرێت. لە دەوڵەتی دینیدا ئازادیی تەفکیر نییە، ئازادیی تەکفیر هەیە، هەر تاکێک سنووری فیکری فەرمیی بەزاند، وەک کافر سەرنج دەدرێت.

لای شیعە پێوەندییەکی ئۆرگانیکی وەها لە نێوان دین و دەوڵەتدا هەیە، کە لە هیچ سیستەمێکی تیۆکراتی دیکەدا نییە، ئاخر شیعە هەر بەوە قایل نەبووە، دین و دەوڵەت پێکەوە گرێ بدات، بەڵکوو دەوڵەتی کردووە بە یەکێک لە پایەکانی دین. ڕێبەری دەوڵەت لای شیعە، ئیمامێکە قەت ناکەوێتە هەڵەوە، هەموو دەسەڵاتێکی هەیە و ڕاستەوخۆ بە ناوی خواوە دەپەیڤێت. مەترسیی گەورەی دەوڵەتی دینی لەوەدایە، لێکدانەوەی تێکستی پیرۆزیشی قۆرخ کردووە کە بەو هۆیەوە سواری سەری ئازادی بووە. جان جاک ڕۆسۆ (١٧١٢ – ١٧٧٨) گوتوویەتی: (کەنیسە ستەمکارترین شێوازی حوکمی پێشکەشی دونیا کرد.)

لە دەوڵەتی دینیدا لێ ناگەڕێن تاک بیر بکاتەوە، ئاخر دەوڵەت لەبری تاک بیر دەکاتەوە، تاک نە شکۆی پارێزراوە، نە هیچ مافێکی دابین کراوە و نە هیچ ئازادییەکی هەیە، ئاخر دەوڵەتی دینی هێشتا ملکەچی ڕێساکانی سەردەمی کۆیلایەتییە. دەوڵەتی دینی، بە پشتبەستن بە شەریعەت، ژنانی ئێزدی بە دیل دەگرێت و وەک کۆیلەی سێکسی مامەڵەیان پێوە دەکات. لە دەوڵەتی دیندا وێڕای دووانەی کۆیلە و ئازاد، کار بە دووانەی نێر و مێ، موسوڵمان و ناموسوڵمانیش دەکرێت، نێر باڵاترە لە مێ و موسوڵمان هێژاترە لە ناموسوڵمان.

لە دەوڵەتی عەلمانیدا، هاووەڵاتیبوون دەکەوێتە سەنتەرەوە، هاووەڵاتییان ماف و ئازادییان هەیە و لەبەردەم یاسادا یەکسانن، بەڵام لە دەوڵەتی دینیدا، هاووەڵاتی بوونی نییە، ڕەعیەت هەیە، کۆمەڵ لە دوو کاتەگۆری پێک دێت، عەوام و خەواس، خەواس بە ناوی ئاسمانەوە حوکمی عەوام دەکات، ئاخر پاشا، خەلیفە، سوڵتان یان میر، خۆیان بە سێبەری خوا دەزانن لەسەر زەوی و دژایەتیکردنیان کوفرە و دەکەوێتە خانەی دژایەتیکردنی خواوە.

ھەواڵی زیاتر