ئافرەت بەهادارە پێویستە بەهایی خۆی بپارێزیت

حیات مجید

دروست هەژدە ساڵ لەمەوبەر لە خولی هاوینەی زانکۆدا، وەک حەزێکی لە پێشینەم بۆ شوێنی خولەکەم مەحکەمەی کۆنی سلێمانیم هەڵبژارد، خولەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو. ئێستا و ئەو کاتیش لام گرنگ بوو دۆسیەکانی ئەو کات دەربارەی رێژەی هاوسەرگیری و رێژەی نەگونجان و جیابوونەوە بزانم، کارمەندێک زۆر هاوکاری من و هاورێکانم بوو لە ئاشنا بوونمان بە دۆسیەکان، کارمەندەکە پێشنیاری بۆ کردین بجینە لای حاکم گەشاو یادی بە خێرو رۆحی شادبێت، ئێمەش بۆ رۆژی دواتر ئیزنمان لێوەرگرت و چووینە لای تا زیاتر ئاشنا بین بە دۆسیەکان. ئیمەی گەنج دونیا بینیمان لەگەل حاکم گەشاو زۆر جیاواز بوو رەئیەکانیشمان جیاواز بوو، لە بابەتی هاوسەرگیریدا قاڵبووینەوە لەگەل حاکمدا رەئی زۆر جیاوازی هەبوو کە نەک تەنها من دوو هاورێی تریشم کە ئەوان قوتابی کۆلێژی یاسا بوون کۆک بوون لەگەل من و سوربووین لەسەر رەئیەکانمان سەبارەت بە مارەیی ئافرەت لە پێشەکی و پاشەکی ئیمە وا دنیامان ئەبینی کە خۆشەویستی هەموو شتەکان تەواو دەکات پێویست ناکا کچ ئەوەندە بەها بدات بە شتە ماددیەکان، حاکم لە دونیابینی خۆیەوە لەو هەموو دۆسیە و تجروبەی خۆیەوە وەڵامی ئیمەی دەدایەوە کە ئیمە هەڵەین رۆژێک دێت دێنە سەر رەئی من و دان بە هەڵەی خۆتاندا دەنێن، دووبارەی دەکردەوە کە ئافرەت بەهادارە پێویستە بەهایی خۆی بپارێزێت. ئێمە بەهەموو چەشنێک لەگەل ئەو بیرکردنەوەیدا نەبووین تا لە گفتووگۆکەماندا گەشتینە ئەوەی کە بڵێین چۆن حاکمێکی ژن ئاوا بیر دەکاتەوە کە پێی باشە ئافرەتان لە بابەتی کردنی ئاڵتوونی پێشەکی و پاشەکیدا ئاڵتوونی زۆر داوا بکەن و داوای مافی خۆیان بکەن تا وەک مافێکی خۆیان پشتیان ئەستوربێت. حاکم باسی لەو کەیسانە کرد کە جیابوونەتەوە کە زۆر باسی بێمنەتی پیاوی دەکرد بەرامبەر بە وەفای ئافرەت بە دروستی باسی کەیسێکی بۆ کردین کە ئافرەتەکە بە گوڵێک و کتێبێک زەواجی کردوە پاش نەگونجانیان پیاوەکەزۆر بەبێ باکی کتێب و گوڵەکەی هەڵیاوە بۆی وتوویەتی ئەوەیە مافی تۆ، ئەمەو چەند کەیسێکی هاوشێوەی باسکرد تا قەناعەتمان لا درەست ببێت، ئەو کات نە من نە دوو هاوڕێکەی ترم هەر قەناعەتمان نەکرد، رۆژێک دوای گفتووگۆیەتی تووند وتی رۆژێک دێت دێنە سەر قسەی من و رەئی خۆتان ئەگۆرن، بێگومان ئەو رۆژە زۆر زوو هات پاش چەند ساڵیک دوای ئەو دەمە، کارکردنی لەسەر کەیسی ئافرەتان تەواو هاوڕای حاکم گەشاو بووم و حەزم دەکرد بیبینمەوە پیی بڵێم منیش هاتمە سەر رەئیەکانت، یادی بەخێر حاکم گەشاو یەکێک بوو لەو حاکمانەی کە دەوری زۆر باشی گێرا لە پرسی ئافرەتان وە چەندین مافی بۆ ئافرەتان لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا جێبەجێ کرد. ئەوەتا رۆژانە ژنان دەبنە قوربانی کومەڵگە بە بی رێزگرتن لەو قوربانیانەی ئافرەت بۆ هاوسەر و خێزانی دەدات. دوا ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ لە شارێکی وەکو هەوڵێر وەربگرین بە نمونە ٥٨٥٧ کەیسی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە رێژەیە لە ماوەی ساڵێکدا رێژەیەکی ئێکجار بەرزە و ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان تەواو لە مەترسیدایە، ئەو رێژەیە ئەگەر گریمان نیواو نیو خاوەنی منداڵ بن، دەبێت چارەنوونسی ئەو منداڵانە بە کوێ بگات لەنێوان دووبەرداشی لێک جیابوونەوە و شیواندنی لانەیان.

ھەواڵی زیاتر