پارتی زامنی مافەکانە

شێرکۆ حەبیب

لەم ماوەیەی دوایدا کۆمەڵێک حزب و بەناو سیاسەتمەداری عێراقی و کوردستانی لە دوای بریاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشدارینەکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی چەندین بڕیاری نادەستووری و نا یاسایی دژ بە هەرێمی کوردستان کە لە بەغداوە بریاری لەسەر درابوو، لەو باوەڕەدا دابوون کەوا پارتی کۆتایی بە ژیانی سیاسیی خۆی هێنا و بەو بڕیارە زەرەی کرد، بەڵام وا دیارە ئەوانە تا ئێستا لە پارتی و لە گرنگی بڕیارەکانی نەگەیشتوون.
پارتی وە نەبێت حزبێکی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و ناوچەکە و بێ ئەزموون بێت، ساتێک پارتی بریارێک دەدات بێگومان لە ئاکامەکەی پشت ڕاستە کە لە ئایندە لە بەرژەوەندی کوردستان و میللەتەکەیەتی و هەر لەو ڕوانگە هەنگاو دەنێ کەوا بەرژەوەندییەکانی کوردستان زامن بکات.
هەڵبەتە بریارەکانی پارتی لە بۆشاییدا نایەت بەڵکو هەڵقوڵاوی ساڵانێکی پڕ لە ئەزموون و دوور درێژی خەبات و تێکۆشان و هزر بۆ چوونی سەرۆک بارزانی و پێگەی پارتییە، هەر بۆیەش دەبینین شاندی گەورە بەرپرسان و نوێنەری وڵاتان ڕوو لەسەری بڵند دەکەن و هەست بەگرنگی بریارەکانی پارتی و سەرۆکەکەی دەکەن، ئەمڕۆ پارتی کە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن ناکات لەو پەڕی بەهێزی و پشتگیری جەماوەریدایە هیچ کاتێک ترسی لە هەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانە پارتی هەردەم لە گەڵ هەڵبژاردن دایە و دروشمی سەرەکیەتی و حزبەکە لەسەر بنچینە سەرەکییەکانی دیموکراسی دامەزراوە، ئەمەش لە ڕێبازی پیرۆزی مستەفای بارزانیی نەمر سەرچاوە وەردەگرێت، هەر لەو ڕوانگە و تێڕوانینی سەرۆک بارزانی بۆ یەکەم جار لە شاری کۆیە لەکاتی ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ داوای هەڵبژاردنی کرد، ئەمرۆش ئەگەر پارتی بەشداری نەکات بەڵام ڕێگر نییە لە ئەنجامدانی، با ئەوانەی لەو خەیاڵە بوون کەپارتی کۆتایی هاتووە، با خۆیان تاقی بکەنەوە بزانن بەبێ پارتی چۆن حوکمرانی دەکەن، و چ سەنگێکتان لە ناوخۆ و دەرەوە هەیە.
ئەو بڕیارەی پارتی و پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و هەوڵەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی بەغدا هەبوو بەناردنی مووچە دوای ئەوەی کەسانێکی کاڵفام لە هەوڵی نەناردنی مووچە بوون، بەڵام ئیرادەی پارتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەهێزتر بوو، ئەوەی سەیرە کەسانێک لە کاتێک هاوڕان لەگەڵ بیر و هزری نەیاران خۆیان دەکەن بەخاوەنی ناردنی مووچە (هەروەک دەڵێن چاکی مەکە باخراپ نەبێ) واتە ئێوە دەست بە کڵاوی خۆتان بگرن تا با نەیبا، و هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم و چارەسەر کردنی گرفتەکان لە گەڵ بەغدا و سەردانیکردنی بۆ بەغدا بێگومان کاریگەری دەبێت بۆ هێور کردن و تا ڕادەیەک بنبڕکردنی گرفتەکان، بەڵام دەبێ لە بەغداش ئەو متمانە هەبێت کە چارەسەرکردنی گرفتەکان بە پێی دەستوور زامنی تەبایی و پێکەوە ژیانە، کە هەردەم جەنابی سەرۆک بارزانی سوورە لەسەر ئەو بابەتە هەروەک بینیمان کەوا پارتی تاکە حزب و لایەن بوو دژی بریارە نادەستوریەکەی دادگای فیدراڵ دژ بە نەتەوەکان و نەهێشتنی کۆتا، هەڵبەتە ئەمەش لە تێڕوانینی سەرۆک بارزانی دێت کە دەبێ مافی سەرجەم نەتەوەکان زامن بێت، لەئایندەیەکی نزیک زۆر لە بابەتە شاراوەکان ڕوون دەبنەوە و پارتی بەشداری هەڵبژاردن دەکات و دەبێتە خاوەن زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان.