نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 7
یاره‌جوانه‌كه‌م با گله‌ییه‌كی دۆستانه‌ت لێبكه‌م. ئه‌و رۆژه‌ی له‌لای كۆلیژ له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌ لاته‌ قسه‌ت ده‌كرد، ده‌زانی تووشی چ حاڵێك بووم؟ به‌ خودا.. خه‌ریك بوو دڵم راوه‌ستێ. زۆری نه‌مابوو به‌پڕتاو بێم و قوڕگت بگرم به‌ڵام.. رۆیشتم.. رۆیشتم.. تریاكم پێبوو (چه‌ند مانێگێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ندێكم په‌یداكردبوو كه‌ هه‌ركاتێك تووشی ته‌نگه‌تاویت ده‌كردم خۆی بگه‌یه‌نمێ) به‌ڵێ.. تریاك هه‌بوو، ویستم هه‌ندێكی بخۆم.. بڕوانه‌ تاهیره،‌ تاهیره‌ له‌گه‌ڵ پیاوێكی بێگانه‌ قسه‌ی كرد؟؟؟.. به‌ڵام واش نه‌متوانی هیچ بكه‌م به‌دڵێكی پڕ ئازاره‌وه‌ چوومه‌وه‌ ماڵێ، چوومه‌ ژوورێك ده‌رگام له‌سه‌رخۆم داخست، تا توانیم گریام، به‌ڵام تا زیاتر ده‌گریام تێر نه‌ده‌بووم. خودا ره‌حمت بخاته‌دڵ.
ئێستا ئه‌و نامه‌یه‌ له‌ حاڵه‌تێكی روحی زۆر دژواردا ده‌نووسم.
جه‌سته‌م له‌حه‌ژمه‌تی ئازارو نا ئومێدیدا ده‌سووتێ. ده‌بینم ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی سه‌یر ته‌واوی روح و جه‌سته‌ی داگرتووم، ئێستا بڕیارێكی جددیم داوه‌. جاری یه‌كه‌م كه‌ نامه‌م بۆنووسی چاوه‌ڕوانبووم، به‌ دوو وشه‌ وڵامم بده‌یه‌وه‌، به‌ڵام وشه‌یه‌كیشت نه‌نووسی. به‌ڵام ئێستا تكات لێده‌كه‌م خه‌مبارانه‌ تكات لێده‌كه‌م له‌به‌رخاتری ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ی كێشاومه‌، دوو وشه‌ بنووسی، دوو وشه‌، له‌و سه‌رگه‌ردانییه‌ رزگارمكه‌ تاهیره‌ی ئازیز. من له‌سه‌ر دووڕیانێكم: به‌ڕاستی نازانم لێم بێزاری؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ پێمبڵێ، بنووسه‌، تا دواته‌مه‌نم لێت دووركه‌ومه‌وه‌، بۆچی ببمه‌ مایه‌ی ئازاردانی تۆ، ده‌ڕۆم، له‌و شاره‌ وێرانه‌یه‌ ده‌رۆم. به‌دڵێكی شكاو بۆ هه‌میشه‌ به‌جێتدێڵم. ئه‌گه‌ر خۆشم نه‌كوژم، له‌گه‌ڵ خه‌م و په‌ژاره‌ ده‌سته‌ملان ده‌بم. ئه‌وه‌ رێگایه‌ك‌.
رێگایه‌كی دیكه‌: نازانم، نازانم ئایا فریوم ده‌ده‌ی، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بزانم كه‌ ده‌ته‌وێ بمكه‌ی به‌ عاشقی خۆت و به‌نازو خۆ به‌زلزانین، وه‌ك ژنه‌ به‌ڕه‌ڵڵاكان به‌نازو عیشوه‌ و خۆ به‌زلزانین به‌پێشمدا بڕۆی، من شه‌رافه‌تم هه‌یه‌، ئه‌وه‌م پێ ته‌حه‌ممول ناكرێ، ئه‌گه‌ر بزانم به‌ڕاستی ده‌ته‌وێ فریوم بده‌ی و سه‌رگه‌ردانم بكه‌ی، ده‌زانی چی ده‌كه‌م، ده‌تكوژم. شه‌وێك به‌سه‌رتداده‌م و هه‌رچۆنێك بێ ده‌تخنكێنم. به‌خودا. ئه‌گه‌ر فریوم بده‌ی ده‌تكوژم، ده‌تكوژم.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌و بێئومێدی و په‌ژاره‌یه‌ رزگارم بێ، ئه‌و هیوا رووناكه‌یه‌ كه‌ ئه‌و عه‌شقه‌ مه‌زنه‌ی من پێكدێنێ. ده‌ڵێم ره‌نگه‌ خۆشت بوێم، ده‌شێ تۆش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ مه‌زنه‌ تۆش خۆشتبوێم.
من و تۆ ده‌بێ هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان وه‌لابنێین، من و تۆ نابێ یه‌كتر فریوبده‌ین، تۆ روحی منی ئه‌گه‌ر رۆژێك نه‌تبینم شێت ده‌بم، كه‌واته‌ تۆ چۆن ده‌ته‌وێ به‌ ئازارێكی ئاوا له‌ناوم به‌ری؟ تاهیره‌ی نازه‌نینم، گه‌نجێتی، هه‌موو ماوه‌كه‌ی چه‌ند خوله‌كێكه‌، تا چاولێك ده‌نێی، پیروپه‌ككه‌وته‌ ده‌بی به‌جۆرێك هه‌ڵسوكه‌وت مه‌كه‌ كه‌ له‌ ده‌ورانی پیریتدا ئازاربكێشی كه‌ بۆچی ئاوا ئازارت داوم.
به‌ڵام من، ئه‌گه‌ر هه‌زار ساڵیش بژیم، پیروپه‌ككه‌وته‌شبم دیسان بیرت ده‌كه‌م. باوه‌ڕبكه‌ ئه‌گه‌ر بشمرم، ئیسقانه‌كانم، خۆڵه‌مێشه‌كه‌م، جه‌سته‌م كفنه‌كه‌م، تۆیان خۆشده‌وێ.
به‌هه‌رحاڵ یاری خۆشه‌ویست و ژیكه‌ڵه‌م، منه‌تبارمبكه‌، سۆزولوتفت هه‌بێ چه‌ند وشه‌یه‌ك بنووسه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر نه‌فره‌تیشم لێبكه‌ی بینووسه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ وه‌ڵامم نه‌ده‌یه‌وه‌ شێت ده‌بم. ئایا حه‌زده‌كه‌ی هه‌ڵوه‌دابم؟
من هه‌میشه‌ له‌بیری تۆدام. تۆ نیشانه‌ی هونه‌ری گه‌وره‌ی خودای. چونكه‌ قودره‌تی خودا له‌ چاوه‌كانی تۆدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌.
تاهیره‌ی ئازیزو جوانم، چه‌نده‌ جێگه‌ی لوتف و به‌زه‌ییه‌ نامه‌یه‌كم بۆ بنووسی تا شه‌و و رۆژ و بۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا هه‌ڵیبگرم. وه‌ك گیانی خۆم هه‌ڵیبگرم. له‌شه‌وانی ته‌نیاییدا هه‌زارانجار بیخوێنمه‌وه‌ و سه‌دان هه‌زارجار ماچی بكه‌م.
ماڵئاوا.
غ- س
نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون