شەرعیەتی گەل و دیكتاتۆریەتی دادگای فیدراڵی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

هیچ كەس نكولی لەو ڕاستییە ناكات كە كۆی پرۆسەی دەوڵەتداری و حوكم، پێویستی بەوەیە زەبت بكرێت. ناكرێت هیچ ڕێساو چاودێرێك نەبێت و، مەرجەعیەتێكی یاسایی نەبێت بۆ ئەوەی دەستەڵاتەكان لەكاتی ناكۆكیدا هانای بۆ بەرن.
ئەمەیان وەكو پڕنسیپ لەفیكری دروستكردنی دەوڵەتی مۆدێرندا، چەسپیوەو، مرۆڤ گەیشۆتە ئەو ڕادەیەی كە تەنها دروستكردنی دامەزراوەكان و نوسینەوە ی دەستور و تەنانەت جیاكردنەوەی دەستەڵاتەكانیش، بەس نین بۆ ئەوەی زەمانەتی بەرپاكردنی دیموكراسیەت بدەن. بەڵكو لەسەروی ئەوانەشەوە، پێویستە دەستەڵاتێك هەبێت كە لەكاتی ناكۆكیدا دەستەڵاتەكان پەنای بۆ بەرن و، بڕیار لەناكۆكییەكان بدات.
یاسادانەری عێراقی و ئەوانەی دەستوریان نوسیوەتەوە، ئەو ڕاستییەیان ڕەچاو كردووە، بۆیە دروستكردنی دادگایەكی فیدراڵییان وەك پایەیەكی سیستەمی فیدراڵی و دیموكراسی لەناو دەستوردا چەسپاندووە.
بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: لەكاتێكدا خودی دەستوریش شەرعیەت لەگەلەوە وەردەگرێت، گەل خۆی دەستور دەنوسێت و متمانەی پێ دەدات، گەل دەستەڵاتەكان دورست دەكات و نیشتمان دەپارێزێت و سنورەكانی دەچەسپێنێت، دەكرێت دادگایەك كە بەگوێرەی دەستور دروستكراوە، لەدژی شەرعیەتی میللی كار بكات؟ ئایا لەفیكری دەوڵەتداریدا، شەرعیەتی میللی گەورەترە یان دەقی دەستوری؟ ئەی دەستور گەورەترە یان یەكێك لەو دەستەڵاتانەی كە دەستور بڕیاری دروستكردنیان دەدات؟.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، لەعێراقدا وەك هەمیشە سەرجەمی كایەكان لە سكەی خۆیان دەرچوون. دوایەمین بابەت كە ئێستا زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێت، بریتییە لە دادگای فیدراڵی. ئەو دادگایە نەك هەر لە سكەی خۆی دەرچووە، بەڵكو پێچەوانەش بووەتەوە لەگەڵ شەرعیەتی میللیدا. كەواتە ئەو خۆی، تەنانەت ئەو دەستورەش كە ڕەوایەتی داوە بەدادگای فیدراڵی و دەستەڵاتەكانی بۆ دیاری كردووە، شەرعیەتیان لەگەلەوە وەرگرتووە. شەرعیەتی میللی گرنگترە لەدەستور. گەل خۆی دەتوانێت دەستورەكەی ڕەت بكاتەوە. لەو حاڵەتەدا كۆی سیستەمی حوكم و دەستور و یاساكانیش شەرعیەت و تەفویزی میللیان نامێنێت.
لەئێستادا دادگای فیدراڵی خەریكە جۆرێكی نوێ لە زەبرو زەنگ دروست دەكات، دەشیەوێت پاڵپشت بەدەستور و بەندو مادەكانی دەستور، ڕەوایەتی بدات بە بڕیارەكانی خۆی و هیچ لایەك و هیچ دەنگێك نەتوانێت بڵێت نەخێر. چونكە دەستور وای گوتووە! دەستور ئەو هێزە پێداوە. بەڵام كێ ئەو قودسیەتەی بەدەستور داوە؟ مەگەر هەر گەل نیە؟ گەل دەستورەكەی پەسەند نەكردووە؟ ئەگەر گەل ئەو تەفویزە وەربگرێتەوە. دەستورەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوكاتە چی دەمێنێتەوە بۆ دادگای فیدراڵی؟.
ئەوەی كە بۆم شیناكرێتەوە ئەوەیە: چۆن دادگای فیدراڵی، توانی دەنگی خەڵكی كوردستان كە خۆیان سەرچاوەی شەرعیەتی خودی دەستوریشن، لە ڕیفراندۆمدا ڕابگرێت؟ پاڵپشت بەكام دیدگای یاسایی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی دەتوانێت دەنگی 93%ی خەڵكی كوردستان ڕابگرێت؟ دەنگی خەڵك بەهێزترە یان بڕیاری دادگایەك كە شەرعیەت لەدەنگی خەڵكەوە وەردەگرێت؟.
لەڕاستیدا هیچ قوتابخانەیەكی یاسایی نیە پێمان بڵێت: بڕیاری دادگا بەهێزترە لە ڕای گشتی خەڵك! ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات، هیچ پێناسەیەكی یاسایی و دەستوری نیە و، تاكە میكانیزمی شیكردنەوەی ئەوەیە كە بڵێین: ئیتر ئەوە عێراقە و، هیچ شتێك لە سكەی خۆیدا نیە.ئیدی سەردەمێكی نوێ لەدیكتاتۆریەت دەستپێدەكات و، زۆرێك لە شارەزایان و نوسەران و ڕووناكبیران لەئێستاوە زەنگە مەترسیدارەكە لێدەدەن. عێراق بەرەو دیكتاتۆریەتی دادگای فیدراڵی.