حەمەسەعید حەسەن
زەبروزەنگی پیرۆز
هەندێک جار بە پاساوی ئایینی یان ئایدۆلۆجی، تیرۆر بە ڕەوا لە قەڵەم دەدرێت و بەو بیانووەی قوربانی، کافر یان ستەمکار بووە، کوشتنی نەک هەر بە تاوان نازانرێت، بەڵکوو بە کارێکی چاکیش هەژمار دەکرێت. تیرۆری سیاسی لە سەرەتای ئیسلامەوە هەبووە، ئاخر لەو چوار خەلیفەیەی بە دوای پەیامهێندا هاتن، سێیان تیرۆ کران. عومەر دڵی بەوە خۆشبوو، بکوژەکەی موسوڵمان نەبوو، بەڵام عەرەبی موسوڵمان عوسمان و عەلییان کوشت. ئەوەیش جێی سەرنجە، بەنگکێشان هەر کەسێکیان تیرۆر کردبێت، بە خەنجەر کوشتوویانە، بە تیر، یان بەوەی ژاری بۆ بکەنە خۆراکەوە، کەسیان نەکوشتووە کە ئاسانترە و ئەگەری دەربازبوونی بکوژیش زیاترە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەنگکێش دەستگیر دەکرا، ئاخر ئەوەی پێ شەرم بوو، هەڵبێت و گیانی خۆی دەرباز بکات.
لە سەرەتای سەدەی هەشتەمی زایینیدا، پیاوێک پەیدابوو ناوی ئەبوو مەنسوور ئەلعەجلی بوو، خۆی بە ئیمامی زەمان دەزانی، دەیگوت: (ڕێنوینییەکانی شەریعەت مانای ڕەمزییان هەیە، بۆ ئەوە نین ڕەچاو بکرێن. بەهەشت و دۆزەخ بوونیان نییە، بریتین لە خۆشی و ناخۆشی ئەم دنیا. لەکن هەوادارانی ئەلعەجلی، تیرۆرکردنی نەیار ئەرکێکی ئایینی بوو. هەر ئەو سەردەمە و لە هەمان خێڵ، (بن سەعید)ێکیش پەیدابوو، هەمان بۆچوونی ئەبوو مەنسووری هەبوو، دەسەڵات هەر دوو گرووپەکەی سەرکوت کرد. ئەو دوو گرووپەش بە هەمان شێوە قوربانییەکانییان دەکوشت، گرووپی یەکەم بە پەت قوربانییان دەخنکاند و گرووپی دووەم بە کوتەک لە سەری قوربانییان دەدا. لایەنی هاوبەش لە نێوان ئەو دوو گرووپە و ئیسماعیلییەکاندا، هەم ڕەتکردنەوەی شەریعەت و هەم تیرۆرکردن بوو بە هەمان ئامێر.
کە سەروەختی سەرکەوتن دێت
کە بەخت یاوەرمان دەبێت
یەک جەنگاوەری پیادەمان
ترس دەخاتە نێو دڵی پاشایەکەوە
خاوەنی سەد هەزار سوار بێت
ئەوە شیعری شاعیرێکی بەنگکێشە کە (پیری شاخ)یان، لێ نەدەگەڕا خوێنی کەسیان بەبێ دەستکەوتێکی گەورە بڕژێت. حەسەن ئەلسەباح هەم ڕێکخستنێکی پۆڵایینی هەبوو، هەم فیکر، ئاخر ئەوە فیکر بوو، وای دەکرد بەنگکێش سڵ لە مەرگی مسۆگەر نەکاتەوە. بۆ ئەو سەردەمە بێجگە لە ئایین، هیچ فیکرێکی دیکە بۆ سڵنەکردنەوە لە مردن، گونجاو نەبوو. بەنگکێشان، هێندە نەترسانە بەرەو ڕووی مەرگ دەبوونەوە، وەک ڕەمزی باوەڕ و قوربانیدان ناوبانگیان دەرکردبوو، نەک وەک سیمبۆلی تیرور و کوشتن. بەنگکێشان کۆمەڵێک بکوژ و تیرۆریست نەبوون و هیچی دیکە، بەڵکوو بانگخوازی خەنجەر لە مست بوون و ئامانجیان دامەزراندنی ئیمامەتی ڕاستەقینە بوو. ئەوە جێی بڕوا نییە، ئامێر بووبێتن بۆ بەجێگەیاندنی خواستی کەسانی دیکە. هاوکاریی نێوان (سینجار)ی سوڵتانی سەلجووقی لەگەڵ بەنگکێشاندا، بۆ دژایەتیکردنی داگیرکارە بتپەرستەکان بوو. بەنگکێشانیش بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی سوننە و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، سڵیان لە یارمەتیدانی ئەوانی دیکە نەدەکردەوە، بەڵام نە بەکرێگیراو بوون و نە دەبوون بە کوتەک بە دەستی هیچ لایەنێکەوە. ئەگەری ئەوەیش هەیە، بەد سوود لە ناوی بەنگکێشان وەرگیرابێت و هەندێک تیرۆریان وەپاڵ درابێت، بێ ئەوەی دەستی ئەوانی تێدا بووبێت.
بەنگکێشان لە دوو توێژ، خەڵکیان تیرۆر دەکرد، لە وەزیر و میر و فەرماندە، یان لە قازی و زانای ئایینی، هەمیشە قوربانییەکانیان لە کەسانی سوننە بوون، مەگەر بە دەگمەن لەو ڕێسایە لایان دابێت. هەوادارانی ئیسماعیلییەکان زیاتر خەڵکانی سەر بە چین و توێژە هەژارەکان بوون، جێی سەرنجە فەیلەسووفێکی گەورەی وەک ئیبن سینا (٩٨٠ – ١٠٣٧) و ناسر خەسرەوی (١٠٠٤ – ١٠٨٨) شاعیری ناوداریش سۆزیان بۆ ئیسماعیلییەکان هەبوو.
ئیسماعیلییەکان هەموویان فارس نەبوون، تورک و عەرەبیشیان تێدابوو. دەڵێن بزووتنەوەی بەنگکێشان جەنگی قەڵاکان بوو دژی شارەکان، شەڕی گوند بوو دژی شارستانیی شار، وەک شەڕی بارۆنەکانی ئەورووپای سەدەکانی ناوین وابوو، بەڵام ئیسماعیلییەکان لە سەرەتاوە خاوەنی قەڵا نەبوون، قەڵایان داگیر دەکرد و دەیانکردە بنکەی خۆیان. نکووڵیی لێ ناکرێت، بزاڤی ئیسماعیلییەکان، هەرچەندە تووشی نسکۆ هات بەڵام هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بوو، بۆ سەر سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی. بزووتنەوەکە درێژەپێدانی زنجیرەیەک بزاڤی میللیی دیکە بوو کە پشتیان بە زەبروزەنگ دەبەست. بزاڤێک بوو، نواندنی زەبروزەنگ لەکنی ئەوەندە ئامانجدار و ڕێکخراو بوو، وەک فیکری لێ هاتبوو.
(*) برنارد لویس، فرقە الحشاشین، مژهب رادیکالی فی ألإسلام، ترجمە: ألیاس فرحات، دار الرایە البیچاء ١٩٩٣ بغداد.