سەروەت و سامان بەیە سەدەقە کەمناکا

عومەر چنگیانی

لە هەموو ئان و ساتێک نەخاسمە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز گۆڕەپان و شوێنی بیرهێنانەوەی دەقەپیرۆزە قورئانیی فەرموودە پڕ لە هاندانەکانن تا بدرێنەوە بەگوێی مسوڵماناندا سا بەڵکو ببنە هاندەری کاریگەر بۆ ئاوڕدانەوە لە هەژاران کە لە ئێستادا ڕێژەیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و ستەمە یەک لەدوای یەکەکانی دەستخستنە بینەقاقای خەڵک و گاڵتە کردن بە هۆکارەکانیی بژێویی ژیان و قوتی خەڵک کردنە هۆکاری یەکلاکردنەوەی ململانێیە سیاسییەکان، خەریکە لە گرێژەنە دەرچێ، هەربۆیە لە بۆردی باڵای ئامادە کردنی گوتاری هەینی هەفتەی ڕابردوو بە ئەرکی ئایینی خۆمان زانی لەڕێگای دوانگەی مزگەوتەکانی کوردستانەوە تیشک بخەینە سەرئەو بابەتە و سەرەتا بە ئایەتی سەد و سێی(تەوبە)دەستمان پێ کرد کە خوای گەورە ڕووی گوتاری دەکاتە پیغەمبەری خۆشەویستمان محەممەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – ودەفەرمێت: (هەندێک لە سامانەکانیان لێ وەربگرە و – ببینن وەربگرە بە سیغەی فەرمان و توند – وەک ئەرک و خێر و مافیش لە هەمان کاتدا، بەڵکو بەو کارەی تۆ پاکببنەوە و ببێتە مایەی بڵند بوونەوەی ئاستی کەسایەتییان، دوعایشیان بۆبکە کە دوعای تۆ بۆئەوان دڵارامی بەخشە الله لەهەموان بیسەرتر و زاناترینە).هەروەها پێغەمبەرمان – صلی الله علیه وسلم – دەفەرموێ: (هەرگیز هیچ ماڵێک بە خێر و زەکات لێ دەرکردن کەم ناکات)مسلم:٢٥٨٨).
سەدەقە کردن و بەخشینی ماڵ لە پێناوی خودای گەورە ڕەوشتێکی مەزن و خەسڵەتێکی مەردانەیە لە دینی ئیسلامدا، کە بەهۆیەوە خۆشەویستی و هۆگربوون لە ناو کۆمەڵگادا دێتە ئاراوە و ڕق و کینە لەنێوان دەوڵەمەن و هەژار نامێنێ، سەدەقە کردن بەڵگەی خێری دنیا و دواڕۆژە، مسوڵمان بەهۆی سەدەقە کردنەوە ئەرکی سەرشانی دەرهەق بە ماڵ و سامانی جێبەجێدەکا .
تەوەری یەکەم : ماڵ و سامان موڵکی خودایە :
ئێمە هەرچیەکی کە هەمانە لەخوداوەیە، یەکێک لە نیعمەتە مەزنەکانی خوا بەسەر بەندەکانیەوە نیعمەتی ماڵ و سامانە، کە هۆکارێکە بۆ ژیانێکی خۆش و گوزەرانێکی باش، خاوەنی ماڵ و سامان دوو ئەرکی لەسەرە :
یەکەم : دەبێ یەقینی هەبێ کە ئەو سامانەی هەیەتی موڵکی خودایەو ئەمانەتە لای ئەو دانراوە، ئەگەر لە خێر بەکاریهێنا پاداشت وەردەگرێ، وەگەر لەشەڕ بەکاریهێنا سزا وەردەگرێ .
دووەم : لەکاتی پێدانی زەکاتی ماڵی خوا بەهەژاران ئاگاداربێ هەستی هەژاران بریندار نەکرێ بە ووشە و ەفتاری نەشیاو چونکە خێرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، یان بڕوا هەتکی کەرامەتی فەقیر بکا چونکە بەتاوان لەسەری دەنوسرێ .
سێهەم : لەسەروەت و سامانی مسوڵمانی هەندێ سەدەقە واجبە ئەبێ بیدا وەکو زەکات و سەرفیترە، وەهەندێ سەدەقە دیاری نەکراوە ئەوکات بەگوێرەی یامانی خێرکەر و کەسە موحتاجەکەیە .
تەوەری دووەم : زەکات گەشە و ڕزگاریە : دوو شت هەیە پێویستە بیزانین لە کاتی دەرکردنی زەکاتدا .
یەکەم : زەکات گەشەیە : دەرکردنی زەکات بەو شێوازەی شەریعەت فەرمانیداوە هۆکارە بۆ بەرەکەت و گەشەی ماڵی زەکاتدەرەکە ئەمە پێچەوانەی بۆچونە شەیتانیەکانە کە بەهۆی زەکات ماڵ و سامان کەمدەکا، خودای گەورە ئاگادارمان دەکاتە لەو جۆرە فێڵانەی شەیتان.
دووەم : زەکات ڕزگاریە : دەرکردنی زەکاتی پارەوپول ڕزگاریە بۆ خاوەنەکەی لەدونیاو لە قیامەت، هەم ئەرکی خودای بەجێهێناوە هەمیش یامەتی هەژارانیداوە بۆ جێبەجێکردنی پێداویستیەکانیان، بۆیە ڕزگاری دەبێ لە دونیاو لە قیامەت .
ماناو واتای زەکات بریتیە لە یارمەتیدانی هەژارێک بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێ بەمەرجێک ئەم زەکاتە نەبێتە مایەی تەمبەڵی و دانیشتن و کارنەکردن و دەرۆزەکردن.
بڕی زەکات بەپێی لێژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە :
١- بڕی پارە نیسابەکەی (2،100،000) بێ و، ساڵی بەسەردا سورابێتەوە، پێویستە لەسەر خانەوادەکەی لە هەر ملیۆنێک (25000) زەکاتی لێدەکەوێ .
٢- بڕی سەرفیترە و فدیە بۆ ئەمساڵ بریتیە لە (2500) دینار بەلایەنی کەم .
تەوەری سێهەم : گەورەیی دە شەوی کۆتایی .
لیلە القدڕ له دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزانە، هەروەک لە فەرمودەدا هاتوە : بەشی زۆری ئەم مانگە پیرۆزە ڕۆیشتوەو کەمێکی ماوە، لەو کەمەی ماوە هەوڵ و کۆشش و پەرستشی زیاتر و زێتر ئەنجامبدەن و چونکە خەیر لە کۆتاییدایە، پێغەمبەرمان صلی الله علیه وسلم – لەم دە شەوەدا خۆی ماندوو دەکرد بە پەرستش زیاتر لە هەر مانگێکی دیکە.

ھەواڵی زیاتر