یەکەمین مانیڤێستی هەڵبژاردن و دەریچەیەک بۆ گرفتەکانی ئێستا

سالار عوسمان

بەشی پێنجەم

پەنجابەپەنجا، هەم چارەسەر و هەم گرفت!..
وەک پێشتر باسم کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی هێنا، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ کە پێکەوە هاوپەیمان بوون و بە لیستێک دابەزی بوون ـ ڕازی نەبوون بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، یەکەمین قەبووڵنەکردن لە پڕۆسەی دیموکراسیی هەڵبژاردن دەستی پێکرد و ئاوێکی خراپ ڕژا، بۆ ئەوەی ئەو ئاوە خراپە ڕژاوە زۆر نەڕوا و گرفت بۆ یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی دروست نەبێت و پەرلەمان بێتە ئاراوە و حکوومەت دروست بێت و قەوارەی هەرێمی کوردستان سەرپێ بکەوێت، سەرۆک بارزانی و پارتی قەبووڵیان کرد لەگەڵ یەکێتی وەکیەک بن و، ئەوەبوو پەنجابەپەنجا بووە واقیع، بووە چارەسەر، بووە جۆرێک لە تێگەیشتی سیاسی بۆ پێکەوەژیانی ئەو دوو حزبە، کە پێشتریش لە شاخدا شەڕی نێوخۆییان کردبوو و ئەزموونی بەرەی کوردستانیشیان تاقیکردبۆوە، کە ئەوەی یەکەم بەرهەمی خراپ و ئەوەی دووەم بەرهەمی باشی لێکەوتبۆوە و شاهێدەکانیش ماون و دەگێڕنەوە، کە زەمەنی شەڕی نێوخۆی شاخ زەمەنێکی قێزەونی خوێنبەدامەنی شەرمهێنە و هی دوای ڕاپەڕین و شار خراپتر و، زەمەنی بەرەی کوردستانیش زەمەنی تەبایی و ئەناقەی نەفسیی سیاسی و کۆکردنەوەی پشتیوانیی دۆستان و بەرهەمدارییە، کە ڕاپەڕین یەکێکیانە.
پەنجابەپەنجا چارەسەر بوو، لە سایەیدا ئەزموونەکە هەنگاوی گەورەبوونی نا، بەڵام بەداخەوە زۆری نەخایاند، دیسان نەخۆشییە مێژووییەکەی کورد: (ناکۆکی) سەرخستەوە نێو گیانی کورد و، دیواری یەکەمین حکوومەتی کوردستانی لەو بەشەی کوردستان درز تێخست و، گەندەڵ و پیسخۆر و هیچپێنەبوو و مەراییکەر و بازرگانانی شەڕ درزەکەیان گەورەتر کرد و، بە داخی زۆرەوە گەیشتە شەڕی نێوخۆ، کە بەندە ئەو کات هەم ڕۆژنامەنووس و هەم بەرپرسییەتی تەلەڤزیۆنی گوڵانم هەبوو، کە ئاگەداری مار و مێرووی ئەم قۆناغەم و بەشێک لە بەڵگەکانیشم لان و، خەڵکێکی زۆریش شاهێدی دیمەنە تاڵەکانی ئەو ڕۆژە تاڵانەن و، کورد گوتەنی: توناوتوون بچن و نەیەنەوە!..
دیارە ئێستا کاتی ئەوە نییە هەڵسەنگاندنی ورد بکەیت و ڕوونی بکەیتەوە کێ ڕاست و کێ هەڵە بوو، مەرەمیش لەم نووسینەدا ئەوە نییە، تەنێ مەرەم ئەوەیە بڵێین : پەنجابەپەنجا وەک چارەسەر هات و وەک گرفت مایەوە، چونکە لەوێوە ئەنجامی دەنگدان، ئەنجامی دیموکراسی، ئیرادە و دەنگ و هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی جەماوەر، کە دەنگ و ڕەنگ و سەنگ و زەنگی ڕاستەقینەیە تا ڕاددەیەک بێ ئەرزش کرا.
من پێموایە، دوای سی و سێ ساڵ، دوای ئەو هەموو خەنی و خەمە، دوای ئەو هەموو ژێری و ژوورییە، کاتی ئەوە هاتووە، زۆر نا، کەمێک بێ موجامەلە قسە بکەین و بئاخڤین و بنڤیسین و هەڵسەنگاندن بکەین، بۆیە پێموایە بۆ لەمەدوا دەبێ (دوو) شت بکەین:
یەک ـ تەبایی دروست بکەین و، ڕێک کلیلی چارەسەرە، بەڵام دەبێ تەبایی سیاسی بنەمای هەبێ، کۆڵەگەی ڕاگری هەبێ، میساق و عەهد و پەیمان و پێبەندیی هەبێ، کە ئەویش کوردستان و ئامانجە گەورەکانییەتی، قەوارە و حکوومەتەکەیەتی، کە هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە و دەبێ بە قازانجی گەل و هاوڵاتی و ژیانی باش و پێشکەوتن بشکێتەوە.
کێ لەو بنەمایانە لایدا، واتە کێ زیانی بە کوردستان، ئامانجە گەورەکان، قەوارە، حکوومەت، هاوڵاتی، ژیان و پێشکەوتن گەیاند سزا بدرێت و، ئیتر باش و خراپ نەیەنە یەک تەرازوو، کە ئەمەش بۆ هەرێمێکی وەک کوردستان و لەم زەرف و زەمەن و زەمین و زیهنییەتە، تەنیا بە هەڵبژاردن دەکرێت.
دوو ـ دەبێ هەڵبژاردن بکەین، بەڵام دەبێ ڕێز لە گەل، لە دەنگدەران، لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگێرێت، هەڵبژاردنێک، وەک سەرۆک بارزانی لە یەکەمین مانیڤێستی هەڵبژاردن لە شاری کۆیە لە 22 ی ئاداری ساڵی 1991 لە گوتارە مێژووییەکەیدا داوای کرد و دوای سی و سێ ساڵیش هەر هەمان داوا و مەتڵەبی دیموکراسییانەی سەرۆک بارزانی لە بەیاننامەکەی ڕۆژی 18ی.ئەم مانگەی مەکتەبی سیاسی دووپاتکرایەوە، کە دەبێ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف بێت و، گەل و جەماوەر بڕیار بدەن نەک خەڵکی تر !!…
ـــــــــ
ماویەتی