هەڵوێستی پارتی بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان

سەگڤان هالۆ

بەر لەوەی ناوەڕۆکی بابەتەکەم دەست پێبکەم بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە هەڵوێستی پارتی و بارزانی بۆ مانەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەم عیڕاق خاوەن ئیڕادەیەکی سیاسیی سەربەخۆ نییە و لەژێر کاریگەریی ئەجندای دەرەکیدایە، هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی ئەو ئەجندا سیاسییە دەرەکییەدا نەبێت جێبەجێ ناکرێت. بێ گوێدانە ڕێککەوتنە سیاسیی و بنەماکانی دەستووری هەمیشەیی ئەم وڵاتە. بەڵام پارتی و بارزانی هیچ کات نەچوونەتە ژێر باری ئەو ئەجندایە و میلیشیا و دارودەستەکانی و بە هەموو هێز و توانایەکەوە بەرگری لە پاراستنی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەکەن.
پارتی زۆر باش مەرامی داگیرکەران و ناحەزانی ناوخۆ و دەرەوەی خوێندووەتەوە و لە مەبەستیان تێگەیشتووە، کە ئامانجیان تەنها نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. شایانی باسە، پارتی و بارزانی لە پەیامی سیاسیی خۆیاندا، کە لە ڕێگەی دەرکردنی بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی بە ڕای گشتی و هەموو لایەکیان گەیاندووە، ئاماژەیان بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن نەکردووە، بەڵکو وەک ئاگادار کردنەوەیەک، کە ئەگەر بێت و دادگەی باڵای بەناو فیدراڵی عیڕاق بەردەوام بێت لەم هەموو پێشێلکارییە دەستووریانەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەری دەکات، ئەو کات نەک هەر بەشداری ناکات لە پڕوسەی هەڵبژاردن کە بڕیارە لە 10حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت بەڵکو بژاردەی تریشیان دەبێت لە داهاتوودا.
پارتیمان هەرگیز ناچێنە ژێر باری ئەو بڕیارانە و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکەوە، کە بەشێوەیەکی نادەستووری دەیانەوێت بیسەپێنن بەسەر ئیرادەی سیاسیی گەلی کوردستاندا.
پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی و جەماوەر، بە درێژایی قۆناغەکان تاکو ئەمڕۆ لە یەک سەنگەردا بوونە و دەبن و متمانەی تەواویان بە جەماوەری خۆیان هەیە و سەرچاوەی هێز و ئیرادە بە هێزەکەی پارتی و بارزانی لە جەماوەری کوردستانەوەیە.
پارتی لە پڕۆسەی سیاسی عیڕاق نەکشاوەتەوە و بەیاننامەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە و، دەڵێت: لایەنە بەشدارەکان لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی گەر بەردەوامبن لە جێبەجێنەکردنی بەرنامەی سەرۆکوەزیرانی عیڕاق و ڕێککەوتنە سیاسییەکان بە هەند وەرنەگرن چیتر ناتوانین ئەمە قەبووڵ بکەین و لەم پڕۆسەیەدا بەشدار نابین.
چونکە ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت دژایەتیکردنی زەقی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە کە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت.
لە ڕاستیدا هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێگەگرتنە لە دادگەی ئیتیحادی نافیدراڵی بۆ ئەوەی سنوورەکانی خۆی نەبەزێنێت، چونکە خۆی بووەتە جێگرەوەی پارلەمانی عیڕاق و پارلەمانی کوردستان و حکوومەت و بە ویستی خوی ئاو دەکاتە ئاشی داگیرکەرانی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دیموکراسیخوازە و بە درێژایی قۆناغەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان باجی داوە لەپێناو چەسپاندنی کولتووری دیموکراسی لە عیڕاقدا.
ئەمەش هەرس ناکرێت لە لایەن ئەقڵیەتی شۆڤینی عیڕاقەوە بۆیە دەیانەوێت بە هەموو شێوەیێک گورز لە دیموکراسیەت بوەشێنن و سروشتی دەوڵەتی عیڕاق بە تەواوی بەرەو مەرکەزیەت و تاکڕەوی ببەن. شتێکیش نەهێڵن بە ناوی سیستەمی فیدڕاڵی لەم وڵاتەدا.
پارتیمان زۆر بە باشی و بە جوانی مەرامی ناحەزانی هەرێمی کوردستان تێدەگات، ئەم هەڵوێستەی پارتی و باررانی لەپێناو پاراستنی هەرێمی کوردسنانە لە ئەجندایێکی سیاسی وڵاتێکی هەرێمی و دەست و پەنجەکانی لە عیڕاق و نێوخۆی کوردستاندا.
لە کۆتاییدا دەڵێین: دادگەی بە ناو فیدڕاڵی کە لە هەمان کاتیشدا دادگەیەکی نادەستوورییە دەبێ ڕێگری لێ بکرێت و سنوورێکی بو دابنرێت نابێ بڕیارەکانی دژی دەستووری هەمیشەیی عیڕاق و ڕێککەوتنە سیاسیەکان بن، چونکە پڕۆسەی سیاسیی عیڕاق بە گشتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دیموکراسیەت کە تەعبیر لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکات دەکەوێتە مەترسییەوە.
هەڵوێستی پارتیمانیش ئەم مانایە دەگەیێنێت کە دەبێ بنەماکانی دیموکراسیەت لە عیڕاقدا پارێزراو بێت وەک کەلتوور نەک ئەقڵی شوڤێنی خۆسەپێن.